هەفتەنامەی رووداو بەیەكجاری دەوەستێت

:: PM:11:09:23/02/2020 ‌
سەلام سەعدی سەرنووسەری هەفتەنامەی رووداو كە لە تۆڕی میدیای رووداو دەردەچێت، دووپاتی دەكاتەوە كە ئەو ژمارەی هەفتەنامەی رووداو كە دەردەچێت، دەبێتە دوایین ژمارەی رۆژنامەكە و هۆكاری وەستانی هەفتەنامەكە روون دەكاتەوە. 
سەرنووسەری رووداو هۆكارەكەی روون دەكاتەوە
سەعدی ئەمڕۆ یەكشەم بە "وشە"ی راگەیاند، ئەو ژمارەی رۆژنامەكە دوایین ژمارەی بڵاوكراوەك دەبێت، وەك دەزانن رووداو بووەتە دەزگایەكی میدایی گەورە و تەلەڤزیۆن و سایت و رادیۆی هەیە و لەو رێگەوە هەواڵەكانی خۆی بڵاو دەكاتەوە.

زیاتر گوتی، هەرچی داخستنی هەفتەنامەكەیە لەبەر چەند كێشەیەكی پێوەست بە بڵاوكردنەوە و كەمبوونەوەی ژمارەی خوێنەری رۆژنامەی نووسراو و كێشەی تریش، وەك كێشەی ئاسایی و تەكنیكی وەك ئەوەی لە هەموو رۆژنامەوانی نووسراو لە دنیا هەیەتی، لەبەر ئەو هۆكارانە بڕیارمان دا رایگرین.

سەرنووسەری هەفتەنامەی رووداو دووپاتی كردەوە كە بڕیارەكە بەگفتوگۆ دراوە و بەو باوەڕە گەیشتووین كە سەردەمی بڵاوكردنەوەی هەواڵی خێرایە، ئێمە لە 2013 كە دەستمان بە پەخشی تەلەڤزیۆن كرد ئەو بیرۆكەیەمان هەبوو كە هەفتەنامەكە رابگرین و زەحمەتە بتوانی هەفتەنامە و سۆسیال میدیا و رادیۆ و تەلەڤزیۆن و ژێرنووست بەیەكەوە هەبێت، بۆیە بڕیارمان دا رایبگرین، و ستافی رۆژنامەكەیش دابەشی سەر بەشەكانیتری رووداو دەبن.


وشە - مه‌حموود ئیسماعیل