کتێبێک دیموکراسی دەکاتە وەهم

:: PM:09:22:24/02/2020 ‌


سمکۆ محەمەد نووسەر و توێژەر، کتێبێک سەبارەت بە دیموکراتی بڵاو دەکاتەوە کە وەک وەهمێک پیناسەی دەکات و لە تەواوی ناوەڕۆکی کتێبەکەیدا پێمان دەڵێ، بۆچی ئەو چەمکەی تا ئێستەیش جیهان لەسەری پابەندە، بە وەهمی ناو دەبات!

ئایا دیموکراسی چییە؟ هۆکارێکە بۆ ڕزگاربوون لە دەسەڵاتی قۆرخکاری، یان خۆی بەشێکە لە دروستکردنی قۆرخکاری؟ کاتێک پێناسەی دیموکراتی دەکەین، دەکرێ پێوەستی ئاکاری سەرمایەداری بکەینەوە کە گەورەترین ڕووکەش و نمایشی دیموکراتییە؟ یان تەنیا وەک چەمک تەماشای بکەین؟ ئایا کاتی ڕوانین لە چەمکەکان ماوە بەبێ شیکردنەوەی دەرئەنجامەکانی؟ ئەی خۆ سیستمی سۆشیالسیش وەک چەمک، باشترین ڕێگەی یەکسانییە بۆ مرۆڤ بەڵام ئایا ئەو بەرئەنجامەی ستالین پێی گەیشت، سۆسیۆلۆژیی بەتاڵ ناکاتەوە؟ لە بەرانبەردا، ئایا ئەو بەرئەنجامەی دەوڵەتە کەپیتاڵیستەکان پێی گەیشتوون، دیموکراتی هەڵناوەشێنێ؟ کتێبێک لە کوردستان لەلایەن سمکۆ محەمەد نووسەر و توێژەر لەسەر وەڵامدانەوەی پرسیارەکانی ئەم چەمکانە بڵاو کراوەتەوە.

دیوى ناوه‌وه‌ى ئادیۆلۆجیاى ئه‌م سیستمه‌ ئابوورییه‌ و رووه‌ سیاسیه‌كه‌ى وه‌كو فه‌رهه‌نگ ته‌نیا كه‌ڤه‌ره‌كه‌یه‌تى

کتێبی "وەهمی دیموکراسی" کە ئەمڕۆ گەیشتووەتە بەردەستی خوێنەران، دوای ئەوەی سەرەتا دەیەوێ وەک ڕاستییەکی دۆگما دیموکراتیت بۆ بکات بە وەهم، ئینجا باس له‌و وه‌همه‌ ده‌كات كه‌ كۆمپانیا و ده‌وڵه‌ته‌ زلهێزه‌كان دیموكراسییان وه‌كو كارتێك بۆ نه‌ته‌وه‌ ژێرده‌سته‌كان به‌كاریان هێناوه‌، بۆ ده‌وڵه‌مه‌ندكردنى خۆیان و به‌رده‌وامبوونى جه‌نگه‌ جیاوازه‌كان. 

له‌ به‌شێكى كتێبه‌كه‌یدا، نووسیویەتی "دیوى ناوه‌وه‌ى ئادیۆلۆجیاى ئه‌م سیستمه‌ كه‌ ئابوورییه‌ و رووه‌ سیاسیه‌كه‌ى وه‌كو فه‌رهه‌نگ ته‌نیا كه‌ڤه‌ره‌كه‌یه‌تى، له‌سه‌ر باج لێستاندن وه‌ستاوه‌ كه‌ ته‌واوى دنیاى كردووه‌ به‌ ئینسانێكى تۆڵه‌سێن نەوە‌ك له‌ ئه‌ویتر، بگره‌ تۆڵه‌ له‌ خودى خۆشى بكاته‌وه‌ كه‌ ته‌واوى ژیانى كردووه‌ به‌ قوربانیى پاراستنى به‌رژه‌وه‌ندى و به‌رده‌وامبوونى ته‌مه‌نى كۆمپانیا و خاوه‌نكار، له‌ پێناو ژیانێكى شایسته‌. ته‌كنەلۆجیا كه‌ ئایدۆلۆجیایه‌كى دیكه‌یه‌ له‌ ژێر په‌رچه‌مى دیموكراسى به‌رهەم ‌دێت، شێوه‌یه‌كى دیكه‌ى به‌رهه‌مهێنانى ئادیۆلۆجیاى پراكتیكییه‌".

