شێرپەنجەی مەمك یەكێكە لە بڵاوترین جۆرەكانی شێرپەنجە لە ژنان و تیمێكی توێژەران گەیشتووەتە ئەو ئەنجامەی كە خواردنی جۆرە چەرەزاتێكی بڵاو یاریدەرە بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو جۆرە شێرپەنجەیە.
یارمەتی كەمكردنەوەی پەستانی بەرزی خوێن و هەوكردنیش دەدات
زانایان لە زانكۆی مارشاڵی ئەمەریكی ئاشكرایان كرد كە گوێز سەرچاوەیەكی دەوڵەمەندی چەورییە باشەكان و دژە ئۆكسێنەرەكانە و یارمەتی كەمكردنەوەی پەستانی بەرزی خوێن و هەوكردنەكان دەدات، وەك ماڵپەڕی زانكۆی "مارشاڵ"ی ئەمەریكی بڵاوی كردەوە.
لە ئەنجامی تاقیكردنەوەكانی تاقیگەیی لەسەر مشكی تاقیگە دەركەوت كە خواردنی بەردەوامی گوێز و كردنی بە بەشێك لە سیستەمی خۆراكی رۆژانە، تا رادەیەكی زۆر رێگری لە دروستبوونی گرێ لەو مشكانە دەكات كە لەرووی بۆماوەییەوە پرۆگرامسازیان بۆ تووشبوون بە شێرپەنجەی مەمك بۆ كراوە، هاوكات گوێز هەمان كاریگەریشی بۆ سەر لەشی مرۆڤ هەیە، بەتایبەتی كاتێك توێژەران بەدوو قۆناغ تاقیكردنەوەی كلینیكیان بۆ چەند ژنێكی تووشبوو بە شێرپەنجە كرد.
زانایان بۆیان دەركەوت كە ئەو نەخۆشانەی گوێزیان خواردووە، پێكهاتەی 456 جینیان لە گرێی شێرپەنجەی مەمكیان گۆڕیوە و یارمەتی ئەوانی داوە بۆ چارەسەری لە رێگەی كوشتنی خانە شێرپەنجەییەكان و رێگرتن لە بڵاوبوونەوەیان بە بەراورد بە كۆمەڵەی دووەمی نەخۆشەكان.