ئاوێزان نووری /39 ساڵ/ ژنه شاعیر و چالاكی مه‌ده‌نی كه‌ركووك، یه‌كێكه له‌و ده‌نگه مێینانه‌ی ساڵانێكه له ئه‌ده‌بیاتدا ناوی هه‌یه. ئه‌و سێ به‌رهه‌می چاپكراوی هه‌یه و له‌م دیمانه‌یه‌ی "وشه"دا له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ددان به‌وه‌دا ده‌نێت كه كاری رێكخراوه‌یی كاتی بۆ نه‌هێشتووه‌ته‌وه. به‌ڵام خۆحشاڵه به‌وه‌ی زۆرینه‌ی ده‌قه‌كانی بۆ چه‌ند زمانێك هاتوونه‌ته وه‌رگێڕان.
پێناسه‌ت بۆ شیعر و نووسین چییه؟
پێناسه‌ی من بۆ نووسین به كورتی ئه‌وه‌یه كه به ئاراسته‌ی جیاواز فێری ڕوانینت ده‌كات، دیدگه‌ی جیاواز، ژیانێكی به‌رجه‌سته‌كراو له به‌رگی جوانی و ڕاستیدا، داڕشتنی خه‌ون و خه‌یاڵ و هێنانه گۆی زمانی شاراوه. نووسین دیوه شاراوه‌كانی خۆت و چوارده‌ور پێشان ده‌دات. شیعر موزیك و ئاوازی ڕۆح ئاشكرا ده‌كات. به‌گشتیی شیعر و نووسین تیماركردنی برینه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ن.
به چه‌ند زمان ده‌نووسیت و چه‌ند به‌رهه‌م و چه‌ند كتێبی شیعریت هه‌یه؟
ته‌نیا به كوردی زمانی دایك شیعرم نووسیوه، به‌ڵام له‌لایه‌ن شاعیر و وه‌رگێڕانی ئه‌ده‌بی كورد و عه‌ره‌ب و ئینگلیز و فارس، زۆرینه‌ی ده‌قه‌كانم هاتوونه‌ته وه‌رگێڕان بۆ سه‌ر زمانه‌كانی "فارسی، عه‌ره‌بی، ئینگلیزی، سویدی و فڕه‌نسی"، هه‌روه‌ها تا ئێسته سێ به‌رهه‌می چاپكراوم هه‌یه به‌ناوه‌كانی "به‌رسیله عیشقێ بۆ خودا"، "پاسه‌یه‌ك به كوچه‌كانی قه‌ده‌ردا" و "له جه‌سته‌ی گه‌ڵایه‌كدا ده‌مرم".
ته‌نیا به كوردی زمانی دایك شیعرم نووسیوه
له ساڵی 2008 نووسینێكم به‌ناوی "نامه‌كانی نامۆ" كرد به به‌رهه‌می ڕۆمان و بڵاو كرایه‌وه، به‌ڵام لای خۆم هه‌ڵموه‌شانده‌وه تا له ئاینده‌دا كاری جوانی تێدا بكه‌م و ببێته ڕۆمان، چونكه نه‌مویست وه‌ك ڕۆمان بخوێنرێته‌وه، له‌بری شوێنی بابه‌ت، خوێنه‌ر خۆی بڕیاری بدایه نووسینه‌كه لای ئه‌و چی ده‌گه‌یاند، به‌ڵام كه له چاپخانه به ڕۆمان بڵاو كرایه‌وه و دوای پێداچوونه‌وه و خوێندنه‌وه‌ی خۆم، بڕیارم دا بڵاوی نه‌كه‌مه‌وه و هه‌ڵیوه‌شێنمه‌وه.
