دره‌نگانی شه‌وی ڕابردوو مایك پۆمپیۆی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا پێوه‌ندی به محه‌مه‌د تۆفیق عه‌لاوی سه‌رۆك وه‌زیرانی ڕاسپێردراوی عێراق كرد و پیرۆزبایی لێ كرد و هیوای سه‌ركه‌وتنی له ئه‌ركی سه‌رۆكایه‌تی حكوومه‌تی نوێی عێراق بۆ خواست.
به گوێره‌ی
ڕاگه‌یه‌نراوێكی نووسینگه‌ی سه‌رۆك وه‌زیرانی ڕاسپێردراو محه‌مه‌د تۆفیق عه‌لاوی، له پێوه‌ندییه ته‌له‌فۆنییه‌كه هه‌ردوولا دوا پێشهاته سیاسییه‌كانی عێراق و ناوچه‌كه‌یان تاوتوێ كردووه و دووپاتیان له گرنگی هه‌ماهه‌نگی و كاری هاوبه‌شی به‌غدا و واشنتن كردووه‌ته‌وه.
دووپات له هه‌ماهه‌نگی و هاریكاری دوولایه‌نه‌ی به‌غدا و واشنتن كرایه‌وه
له به‌شێكی تری ڕاگه‌یه‌نراوه‌كه هاتووه، كه وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا، پشتیوانی ته‌واوه‌تی واشنتنی بۆ به‌غدا دووپات كردووه‌ته‌وه له سه‌رجه‌م بواره‌كان، به تایبه‌تیش له پاراستنی سه‌روه‌ری خاك و ئاسمانی عێراق و به‌دیهێنانی گه‌شه‌ی ئابووری و خۆشگوزه‌رانی خه‌ڵكی عێراق و چالاككردنی زیاتری پێوه‌ندییه‌كان و هه‌ماهه‌نگی و هاریكاری دوو لایه‌نه له سه‌رجه‌م بواره‌كان دا.
سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌یش پۆمپیۆ پشتیوانی بۆ عه‌لاوی له سه‌رخستنی حكوومه‌ته‌كه‌ی دووپات كردووه‌ته‌وه و پیرۆزباییشی لێ كردووه، له به‌رانبه‌ریش دا محه‌مه‌د تۆفیق عه‌لاوی سوپاس و پێزانینی خۆی ئاراسته‌ی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا كردووه.