ئێران بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا لە خەڵک دەشارێتەوە

:: PM:12:25:20/02/2020 ‌
دوای راگەیاندنی دوو حاڵەتی مردن بە هۆی کۆرۆنا لە شارێکی ئێران، ترس و دڵەراوکێی خەڵک زیاتر بووە و باس لەوە دەکرێ حکوومەتی ئێران هاوشێوەی چەند رووداوێکی تر، بڵاوبوونەوەی کۆرۆناشی لەبەر هۆکاری سیاسی و ئابووری لە خەڵک و میدیاکان شاردبێتەوە.

رۆژی چوارشەم  19ی شوباتی 2020 ماڵپەڕی فەرمی حکوومەتی ئێران "ئیرنا" رای گەیاند لە قوم دوو کەس بەهۆی کۆرۆنا گیانیان لەدەست داوە. دکتور محەمەد رەزا قەدیر سەرۆکی زانکۆی پزیشکیی قوم لەگەڵ راگەیاندنی حاڵەتی مردن بە هۆی کۆرۆنا گوتی، پێویست ناکات خەڵک دەمامک بپۆشێت و دۆخەکە مەترسیدار نییە.

ئەگەر لە وڵاتێک دوو کەس بەهۆی کۆرۆنا مردبن دەبێت چ ژمارەیەکی تر هەڵگری ئەم ڤایرۆسە بن کە یان نازانرێت چەندە یان حکوومەت دەیەوێت ژمارەکە بشارێتەوە.

بە گویرەی GISSANDATA.MAPS لە وڵاتێکی وەک ژاپۆن تا ئێستە یەک کەس بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا گیانی لەدەست داوە. حکوومەتی ئەو وڵاتە بە فەرمی رای گەیاندووە کۆی ژمارەی تووشبوو بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە وڵاتەکەی 85 کەسە. لە هۆنگ کۆنگ دوو حاڵەتی مردن تۆمار کراوە لە کاتێکدا ژمارەی تووشبووان 65 کەسە. لە ئەڵمانیا 16 کەس تووشی ڤایرۆسەکە بوون بەڵام هیچ حاڵەتێکی مردن رانەگەیەنراوە.

لە دوای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە چین، هەر زوو وڵاتانی جیهان رێوشوێنی نوێیان گرتەبەر و ویستیان رێگە لە گواستنەوەی ڤایرۆسەکە بۆ وڵاتەکانیان بگرن بەڵام پەرەسەندنی پێوەندییەکان ئەمەی کردووەتە شتێکی ئاستەم.

لە رۆژهەڵاتی ناوەراست بۆ یەکەم جار لە ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی حاڵەتی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا راگەیەنرا  و دواتر لە میسر حاڵەتەکە راگەیەنرا. زیاتر لە 30 وڵاتی دنیا حاڵەتی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا راگەیەنراوە.

بە سەیرکردنی ئەم حاڵەتانەی سەرەوە بۆمان دەردەکەوێت ژمارەی تووشبووانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئێران دەبێت بگاتە دەیان کەس.

پێویستە بگوترێت لە نێو تۆرە کۆمەڵایەتییەکانیش هاووڵاتیانی ئێرانی باس لەوە دەکەن دۆخەکە لەو وڵاتە مەترسیدارە و لەوانەیە تەنیا لە تاران سەدان کەس تووشی ڤایرۆسەکە بووبن بەڵام حکوومەت وەکوو پیشەی سەرەکی خۆی زانیارییەکان بە پاساوی جیاواز دەشارێتەوە.
ئێران پێشتر هۆکاری کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەیەکی ئۆکراینی شاردەوە کە بە هۆیەوە 176 کەس گیانیان لەدەست دا.


لە رابردوودا ئێران پێشتر هۆکاری کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەیەکی ئۆکراینی شاردەوە کە بە هۆیەوە 176 کەس گیانیان لەدەست دا.هەروەها دەگوترێ لە خۆپێشاندانەکانی پایزی رابردوو لە ئێران لانی کەم 700 کەس کوژراون بەڵام تاوەکوو ئێستە ئێران هیچ ئامارێکی لەم رووەوە نەخستووەتەڕوو.

پێویستە بگوترێت ئەو دووکەسەی لە ئێران بە هۆی کۆرۆنا مردن پێش ئەوەی بمرن پشکنینیان بۆ کرابوو بەڵام رانەگەیەنراوە تا ئەو کاتەی دوو کەسەکە گیانیان لەدەست دا.

