ڕۆژنامه‌ی نیویۆرك تایمزی ئه‌مه‌ریكی وتارێكی جێگری سه‌رۆكی ڕێكخراوی تیرۆریستی تاڵیبان "سیراجه‌دین حه‌قانی" بڵاو كردووه‌ته‌وه و ئه‌مه‌یش به گۆڕانێكی گه‌وره له سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا داده‌نرێ و بڕیاریشه له كۆتایی ئه‌م مانگه هه‌ردوولا ڕێككه‌وتن واژوو بكه‌ن.
حه‌قانی له وتاره‌كه‌ی باس له پرۆسه‌ی دانوستاندنی نێوان واشنتن و تاڵیبان ده‌كات، كه بۆ یه‌كه‌مجار له ساڵی 2018 ده‌ستی پێكرد و دووپات له‌وه ده‌كاته‌وه، كه بزووتنه‌وه‌ی تاڵیبان هیچ كات گه‌شبین نه‌بوو به‌وه‌ی بگات به ئه‌نجام، به‌هۆی ئه‌وه‌ی ماوه‌ی 18 ساڵه شه‌ڕ له نێوان ئه‌مه‌ریكا و ڕێكخراوه‌كه به‌رده‌وامی هه‌یه و جه‌نگی زۆر ڕووی دا و هه‌وڵی زۆریش دران بۆ دانوستاندن سه‌رجه‌میان شكستیان خوارد، به‌ڵام ئه‌مجاره دۆخه‌كه جیاواز بوو و پێچه‌وانه‌ی نائومێدییه‌كانی ئێمه و ئه‌مه‌ریكا بوو.
هێمای بۆ ئه‌وه‌یش كردووه، كه جه‌نگی دوورمه‌ودای نێوان هه‌ردوولا زیانی گه‌وره‌ی مرۆیی و مادی لێ كه‌وته‌وه، كارێكی لۆژیكی نییه، به‌رده‌وام بین، به‌ڵام ئه‌مجاره هه‌ردوولا سووربوون له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی هه‌موو ده‌رفه‌تێكی ئاشتی بقۆزنه‌وه و له كیسی نه‌ده‌ن، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر ئه‌گه‌ری سه‌ركه‌وتنیشی زۆر كه‌م بێت، له‌به‌ر ئه‌وه زۆر پێویست بوو سنوورێك بۆ تاوانه‌كانی كوشتن و شه‌ڕ و ماڵوێرانی دابنێین، كه له ماوه‌ی ساڵانی ڕابردوو ئه‌نجام دران.
جێگری سه‌رۆكی بزووتنه‌وه‌ی تاڵیبان دووپات له‌وه ده‌كاته‌وه، كه جه‌نگ له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی كه ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا سه‌ركردایه‌تی ده‌كرد، بژاره‌یه‌كی ئێمه نه‌بوو، به‌ڵكوو ئه‌مری واقیعێك بوو به‌سه‌ر تاڵیبان و ئه‌فغانستان سه‌پێنرا بوو، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ڕێكخراوی تاڵیبان ناچار بوو به‌رگری له‌خۆی و وڵات بكات، ئێسته‌یش داوای كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی بیانی له ئه‌فغانستان داوای سه‌ره‌كی و له پێشینه‌ی ئێمه بووه و له‌سه‌ر ئه‌و بۆچوونه‌یش ده‌مێنینه‌وه.
شه‌ڕ و خوێنڕێژی 18 ساڵی ڕابردوو بێ ئه‌نجام بوو
له به‌شێكی تری ڕێكخراوه‌كه
حه‌قانی ده‌ڵێ، تیمی دانوستاندكاری ئێمه به سه‌رۆكایه‌تیی مه‌لا عه‌بدولغه‌نی براده‌ر و شیرمحه‌مه‌د عه‌باس ستانیكزای له 18 مانگی ڕابردوو ته‌واوی كاته‌كانیان ته‌رخان كردبوو، بۆ گفتوگۆ له‌گه‌ڵ شاندی دانوستاندكاری ئه‌مه‌ریكی له پێناوی گه‌یشتن به‌و ڕێككه‌وتنه، به‌و هه‌نگاوه بزووتنه‌وه‌ی تاڵیبان بۆ هه‌مووانی سه‌لماند كه دژی شه‌ڕ و خوێنڕێژییه و باوه‌ڕی به گفتوگۆ و دانوستاندن و چه‌سپاندنی ئاشتییه له ئه‌فغانستان، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی به به‌رده‌وامی له ڕابردوو ئه‌نداممانمان له ژێر بۆردمانی چڕی هاوپه‌یمانان و ئه‌مه‌ریكا بوون له ناوچه دوور ده‌سته‌كان و گونده‌كان، له ئێسته‌وه ئه‌مه به ته‌واوی گۆڕانی به‌سه‌ردا دێ و ئه‌فغانستان ئارامی به‌خۆیه‌وه ده‌بینێت و خه‌ڵكه‌كه‌یش به ئاسایی خه‌ریكی ژیانی خۆیان ده‌بن.
