دەروازەیەكی سنووری لەگەڵ ئێران بەهۆی كۆرۆناوە دادەخرێت

:: PM:02:30:20/02/2020 ‌

دوای ئەوەی لە میدیاكان بلاو كرایەوە كە ڤایرۆسی نەخۆشی كۆرۆنا گەیشتووەتە ئێران و بەوهۆیەوە دوو كەس گیانیان لەدەست داوە و ژمارەیەكیش تووشبوو هەن، سەرچاوەیەكی تەناهی لە پارێزگای بەسڕە رای گەیاند كە ژمارەیەك خۆپێشاندەر لەو پارێزگایە هەستاون بە داخستنی دەروازەی سنووری شەلامچە بۆ رێگرتن لە هاتنی هاووڵاتییانی ئێران بۆ ناو عێراق.
كۆرۆنا لە عێراق نزیك دەبێتەوە
چەند مانگێكە ڤایرۆسی كۆرۆنا لە چینەوە بەرەو زیاتر لە 30 دەوڵەتی دنیا تەشەنەی كردووە و بەو هۆیەوە تا ئێستە نزیكەی دوو هەزار كەس گیانیان لەدەست داوە و زیاتر لە 75 هەزار تووشبوو هەن، دوێنێ ئێران كە دراوسێی عێراقە و بەهۆی وابەستەیی تایفی خەڵكی ئەو وڵاتە لەگەڵ مەزارەكانی نەجەف و كەربەلا، ساڵانە ژمارەیەكی زۆری سەردانیكاریان روو لەو شوێنانە دەكەن، جیا لە پێوەندی و ئالوگۆڕی بازرگانی نێوان هەردوو وڵات.

لەوكاتەی دوێنێ وەزارەتی تەندروستی عێراق رای گەیاند كە هیچ حاڵەتێكی تووشبوون بە كۆرۆنا لە عێراق تۆمار نەكراوە، سەرچاوەیەكی تەناهی لە بەسڕە گوتی، ژمارەیەك خۆپێشاندەری ئەو پارێزگایە دەروازەی سنووری شەلامچەیان بۆ رێگرتن لە هاتنی هاووڵاتییانی ئێرانی داخستووە، ئەوەیش بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لەوێ.

هەر ئەمڕۆ فازڵ بدێری مەرجەعی شیعە داوای لە حكوومەتی عێراق كرد بە داخستنی سنوورەكانی لەگەڵ ئێران لەدوای تۆماركردنی دوو گیانلەدەستدان و تووشبوونی 27 كەسی تر بە ڤایرۆسی كۆرۆنا، لەوكاتەی شانەی باڵای تەنگژە لە عێراق كۆبوونەوەیەكی نائاسایی بەسەرۆكایەتی وەزیری تەندروستی تایبەت بەو پرسە ساز كرد.

لای خۆیەوە دەسەڵاتی فڕۆكەوانیی مەدەنی عێراق رەتی كردەوە كە بڕیاری وەستانی گەشتە ئاسمانییەكانی ئێران بەرەو عێراق درابێت، لەوكاتەی كەناڵی "بی بی سی"ی فارسی بڵاوی كردەوە كە 25 كەسی تووشبووی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە نەخۆرشخانەی قوم لە ئێران جیا كراونەتەوە و دوای ئەوە تووشبوونی دوو كەسی تر هاتە راگەیاندن.  






وشە - مه‌حموود ئیسماعیل