لەسەر کۆتاییهاتنی دیموکراتی، ماوەی چەندان ساڵە لەسەرانسەری دنیا لەلایەن کەسانی سۆشیالیستی وەک زیندووکردنەوەی بیری چەپ، یان تەنانەت لەلایەن ئەوانەی بڕوایان بە دیموکراتی هەبووە و لەسەری جەنگاون و ئێستە لێی پەشمان بوونەتەوە، دەیان کتێبی جۆراوجۆری لە ڕوانگەی جیاوازەوە لەسەر نووسراوە. ئەمە جیا لەوەی ڕوانگە ئاینییەکەیش بەردەوام لە کڵێسە و مزگەوت و پەرستگەکانەوە، قەڵەمی خۆیان ڕووەو دیموکراتی تیژ کردووە، بە تایبەتی بەهۆی ئەو لایەنە سۆسیۆلیجیانەی بەدوای خۆیدا دەهێنێ.

ئەم کتێبمە، 19یەمین بەرهەمی سمکۆ محەمەد، نووسەر و توێژەرە کە ماوەی 30 ساڵه قەڵەمێکی زیندووی ‌بواره‌كانى ئه‌ده‌ب و فكر و سیاسه‌تە و زۆرتر خوێنەر لە بابەتە فیکرییەکانیدا دەیبیننەوە. هەر ئەو پێش چەند ساڵێک سیحرێکی تری نێو چەمکەکانی وەک بەتاڵبووەوە لە کتێبێکدا دانا ئەویش ئایدۆلۆجییە و تەواوی ئەو چەمکە بە زمانێکی توندی وەک کتێبی وەهمی دیموکراتی بە هۆکاری مەینەتییەکانی مرۆڤایەتی دانا، هەر ئەمەیشە وای کردووە، ئەو نووسەرە بە قسەکردن لەسەر چەمکەکان زیاتر ناسراوە.

لە ماوەی ڕابردووشدا کتێبێکی جیاواز لەم جۆرە و بە گەڕانەوە بۆ بوارە ئەدەبییەکە لەژێر ناوی "ژانرە ئەدەبییەکان" نووسی.  لە کتێبەدا، باس لەو ژانرە ئەدەبییانە دەكات كە خوێنەری كورد (بەڕای نووسەر) هەندێك جار بە هەڵە تێی گەیشتوون و قسەی لەسەر كردوون.

هەڵبەت هەر لە ڕوانگە فیکرییەکانەوە، سمکۆ محەمەد دەستی بۆ بابەتی ڕەخنەی ئایینیش بردووە و ڕەخنەکانی لەسەر ئەو بوارە، بێ ڕەخنە نەبوون کە هەندێکیان داکۆکیی ئایدۆلۆجییە کە وەک لە کتێبەکەیدا ئەو جۆرە داکۆکیانە باس دەکات و هەندێکی دیکەیشیان ڕەخنەی زانستین.

پێ دەچێ قەڵەمی سمکۆ محەمەد لەمساڵدا بەبڕشت بووبێ، ئەوەتا هەر لەمڕۆدا کە ئەم کتێبەی بڵاو کردووەتەوە، ڕای گەیاندووە کە سێ کتێبی دیکەیشی ئامادەن بۆ چاپکردن کە بواری جیاواز لەخۆ دەگرن و بە ناوەکانی "ڕەخنە و ئاڕاستەکانی"، "دیالیکتیکی سێکس و سروشت" و سێیەمیش بریتییە لە چاوپێکەوتنەکانی کە هەمووی لە کتێبێکدا جارێکی تر پێشکەشی خوێنەران دەکاتەوە.

جیا لە کتێبەکانی، سمکۆ محەمەد ناوێکی دیاری ناو ڕۆژنامەگەرییە و بە سەدان وتار لەسەر هەمان ئەو چەمکانەی زۆرتر خۆی تێیاندا بینیوەتەوە، خوێنەری کوردی بەخۆی ئاشنا کردووە و هەر ئەمەیشە وای کردووە، بەشێکی کتێبەکانی بریتی بن لە کۆکردنەوەی ئەو بابەتە ڕۆژنامەوانییانە.

 



وشە - كوردۆ شابان