ئاماژه‌ی دا، دوای ئه‌وه‌ی دۆناڵد تره‌مپی سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا بڕیاری دا دانوستاندنه‌كان ڕابگیرێن و له‌گه‌ڵ ئێمه گفتوگۆ نه‌كرێ، بزووتنه‌وه‌ی تاڵیبان ژیرانه هه‌نگاوی نا و ده‌رفه‌تی گفتوگۆی به كراوه‌یی هێشته‌وه بۆ ده‌ستكردن به پرۆسه‌ی ئاشتی له هه‌ر كاتێكی تردا، بۆ ئه‌وه‌ی چیتر خه‌ڵكی ئه‌فغانستان نه‌بنه قوربانی شه‌ڕ و ئاڵۆزی و ماڵوێرانی به‌رده‌وامی نه‌بێت. ئێمه به‌ڵێنمان دابوو، ئه‌گه‌ر دڵنیایش بین له‌وه‌ی ئه‌و گفتوگۆیانه چاره‌نووسی نابێت، ئه‌وا به‌رده‌وام بین له‌سه‌ری، بۆ ئه‌وه‌ی بۆ خه‌ڵكی خۆمان و دنیای بسه‌لمێنین كه له‌گه‌ڵ پرۆسه‌ی ئاشتی و كۆتاییهێنان به كاری دوژمنكارانه و جه‌نگین.
حه‌قانی باس له دۆخی دوای ڕێككه‌وتن و كشانه‌وه‌ی هێزه‌كان له ئه‌فغانستان ده‌كات و ده‌ڵێ، ئه‌مه بووه‌ته جێی پرسیار و گومانی خه‌ڵكی ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌ی وڵات كه دوای كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی هاوپه‌یمانان چاره‌نووسی ئه‌فغانستان به‌ره‌و كوێ ده‌ڕوات، له ڕاستیدا ئه‌مه ئه‌فغانیه‌كان خۆیان بڕیاری لێ ده‌ده‌ن و هیچ كه‌س ناتوانێ كۆسپی بۆ دروست بكات و پێشتریش ڕێبه‌ری تاڵیبان دووپاتی له‌وه كرده‌وه، كه نه ئێمه مه‌رجمان ده‌بێ و نه هیچ لایه‌كی تریش مه‌رج ده‌سه‌پێنن، به‌ڵكوو گه‌ل خۆی بڕیار له‌سه‌ر هه‌رچییه‌ك بدات، ئه‌وه جێبه‌جێ ده‌كرێت.
ده‌مانه‌وێ ئه‌فغانستانێكی نوێ و ئازاد و یه‌كسان دروست بكه‌ینه‌وه
له‌به‌ر ئه‌وه له‌گه‌ڵ سه‌رجه‌م لایه‌نه‌كانی تر له ئه‌فغانستان ده‌كه‌وینه گفتوگۆی چڕه‌وه و به دانوستاندن و گفتوگۆ سیسته‌می سیاسی له وڵات داده‌ڕێژینه‌وه و ده‌یخه‌ینه به‌رده‌م خه‌ڵك تا ڕه‌زامه‌ندی له‌سه‌ر بده‌ن، یاخود ڕه‌تی بكه‌نه‌وه، هه‌ر چۆنێك بێ سیسته‌مێك دێته كایه‌وه، كه باوه‌ڕی به بنه‌ماكانی ئیسلام ده‌بێ، هاوكات پێویسته هه‌موو پیاو و ژنانی ئه‌فغانستان یه‌كسان بن و مافی خوێندن و كاركردن و ژیانێكی شه‌رمفمه‌ندانه‌یان هه‌بێت.
ئێمه باوه‌ڕێكی ته‌واومان هه‌یه، به سه‌رخستنی دانوستاندنه‌كانی ناوخۆی ئه‌فغانستان له‌گه‌ڵ سه‌رجه‌م لایه‌نه‌كانی تر، ده‌مانه‌وێ به گیانێكی برایانه‌وه و به پشتیوانی كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی جارێكی تر ئه‌فغانستان بنیات بنێیته‌وه و خه‌ڵكه‌كه‌ی له خۆشگوزه‌رانی بژین و دروشم و خواستی ئێمه‌یش "ئه‌فغانستانی نوێیه" كه جیاواز بێ له هه‌موو سه‌رده‌مه‌كانی پێشوو.