ڤایرۆسی کۆرۆنا لە دوو پارێزگای تری ئێران راگەیەنرا

:: PM:01:32:20/02/2020 ‌
وەزارەتی تەندروستی ئیران ژمارەیەک تووشبووی تری ڤایرۆسی کۆرۆنای لە پارێزگاکانی مەرکەزی و مازەندەران راگەیاند، دوێنێش هەواڵی تووشبوونی چەند هاووڵاتییەک لە پارێزگای قوم راگەیەنرا.
لە هەردوو پارێزگای مەرکەزی و مازەندەران پێنج حاڵەت راگەیەنرا

ئەمڕۆ پێنجشەم 20ی شوبات، ئاژانسی فەرمیی ئێران "ئیرنا" هەواڵی تووشبوونی پێنج هاووڵاتی لە شارەکانی بابلی پارێزگای مازەندەران و ئەراکی ناوەندی پارێزگای مەرکەزی ئەو وڵاتە راگەیاند.

مستەفا جەوانیان، جێگری سەرۆکی زانکۆی پزیشکی بابل رای گەیاند، دوو تووشبووەکەی بابل ئێستە لە کەرەنتینەدان و لەژێر چاودێری چڕی پزیشکین.

ئەو بەرپرسە بەبێ ئەوەی ئاماژە بە ژمارەی گومانلێکراوان بدات گوتی، ژمارەیەک هاووڵاتی تر کە گوومانی تووشبوونیان لێ دەکرێت، پشکنینیان بۆ کراوە و ئێستە لە نەخۆشخانەی بابل خەوێندراون تا ئەنجامی پشکنینەکانیان دەردەچێت.

هاوکات، کیانوش جەهانپوور بەرپرسی پێوەندییە گشتییەکانی وەزارەتی تەندروستی ئێران ئاشکرای کرد، سێ هاووڵاتی لە ئەراکی ناوەندی پارێزگای مەرکەزی تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا هاتوون.

دوێنێ چوارشەم وەزارەتی تەندروستی ئیران هەواڵی تووشبوونی 21 کەس و مردنی دوو تووشبووی ڤایرۆسی کۆرۆنای لە پارێزگای قوم راگەیاند و ئەمڕۆ بۆ رێگری لە تەشەنەکردنی ڤایرۆسەکە سەرجەم قوتابخانە و دامودەزگاکانی حکوومەتیان کردە پشوو.

هاوکات، هەفتەی رابردوو رۆژنامەی ئێران هەواڵی تووشبوونی 11 هاووڵاتی و مردنی ژنێکی بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە نەخۆشخانەیەکی تاران راگەیاند، بەرپرسانی تەندروستی ئەو هەواڵەیان رەت نەکردەوە و تەنیا رایان گەیاند، بەدواداچوون بۆ بابەتەکە دەکەن.


وشە - هیدایه‌ت جان