پەرلەمانتارێک بەهۆی کۆرۆناوە لەناو پەرلەمانی ئێران لەهۆش خۆی چوو

:: PM:01:37:24/02/2020 ‌
پەرلەمانتارێک لەناو هۆڵی پەرلەمانی ئێران لەکاتی وتار خوێندنەوە لەهۆش خۆی چوو، بەپەلە هۆڵی پەرلەمان چۆڵ کرا و تیمێکی پزیشکیی تایبەت دەستی بە پاککردنەوەی هۆڵەکە کرد.
ژمارەی قوربانیانی کۆرۆنا لە قوم زیاتر لە 50 کەسە

ئەمڕۆ دووشەم 24ی شوبات، ئەحمەد ئەمیرئابادی فەراهانی، نوێنەری قوم لە پەرلەمانی ئەنجوومەنی شورای ئیسلامی ئێران لە کاتی وتاردان لەبارەی دۆخی کۆرۆنا لە شارەکەی کەوتە خوارەوە و لەهۆش خۆی چوو.

ئەو پەرلەمانتارە رەخنەی توندی لە دەسەڵات گرت و رای گەیاند، تا ئێستە لە قوم "ناوەندی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئێران" زیاد لە 50 تووشبووی کۆرۆنا گیانیان لە دەست داوە.

دوابەدوای قسەکانی، پەرلەمانتارەکە لەهۆش خۆی چوو و کەوتە سەر زەوی، سەرۆکی پەرلەمان داوای لە پەرلەمانتارەکان کرد دەستبەجێ هۆڵەکە جێ بهێڵن و تیمی پزیشکی تایبەت بە کۆرۆنا نوێنەری قومیان رەوانەی نەخۆشخانە کرد و دەستیان بە پاککردنەوەی هۆڵی پەرلەمان کرد.

ماڵپەڕی فەرمی پەرلەمانی ئێران نووسیویەتی، بۆ رێگری لە بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا و پاراستنی سەلامەتی پەرلەمانتاران و کارمەندانی پەلەمان، هەندێک لە هۆڵ و بەشەکانی پەرلەمانی ئێران دادەخرێن.

ڤایرۆسی کۆرۆنا زۆر بە خێرایی لە ئێران تەشەنە دەکات و لە ماوەی دوو رۆژ 12 هاووڵاتی بەهۆی ئەو ڤایرۆسەوە گیانیان لە دەست داوە، ئێران ئامادە نییە ئاماری تووشبووان و قوربانیانی ئەو ڤایرۆسە بە میدیایی بکات و بەو هۆیەوە رووبەڕووی رەخنەیەکی زۆر بووەتەوە.



وشە - هیدایه‌ت جان