خاتوونە شاعیر ساكار ئاوازكە لەدایكبووی ساڵی 1988ی شاری هەڵەبجەی شەهیدە، قۆناغی سەرەتایی لە دەرەوەی وڵات و ئامادەیی و زانكۆیشی لە كوردستان تەواو كردووە، لە منداڵییەوە خولیای خوێندنەوەی شیعر و ئەدەبیات بووە و ئێستە یەكێكە لە شاعیرەكان. لە ئەنجامی سازدانی دیدارێكدا "وشە" ئەم خاتوونە زیاتر بە خوێنەرانی ئاشنا دەكات.
*دەستپێكی نووسینی شیعر لای ئێوە بۆ كەی دەگەڕێتەوە؟
دەستپێكی شیعر نووسینم بۆ تەمەنی منداڵی دەگەڕێتەوە، لەو تەمەنەوە خولیای خوێندنەوەی شیعر و ئەدەبیات بووم، حەزی خوێندنەوەم لە دنیای شیعر و ئەدەبیات بینییەوە، جگە لەمەش مامۆستام و لە هەمان كاتیشدا خولیای كاری میدیاییم، لە ئێستەدا بێژەر و پێشكەشكاری ڕادیۆییم.
* خاوەنی چەند بەرهەم و كتێبی شیعرین؟
تائێستە بیرم لە بەرهەمی چاپكراو نەكردووەتەوە، هەر چەندە هەندێك لە هاوڕێكانم زۆربەی كات هانم دەدەن شیعرەكانم بە چاپ بگەیەنم و بیكەم بە كتێبێكی شیعری، بەڵام سروشتی من وایە نامەوێت پەلەپەل لە كارەكانم بكەم و بەڕای خۆم هێشتا زووە بۆ ئەم كارەم، بەڵكو دەمەوێت بەرهەمێك ئامادە بكەم كە لێی پەشیمان نەبم.
*شیعرەكانت بە چ شێوازێك و چەند زمان دەنووسی؟
نووسینەكانم زیاتر ئازادن، بەڵام لەگەڵ ئەمانەشدا هایكۆ و پۆستەر و شیعر و چامە لە خۆ دەگرن، هەروەها بە هەردوو زمانی كوردی و فارسی دەنووسم و هەوڵمداوە تێهەڵكێشێك لە شیعرەكانم بە هەردوو زمانەكە دروست بكەم.
*بەشداری چەند كۆڕی هاوبەش و تایبەتیتان كردووە؟
بەشداری چەندان كۆڕی شیعریم كردووە، بەڵام وەك كۆڕی تایبەتی تەنیا بەشداری سێ كۆڕی شیعریم كردووە،زیاتر پێم خۆشە لەگەڵ شاعیران بە هاوبەشی كار بكەین، ئەو شوێنانەی كە بە هاوبەشی لەگەڵ شاعیرانی تر بەشداری كۆڕی شیعریمان كردووە لە ناوخۆی كوردستان وەك شارەكانی هەڵەبجەی شەهید، سلێمانی، كەلار، كۆیە، عەربەت و... هتد، لە دەرەوەی وڵاتیش لە ئێران و ئەستەنبۆڵ بە هاوبەشی لەگەڵ شاعیران كۆڕی شیعریمان ڕێكخستووە، لە هەمان كاتدا بەشداری چەند فێستیڤاڵێكی شیعریم كردووە كە دوایین فێستیڤاڵ لە 24 – 12 – 2016 لە شاری كەركووك بە بەشداری چەندان شاعیری ناسراو بەڕێوە چوو.
*شیعر بۆ چ مەبەستێك دەنووسی؟
دەكرێت شیعر بۆ زۆر بابەت بنووسرێت، بەڵام ئەوەی كۆكراوەی هەموو هەستەكانە، دەتوانم بڵێم بۆ عەشقێكی ئەبەدی دەنووسم، ئەوەش خۆی لە خۆیدا دەنووسرێتەوە نەك ئەوەی من بمەوێت بیكەم بە شیعر و بینووسمەوە.
*شیعرەكانت ڕەنگدانەوە و لە ژێر كاریگەری كام لە شاعیرانە؟
نامەوێت لە ژێر كاریگەری هیچ شاعیرێك شیعر بنووسم، هەرچەندە شیعری زۆربەی شاعیرانی كۆن و ئێستە دەخوێنمەوە و لە هەمووشیان ئەزموونێكی جیاوازم وەرگرتووە، بەڵام كاریگەری لەسەر نووسینەكانم دانانێن، چونكە نامەوێت مێژوو دووبارە بكەمەوە، ئەوان ناوازەن و ناوی دیارن، بەڵام دەكرێت مێژوویەكی جوانتر بۆ نەوەی دوای خۆمان جێبهێڵین و ناوی نوێ بهێنینە ناو كایەی ئەدەبیاتی كوردی.
*شیعر و ئەدەبیاتی كوردی لە ئێستەدا چۆن هەڵدەسەنگێنی؟
ناتوانین بڕیار لەسەر دواكەوتن یا پێشكەوتنی ئەدەبیاتی كوردی بدەین، بەڵكو ئەوە نووسینەكانە كە دەمێنێتەوە و لە داهاتوودا بڕیاری لەسەر دەدرێت، شاعیر پێویستە خەیاڵی فراوان بێت بۆ ئەوەی بتوانێت جوانتر پەرە بە وشەكان بدات و ڕێكخستنی سادەی شیعری لەخۆ بگرێت.
*دوا پڕۆژەو بەرنامەت بە تایبەتی لە ساڵی 2017 دا چییە؟
وەك شاعیرێك هەوڵ دەدەم بەرهەمی ناوازە و جوان بنووسمەوە بە ئەندازەیەك لەگەڵ ئەدەبیاتی سەردەم و دنیادا بگونجێت، بۆ مێژووش من ناتوانم بڕیاردەری خۆم بم، ئەوە بۆ خوێنەر جێدەهێڵم، هەروەها وەك ئافرەتێك هەوڵمداوە قەڵەمەكەم بوونی پێوە دیار بێت، چونكە بە درێژایی مێژوو نووسەرانی ژن چەند ناوێكی تاك و دیار بوون. چەند پڕۆژە و بەرنامەی نوێم هەیە بۆ ساڵی 2017 ، لەبەر ئەوەی وەك هەموو ساڵێكی پێشوو هیچ كاتێك نەمویستووە بێ پلان و بەرنامەی نوێ دەست پێ بكەم. سوپاس بۆ خوا تائێستە هەرچیم ویستووە لە ژیانم بە درەنگیش بووبێت، بەڵام بە كۆڵنەدان و بەردەوامیم بە دەستم هێناوە و سەركەوتنم تیادا بەرجەستە كردووە.
وشە/ محەمەد جەمال