جگەلەمە پێناچێت تەنیا ئەو دوو کەسە بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا گیانیان لەدەست دابێت بەڵکوو پێشتریش کەسانێکی تر بە هۆی کۆرۆنا گیانیان لەدەست دابێت بەڵام حکوومەت لەبەر کۆمەڵێک هۆکار پێی باش نەبووە زانیارییەکان  ئاشکرا بکات.

هەفتەی رابردوو رۆژنامەی "ئیران" بڵاوی کردبووەوە ژنێک کە گومانی لێ دەکرا تووشی نەخۆشیی کۆرۆنا بووبێت لە نەخۆشخانەیەکی تاران گیانی لەدەست دا.

ڤایرۆسی کۆرۆنا لە چینیش لە سەرەتای مانگی کانوونی یەکەمی ساڵی رابردوو بڵاو بووەوە بەڵام حکوومەتی چینیش زانیارییەکانی لە خەڵکی جیهان شاردەوە و دوای حەوت هەفتە دانی بەوەنا لە وڵاتەکەی ڤایرۆسێکی مەترسیدار بڵاو بووەتەوە.

گرنگترین هۆکار و دەرمان بۆ زیاتر بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا ئەوەیە رێگری لە گواستنەوەی بگیرێت، کاتێک حکوومەت و بەرپرسانی تەندروستی گوێ بەوە نەدەن نەخۆشێک ئاشکرا بکەن کە تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بووە،  خزم و کەسی نەخۆشەکەش نازانن نەخۆشەکەیان تووشی ڤایرۆسەکە بووە و وەک نەخۆشییەکی ئاسایی سەیری دەکەن و لەوانەیە ماچی بکەن و هیچ رێوشوێنێک بۆ رێگریکردن لە گواستنەوەی ڤایرۆسەکە نەگرنە بەر و کاتێکیش ڤایرۆسەکە لە کەسێکەوە بۆ چەندان کەس گوازرایەوە ئەوا زیاتر تەشەنە دەستێنێت و دواجار کۆمەڵگە گیرۆدە دەکات.

ئەوەی لە چین رووی دا نموونەیەکی حاشا هەڵنەگرە و بە گوێرەی دواین ئامارە فەرمییەکانی چین کە تەنانەت ئەمەشیان گومانی لێ دەکرێت 100% راست بێت، تاوەکوو ئێستە 75 هەزار و 727 کەس تووشی نەخۆشییەکە بوون و دوو هەزار و 128 کەس گیانیان لەدەست داوە و 16 هەزار و 446 کەسیش چاک بوونەتەوە.

هۆکاری ئابووری و سیاسی لە پشتی بەردەپۆشکردنی کۆرۆنایە
ئێران لەبەر کۆمەڵێک هۆکار حەزی نەکردووە حاڵەتەکانی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا ئاشکرا بکات. یەکەم بۆ ئەوە بووە پارێزگاری لە زیاتر داڕمانی ئابووریی وڵاتەکەی بگرێت و بە تایبەت وڵاتانی دراوسێ لە کڕینی بەرهەمەکانی بەردەوام بن. چونکە تەنیا ئەو سەرچاوەیەی بەدەستەوە ماوە و ئەگەر ئەوەشی بپچڕێت تووشی تەنگژەیەکی قووڵتر دەبێت.لە

لایەکی ترەوە رۆژانە بە هەزاران کەس لە گەشتیار بە تایبەتی لە وڵاتانی دراوسێ سەردانی ئێران دەکەن کە سەرچاوەی داهاتن بۆ ئەو وڵاتە و ئەگەر بزانرێت لەم وڵاتە حاڵەتەکانی کۆرۆنا زۆرن لەوانەیە گەشتیارانیش لە چوونیان بۆ ئێران پاشگەز ببنەوە.
 
هۆکارێکی تر ئەوەیە سبەی هەینی لەم وڵاتە هەڵبژاردنی پەرلەمانی بەرێوەدەچێت و وەک لە بانگەشەکانی هەڵبژاردنیش دەردەکەوێت رێژەی بەشداریی ئەمجارەی خەڵک زۆر نزم دەبێت. جگە لە هۆکاری سیاسی هەواڵی بڵاوبوونەوەی کۆرۆناش کاریگەریی زیاتر دەبێ لەسەر ئەوەی خەڵکی کەمتر بەشداری هەڵبژاردن بکەن.



وشە - سلێمان تاشان