سلێمانی.. شێوەكارانی كوردستان بەرجەستەی قوربانیدانی پێشمەرگە دەكەن

:: PM:06:15:20/02/2020 ‌

بۆ یەكەمینجار لەسەر ئاستی كوردستان پێشانگەیەكی شێوەكاری لەژێر ناوی "پێشمەرگە" لەلایەن گرووپی هونەری كوردستان لە شاری سلێمانی بە بەشداری ژمارەیەك شێوەكار لە ناوچە جیاوازەكانی هەرێمی كوردستان كرایەوە.
وێنەی خەیاڵی و راستەقینەی پێشمەرگەیان كێشاوە
یادگار محەمەد، ئەندامی گرووپەكە لەسەر كردنەوەی پێشانگاكە بە "وشە"ی گوت، ئەمڕۆ پێنجشەم پێشانگەكەمان كردەوە و مەبەست لێی لەبەرچاوگرتنی ئەو خزمەتەیە كە پێشمەرگە قارەمانەكان بە كوردستانیان گەیاندووە و لەو پێناوەدا خوێنیان رژاندووە، ئێمە خەباتی پێشمەرگەمان كردووە بە بیرۆكەی پێشانگەكە، چونكە ئەوان سەنگەرەكانمان دەپارێزن.

ئاماژەی كرد، لە پێشانگەكە 180 تابلۆ نمایش كرا كە بەرهەمی دەستی 53 شێوەكارە و ئەوان لە هەولێر و خانەقین و كفری و كەلار و هەڵەبجە و قەڵادزێ و ڕانیە و دەربەندیخان و چەندین شوێنی تر بەشداریان تێدا كردووە.

"تابلۆكان سەرجەمیان وێنەی ڕاستەقینەی پێشمەرگە نەبوون، بەڵكو ژمارەیەكیان وێنەی خەیاڵی پێشمەرگە بوون و شێوەكارانی بەشدار كێشابوویان" یادگار وای گوت.

پێشانگەكە ئەمڕۆ پێنجشەم لە ئەمنە سوورەكەی سلێمانی كرایەوە و بڕیارە ماوەی سێ ڕۆژ بەردەوام بێت و ڕۆژانە لە سەعات 2-5ی ئێوارە بەردەوام دەبێت و هاووڵاتییان دەتوانن بۆ بینینی كارە نمایشكراوەكان سەردانی ئەمنە سورەكەی سلێمانی بكەن و لە نزیكەوە تابلۆ نەخشێنراوەكان ببینن.

سلێمانی/ ئاریان محەمەد




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل