بە 70 ملیار دینارەکەی شاسوار عەبدولواحید 85 قوتابخانە دروست دەکرێت

:: PM:03:34:20/02/2020 ‌

 

ئەگەر شاسوار عەبدولواحید وەبەرهێنەری پرۆژەکانی نالیا، 70 ملیار دیناری قەرزەکەی بۆ حکوومەت بگەڕێنێتەوە دەتوانرێ دوو هەزار و 380 پرۆژەی شارەوانی جێبەجێ بکرێ.  بەم برە پارەیە دەتوانرێ 85 قوتابخانەی نوێ بنیات بنرێ یان 23 هەزار قوتابخانەی کۆنی پێ نۆژەن بکرێتەوە.

ئه‌مڕۆ پێنجشه‌م 20ی شوبات، دکتور جووتیار عادل گوته‌بێژی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ لێدوانێكی ڕۆژنامه‌وانی ڕای گه‌یاند، پابه‌ندن به‌ جێبه‌جێ كردنی یاسایی چاكسازی و هیچ كه‌سێك له‌ یاساكه‌دا به‌ده‌ر نییه‌. ئەو ئاماژەی بە شاسوار عەبدولواحید کردووە کە 70 ملیار دیناری حکوومەت قەرزدارە و بە هەوڵدان بۆ رێکخستنی خۆپێشاندان دەیەوێت خۆی لە قەرزەکان بدزێتەوە.

حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئەوەی لە ساڵانی تەنگژەی دارایی نەیتوانیوە وەک پێویست پارەی بەڵێندەران بۆ تەواوکردنی پڕۆژەکانی خزمەتگوزاری تەواو بکات، بڕە پارەیەکی زۆری لای وەبەرهێنەرەکانە کە ئەگەر لێی وەرگرتبانەوە ئەوا کێشەی زۆرێک لەو پڕۆژانەی چارەسەر دەکرد کە بە نیوەچڵی جێهێشتراون یان لەبەر دابین نەکردنی بودجە نەتوانراوە دەست بە جێبەجێکردن بکرێن.

یەکێک لە گرنگترین ئەو پڕۆژانە بریتین لە لە پڕۆژەکانی پەروەردە و ساڵانە لەگەڵ زیادبوونی ژمارەی قوتابیان پێویست بەوە دەکات خوێندنگە و قوتابخانەی نوێ لە شارەکان بکرێنەوە. بۆ نموونە سەرەتای دەستپێکردنی خوێندنی 2019-2020 بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی گوتی پێویستیان بە کردنەوەی 50 قوتابخانەی نوێ هەیە.
وەزارەتی پلاندانانی عێراق لە 2011ەوە یەک تریلیۆن دیناری رادەستی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەی کردووە بۆ ئەوەی هەزار و 220 قوتابخانە جێبەجی بکات. لەم راپۆرتە قسە لەسەر ئەوە ناکرێ ئەم پرۆژانە جێبەجێ کراون یان نا بەڵکوو دەمانەوێت قەبارەی بودجە بۆ دروستکردنی پڕۆژەکان بێنینە بەرچاو.

تەنیا نموونەی یەک وەبەرهێنەر باس دەکەین کە 70 ملیار دیناری حکوومەتی لایە و حکوومەت لەسەری کردووە ئەو پارەیەی رادەست بکاتەوە، کە شاسوار عەبدولواحیدە. ئەگەر هەمان بڕە پارە بۆ دروستکردنی قوتابخانەی نوێ تەرخان بکەین  و ئامارەکەی وەزارەتی پلاندانانی عێراق بکەین بە پێوەر، بەو ئەنجامە دەگەین بەو بڕە پارەیە دەتوانرێ 85 قوتابخانەی نوێ بنیات بنرێن.

ساڵی رابردوو وەزارەتی پەروەردە بڵاوی کردەوە بۆ نۆژەنکردنەوەی 500 قوتابخانە پێویستییان بە ملیارێک و 500 ملیۆن دینار هەیە.