ژینگه و دۆخه جیاوازه‌كانی كه‌ركووك تا چه‌ند كاریگه‌ری هه‌بووه بۆ سه‌ر نووسینه‌كانت؟
دۆخی كه‌ركووك به هه‌موو باره ناله‌بار و جیاوازییه‌كانیه‌وه، كاریگه‌ری ئه‌رێنی و نه‌رێنیی هه‌بووه له‌سه‌ر نووسین و خه‌یاڵه‌كانم، چونكه كه‌ركووك له مێژوودا هه‌میشه‌ش قوربانی ده‌سه‌ڵات و سیاسه‌ت و مه‌نزڵگه‌ی ناكۆكی بووه به‌هۆی ئه‌و زێڕه ڕه‌شه‌ی بۆ میله‌ته‌كه‌ی خۆی بووه‌ته قوڕ.
له شیعره‌كانتدا باسی ئازار و مه‌ینه‌تی ژن و یاخیبوون ڕه‌نگدانه‌وه‌ی هه‌بووه، خۆت چی ده‌ڵێ؟
من كه ده‌نووسم ده‌مه‌وێ وه‌ك ژنێك بنووسم، بێگومان ژننووسیی یاخیبوون له‌خۆ ده‌گرێت به‌رانبه‌ر كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی موجامل و نایه‌كسان، هه‌رچه‌نده شیعر بۆ شیعر ده‌نووسرێت و ڕه‌گه‌ز نییه بۆ جیاكردنه‌وه، به‌ڵام ژن و پیاوێك كه ده‌نووسن، خه‌یاڵ و هه‌ناسه‌ی نووسینیان جیایان ده‌كاته‌وه.
له ڕووداوه‌كانی 16ی ئۆكتۆبه‌ر برایه‌كت خۆبه‌خشانه له‌گه‌ڵ پێشمه‌رگه به‌رگری له كه‌ركووك ده‌كرد و دواتر به برینداری كه‌وته ده‌ست حه‌شدی شه‌عبی، چاره‌نووسی چی به‌سه‌ر هات و تا چه‌ند كاریگه‌ریی به‌سه‌رته‌وه هه‌بووه؟
براكه‌ی من به‌رگری له شه‌ره‌ف و كه‌رامه‌تی كورد و كه‌ركووكییه‌كان كرد، حه‌یف و مخابن به برینداری كه‌وته ده‌ست حه‌شدی شه‌عبی، له ده‌رگه‌ی هه‌موو لایه‌نه كوردییه‌كانمان دا بۆ ئه‌وه‌ی چاره‌نووسی براكه‌مان بزانین و هاوكاریمان بكه‌ن، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌م كه ده‌سه‌ڵاتی كوردی پشتی له برا كوردپه‌روه‌ر و پێشمه‌رگه‌كه‌م كرد و گرتووخانه بووه ماڵی ئێسته‌ی، هه‌روه‌ها برینداربوون و ئازار و حوكمی براكه‌م و له‌ده‌ستدانی قاچی ڕاستی كه وه‌ك یاریزانێكی تایكواندۆ ده‌یان مه‌دالیای سه‌ركه‌وتنی وه‌رگرتبوو، وای لێ كردم بۆ تاهه‌تایه هیچ ئومێدێكم به ده‌سه‌ڵات و سیاسه‌تی كوردی نه‌مێنێ.
بێگومان برینداربوون و تۆمه‌تباركردنی براكه‌م له‌لایه‌ن توركمان و حه‌شدی شه‌عبییه‌وه، كاریگه‌ری زۆر نه‌رێنی بۆ سه‌ر هزر و خه‌یاڵه‌كانم دروست كرد.
جگه له ئه‌ده‌بیات، ڕۆژانه به چ شتێكی تره‌وه سه‌رقاڵیت؟
ماوه‌ی 14 ساڵه له ڕێكخراوێك كار ده‌كه‌م بۆ پرسی ژن و زۆربه‌ی كاته‌كان له‌وێم، به‌داخه‌وه كاتی نووسین و خوێندنه‌وه‌ی بۆ نه‌هێشتووم، به‌ڵام هه‌موو ئه‌و چیرۆكانه‌ی دێنه سه‌نته‌ره‌كه‌مان، هه‌ریه‌كه‌یان خۆیان ڕۆمانێكن.
وشه/ دیمانه‌ی محه‌مه‌د جه‌مال