بەهۆی کۆرۆنا دەیان ملیار دۆلار زیان بەر ئەپڵ دەکەوێت

:: AM:09:35:20/02/2020 ‌

کۆمپانیای ئەپڵ هۆشداری داوەتە پشکدارەکانی کە بە هۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە بە تەواوی کەوتووەتە ژێر کاریگەرییەوە. کۆمپانیاکە گەورەترین کارگەی بەرهەمهێنانی لە چین هەیە و ناتوانێت وەک جاران لە بەرهەمهێنان بەردەوام بێت.

کۆمپانیای ئەپڵ جگە لەوەی کە بەشێکی زۆر لە پڕۆسەی بەرهەمهێنانی مۆبایلی لە ئەمەریکاوە بۆ چین گواستووەتەوە لە هەمان کاتدا فرۆشی بەرهەمەکانیشی لە چین بەرزە و لە سێ مانگی کۆتایی ساڵی رابردوو بە بەهای 13 ملیار دۆلار بەرهەمەکانی خۆی هەر لە نێو چین ساغ کردووەتەوە.
بەهای پشکەکانی ئەپڵ دەگاتە تریلیۆنێک و 300 ملیار دۆلار

بەگوێرەی "رادیۆ فەردا" چین لە دوای ئەمەریکا و ئەوروپا بە گرنگترین بازاڕی بەرهەمەکانی ئەپڵ هەژمار دەکرێت. پشکەکانی ئەپڵ لە دوو رۆژی رابردوودا 2.4% دابەزیوە و کۆی بەهای پشکەکانی کۆمپانیاکەش دەگاتە تریلیۆنێک و 300 ملیار دۆلار و ئەوەش دەری دەخات دەیان ملیار دۆلار زیان بەر ئەم کۆمپانیایە گەیشتووە.

ئەپڵ گوتوویەتی چالاکییەکانی خۆی لە چین تا رادەیەک دەست پێ کردووەتەوە بەڵام تا گەیشتن بە دۆخی پێش بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا کاتی زۆر زیاتری پێویستە.

ژمارەی حاڵەتەکانی مردن بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا دوو هەزار کەسی تێپەراندووە و ڤایرۆسەکەش کاریگەریی لەسەر کۆی ئابووری جیهان هەبووە.




وشە - سلێمان تاشان