بە گەڕانەوەی ئەو 70 ملیار دینارە  و لێکدانەوەی ئاماری گوژمە و پرۆژەکانی سەرەوە بۆمان دەردەکەوێت بە 70 ملیار دینار دەتوانرێ 23 هەزار و 333 قۆتابخانە نۆژەن بکرێتەوە.

لە چوار ساڵی رابردوودا بۆ سەرجەم پارێزگای سلێمانی 58 قوتابخانە تەندەریان بۆ دەرچووە کە 38 قوتابخانە جێبەجێ کراون. ساڵانەش پارێزگای سلێمانی بۆ کۆی شارەکانییەوە پێویستی بە 50 قوتابخانەی نوێ هەیە بۆ ئەوەی پێداویستیی قوتابیان دابین بکات و زۆربەی قوتابخانەکانیش دوو دەوامی و سێ دەوامی دەخوینن. وەک لە ئەنجامەەکەی سەرەوە دەرکەوت بە پارەکەی شاسوار عەبدولواحید  پارێزگای سلێمانی لە کێشەیی کەمیی قوتابخانە رزگاری دەبێت.

لە لایەکی ترەوە گوژمەی پرۆژەکانی شارەوانی هەولێر بیر دەهێنینەوە کە ساڵی رابردوو نەبەز محێدین بەڕێوەبەری گشتی بەڕێوەبەرایەتی شارەوانییەكانی هەولێر دوای تەواوکردنی ساڵیک لە چالاکییەکانی شارەوانی خستبوویەڕوو.  ئەو گوتبووی لە ساڵی 2019دا بە گوژمەی زیاتر لە پێنج ملیار دینار 170 پڕۆژەیان ئەنجام داوە.

ئەگەر بە پێنج ملیار دینار 170 پڕۆژەی شارەوانی جێبەجێ بکرێن ئەوا بە 70 ملیار دینار دوو هەزار و 380 پڕۆژەی شارەوانی جێبەجێ دەکرێن.
پێشبینی دەکرێ سەرووی 700 ملیار دیناری حکوومەت لای وەبەرهێنەران بێت

بە گشتی بەو ئەنجامە دەگەین ئەو پێویستییە هاتووەتە کایەوە حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ تێپەراندنی تەنگژەی دارایی لەگەڵ هەوڵدان بۆ بەرزکردنەوەی داهات گوشار بخاتە سەر وەبەرهێنەران و سەرمایەداران بۆ ئەوەی ئەو قەرزانە بگەڕێننەوە کە وەریانگرتووە و کۆی ئەو قەرزانەش بۆ پرۆژە خزمەتگوزارییەکان تەرخان بکات.

ئەگەر 70 ملیار دینارەکە بە قەرز نەدرابا و لە سندووقێکدا پارێزرابا ئەوا بەهۆیەوە دەتوانرا کەلێنێکی گەورە لە کێشەکانی خزەتگوزاری و جێەجێکردنی پرۆژەکان پڕ بکرێتەوە.

ئەمەی شاسوار عەبدولواحید نموونەیەکی بچووکە . پێشبینی دەکرێ سەرووی 700 ملیار دیناری حکوومەت لای وەبەرهێنەران بێت کە لە کاتی خۆیدا نەیانگەڕاندووەتەوە و بە گەڕخستنی ئەو برە زۆرەی پارە، هەریمی کوردستان گەشەیەکی بەرچاو بەخۆیەوە دەبینێت و سەدان پرۆژەی پێ جێبەجێ دەکرێت.

لە کۆتایی ساڵی 2019 لیژنەیەکی ئاوەدانکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان پێشنیاری ئەوەی بە حکوومەت کرد لە ئەگەری نەگەراندنەوەی قەرزەکان حکوومەت دەست بەسەر موڵک و ماڵی وەبەرهێنەرەکاندا بگرێت بەڵام ئەمە جێبەجێ نەکراوە. پێشبینی دەکرێ لەم رووەوە حکوومەت هەنگاوی رژد بهاوێژێت چونکە گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ پێداگری لە هەمان خاڵ کردەوە.


 



وشە - سلێمان تاشان