بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە پارێزگایەکی ئێران پشوو راگەیەنرا

:: AM:10:30:20/02/2020 ‌
شەوی رابردوو وەزارەتی تەندروستی ئێران گیانلەدەستدانی دوو هاووڵاتیی بە ڤایرۆسی کۆرۆنا پشتڕاست کردەوە و بۆ رێگری لە تەشەنەکردنی ئەو ڤایرۆسە پشووی لە سەرجەم قوتابخانە و دامودەزگاکانی پارێزگای قوم راگەیاند.
ژمارەی تووشبووانی کۆرۆنا لە قوم زیاتر لە 21 کەسە

ئەمڕۆ پێنجشەم 20ی شوبات، ماڵپەڕی فەرمی کۆماری ئیسلامی ئێران "ئیرنا" بكڵاوی کردووەتەوە، بۆ رێگری لە تەشەنەکردنی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە سەرجەم ناوەندەکانی خوێندن و دامودەزگاکانی پارێزگای قوم پشووی فەرمییە.

زیاتر روون کراوەتەوە، کۆمیتەی نەخۆشییە ڤایرۆسییەکانی وەزارەتی تەندروستی داوای کردووە، بۆ دڵنیابوون لە تەشەنە نەکردنی ئەو ڤایرۆسە کوشندەیە لە پارێزگای قوم پشوو رابگەیەنرێت.

ئێوارەی دوێنێ چوارشەم وەزارەتی تەندروستی هەواڵی تووشبوونی دوو هاووڵاتیی بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لەو پارێزگایە راگەیاند و گوتی، لەکۆی 21 پشکنین ئەنجامی دوو کەسیان ئەرێنی بووە و ئەوانی تریش لە چەند رۆژی داهاتوودا رادەگەیەنن.

بەڵام چەند سەعاتێک دوای ئەو راگەیەنراوە، وەزارەتی تەندروستی ئێران بە فەرمی هەواڵی گیانلەدەستدانی دوو تووشبووەکەی راگەیاند.

میدیاکانی ئێران باس لەوە دەکەن، ژمارەی تووشبووانی ئەو ڤایرۆسە زۆر لەو ژمارەیە زیاترە کە لە راگەیەنراوە فەرمییەکان باس دەکرێت، هەفتەی رابردوویش رۆژنامەی ئێران گیانلەدەستدانی ژنێکی 65 ساڵانی لە نەخۆشخانەیەکی تاران راگەیاند کە یەک لەو 11 تووشبووانە بووە کە لەو نەخۆشخانەیە خەوێندراون، وەزارەتی تەندروستی ئەو هەواڵەی رەت نەکردەوە و ئاماژەی بەوە دا کە بەدواداچوون بۆ بابەتەکە دەکەن.


وشە - هیدایه‌ت جان