شاندەكەی توركیا بۆچی سەردانی بەغدای كرد

:: PM:07:05:17/10/2016 ‌

ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەم شاندێكی باڵای وەزارەتی دەرەوەی توركیا گەیشتە بەغدا بەمەبەستی گفتوگۆكردن لەبارەی بوونی هێزێكی سەربازی توركیا لە نزیك شاری مووسڵ و جەنگی مووسڵ و چەند پرسێكی تری هاوبەش لە نێوان هەردوو وڵات، نووسینگەی سەرۆك وەزیرانی عێراق دەڵێت شاندەكی چی نوێی پێ نەبوو.

سەعد حەدیسی گوتەبێژ بەناوی نووسینگەی حەیدەر عەبادی ئەمڕۆ دووشەم رای گەیاند كە وەزارەتی دەرەوەی توركیا شاندێكی رەوانەی بەغدا كرد بۆ كۆبوونەوە لەگەڵ حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیران و باسكردنی ئاڵۆزییەكانی دوایی هەردوو وڵات.

زیاتر گوتی، شاندەكە شتی نوێی پێ نەبوو و هەمان قسەكانی سەرانی توركیایان دووپات كردەوە و عێراقیش رەتكردنەوەی خۆی بۆ بوونی هێزەكانی توركیا لەسەر خاكەكەی و بەشداری نەكردنیان لە جەنگی مووسڵ نوێ كردەوە.  

پێشتر هەواڵەكان باسیان كرد كە بڕیارە شاندی توركیا بە بەسەرۆكایەتی ئومێت یالچین راوێژكاری وەزارەتی دەرەوەی توركیا بێ و چاوی بە ژمارەیەك بەرپرسی باڵای عێراق بكەوێت و باسی ئاڵۆزییەكانی دوایی نێوان هەردوو وڵات بكات بەتایبەتی جەنگی مووسڵ و بوونی هێزێكی سەربازی توركیا لە ناو خاكی عێراق.

هەر ئەمڕۆ ئەحمەد جەمال گوتەبێژ بەناوی وەزارەتی دەرەوەی عێراق رای گەیاند كە شاندە حكوومەتییەكەی توركیا لەسەر داوای خۆیان سەردانی بەغدا دەكەن بۆ تاوتوێكردنی میكانیزمی پاشەكشەی هێزەكانی توركیا لە عێراق.

ئەمڕۆ میدیاكانی توركیا رایان گەیاند كە لە نێو ئاڵۆزییەكانی نێوان توركیا و عێراق لە سەروبەندی جەنگی مووسڵ و بەهۆی لێدوانی گەورە بەرپرسانی هەردوو وڵات لەسەر جەنگەكە، بڕیارە شاندێكی باڵای وەزارەتی دەرەوەی توركیا بگاتە بەغدا بۆ روونكردنەوەی هەڵوێست و كۆتاهێنان بەو ئاڵۆزییانە.

سەرچاوە: سۆمەرییە، غەد پرێس، ئەلمەعلومە




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل