دۆناڵد تره‌مپى سه‌رۆكى ئه‌مه‌ریكا به دوورى ده‌زانێ ڤایرۆسى كۆرۆنا مه‌ترسییه‌كى گه‌وره‌ى له‌سه‌ر هاووڵاتییانى وڵاته‌كه‌ى دروست كردبێ، دیموكراته‌كانیش ره‌خنه له‌و میكانیزمه ده‌گرن كه حكوومه‌تى تره‌مپ بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى په‌تاكه دایناوه.
دۆناڵد تره‌مپ له دوایین هه‌وڵیدا بۆ ده‌رخستنى كۆششى خۆى بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى ڤایرۆسى كۆرۆنا، هه‌وڵى دا هاووڵاتییان و بازاڕه‌كانى ئه‌مه‌ریكا دڵنیا بكاته‌وه و داواى له مایك پنسى جێگرى كرد، له‌گه‌ڵ لایه‌نه پێوه‌ندیداره‌كان هاوئاهه‌نگى بكات.
ئاژانسى
فرانس پرێس ئه‌مڕۆ پێنجشه‌م له راپۆرتێكدا ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌كات، دۆناڵد تره‌مپ گوتوویه‌تى مه‌رج نییه په‌تاكه له ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانى ئه‌مه‌ریكا بڵاو ببێته‌وه. به‌مه‌یش لێدوانه‌كانى پێچه‌وانه‌ى به‌رپرسانى ته‌ندروستى حكوومه‌ته‌كه‌یه‌تى.
تره‌مپ مه‌ترسى كۆرۆنا بۆ سه‌ر وڵاته‌كه‌ى به دوور ده‌زانێت
له میانه‌ى كۆنگره‌یه‌كى رۆژنامه‌وانى كه له كۆشكى سپى تایبه‌ت بۆ پلانى حكوومه‌تى ئه‌مه‌ریكا بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى ڤایرۆسى كۆرۆنا به‌ڕێوه چوو، دۆناڵد تره‌مپ گوتى، "من راى ده‌گه‌یه‌نم كه مایك پنسى جێگرى سه‌رۆك ده‌كه‌م به به‌رپرسى دۆسیه‌ى به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى ڤایرۆسه‌كه".
تره‌مپ باسى له‌وه‌یش كرد كه پنس له‌گه‌ڵ پسپۆڕان و ته‌واوى تیمى به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى ڤایرۆسه‌كه كار ده‌كات.
دۆناڵد تره‌مپ كه له كۆمارییه‌كانه، چه‌ند رۆژێكه رووبه‌ڕووى ره‌خنه‌ى دیموكراته‌كان ده‌بێته‌وه. ئه‌وان ره‌خنه له پلانى حكوومه‌تى ئه‌مه‌ریكا ده‌گرن، كه‌چى تره‌مپ له كۆنگره رۆژنامه‌وانییه‌كه‌ى شه‌وى رابردوودا گوتى، "به چاكه‌ى ئه‌و كارانه‌ى كردوومانه، ئه‌وا مه‌ترسى ڤایرۆسه‌كه له‌سه‌ر گه‌لى ئه‌مه‌ریكا زۆر لاوازه".
له كۆنگره‌كه‌دا تره‌مپ باسى له‌وه‌یش كرد كاتێك كۆمه‌ڵێك بڕیارى بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى ڤایرۆسه‌كه داوه، سه‌ره‌تا نه‌یاره‌كانى "گاڵته‌یان پێ كردووه". به‌تایبه‌تى كاتێك بڕیارى داوه كۆمه‌ڵێك رێكاریى توند له‌باره‌ی گه‌شتكردن بۆ چین بسه‌پێنێ.
له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا رێكاریی توندتر بۆ گه‌شتكردن ده‌سه‌پێنێ؟ تره‌مپ له وه‌ڵامدا گوتى، "ده‌كرێت له كاتێكى گونجاو ئه‌م كاره بكه‌ین، به‌ڵام هێشتا كاته‌كه بۆ ئه‌مه گونجاو نییه".
له به‌شێكى تر‌ى قسه‌كانى باس چه‌ند نموونه‌یه‌كى له‌و وڵاتانه كرد كه ڤایرۆسى كۆرۆنایان تێدا بڵاو بووه‌ته‌وه، تره‌مپ ده‌ڵێ "كۆریاى باشوور به توندى تووشى په‌تاكه بووه، ئیتالیایش به‌هه‌مانشێوه. ئه‌وه‌ى له چین روو ده‌دات روون و ئاشكرایه، وه‌ك ده‌رده‌كه‌وێت ژماره‌ى تووشبووان كه‌م ده‌بێته‌وه و جێگیر ده‌بێت، ئه‌مه هه‌واڵێكى خۆشه، با بزانین دواتر چى روو ده‌دات".
دووپاتیشى كرده‌وه كه ئه‌مه‌ریكا ئاماده‌یه له‌سه‌ر ئاستێكى فراوان رووبه‌ڕووى په‌تاكه ببێته‌وه ئه‌گه‌ر پێویست بكات.
تره‌مپ ده‌ڵێ "پلانمان هه‌یه بۆ مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ ئه‌و بابه‌ته له‌سه‌ر ئاستێكى فراوانتر، چه‌ندان نه‌خۆشخانه‌مان هه‌یه ژوورى تایبه‌تیان تێدا ته‌رخان كراوه و هه‌روه‌ها چه‌ندان شوێنى را‌گرتن دروست كراون".
له‌باره‌ی پێداویستییه ته‌ندروستییه‌كانیش تره‌مپ راى ده‌گه‌یه‌نێ، كه‌لوپه‌لێكى زۆر له ئه‌مه‌ریكا ئاماده كراون.
ئاژانسى فرانس پرێس له راپۆرته‌كه‌ى ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌كات، لێدوانه‌كانى دۆناڵد تره‌مپ پێچه‌وانه‌ى زۆربه‌ى به‌رپرسانى ئه‌مه‌ریكایه، به‌تایبه‌تى نانسى میسونییه كه به‌رپرسى ناوه‌ندى ئه‌مه‌ریكایه بۆ زاڵبوون به‌سه‌ر نه‌خۆشییه‌كان. نانسى رۆژى سێشه‌مى رابردوو له لێدوانێكى رۆژنامه‌وانیدا گوتى، "له كۆتادا چاوه‌ڕێ ده‌كه‌ین ئه‌م په‌تایه له ئه‌مه‌ریكایش بڵاو ببێته‌وه".
به‌رپرسانى ئه‌مه‌ریكا به پێچه‌وانه‌ى تره‌مپ باس له بڵابوونه‌وه‌ى كۆرۆنا ده‌كه‌ن
هه‌روه‌ها ئه‌م به‌رپرسه‌ى ئه‌مه‌ریكا ده‌ڵێ، "هێشتا ناكرێ ئه‌و پرسیارانه بكرێت، كه‌ى روو ده‌دات و چۆن روو ده‌دات و چه‌ند كه‌س تووش ده‌بن".
جگه له‌مه قسه‌كانى دۆناڵد تره‌مپ پێچه‌وانه‌وه‌ى ئه‌لێكس ئازارى وه‌زیرى ته‌ندروستى ئه‌مه‌ریكایه كه دووپاتى كردووه‌ته‌وه، مه‌ترسی كۆرۆنا ئێسته له‌ژێر كۆنتڕۆڵدایه، به‌ڵام ئه‌م بارودۆخه بۆ ماوه‌یه‌كى زۆر به‌رده‌وام نابێت.
وه‌زیرى ته‌ندروستى ئه‌مه‌ریكا له لێدوانێكى بۆ رۆژنامه‌نووسان گوتى، "ئاستى مه‌ترسیى ئه‌م ڤایرۆسه به خێرایى ده‌گۆڕێت، له‌وانه‌یه ماوه‌یه‌كى تر پێشبینى بكه‌ین ژماره‌یه‌كى زۆری تووشبوو له ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانى ئه‌مه‌ریكا بدۆزرێنه‌وه".
له سه‌روبه‌ندى به‌ڕێوه‌چوونى هه‌ڵبژاردنى سه‌رۆكایه‌تى ئه‌مه‌ریكا، بابه‌تى كۆرۆنا له‌م وڵاته ده‌بێته بابه‌تێكى سیاسى و دیموكراته‌كان حكوومه‌تى دۆناڵد تره‌مپ به‌وه تۆمه‌تبار ده‌كه‌ن، له پلانه‌كانیان بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى بڵاوبوونه‌وه‌ى ڤایرۆسى كۆرۆنا، كه‌مته‌رخه‌مى ده‌كه‌ن و به‌گوێره‌ى پێویست مامه‌ڵه ناكه‌ن.
وێڕاى ره‌خنه‌كان، رۆژى سێشه‌مى رابردوو 25ى شوبات، حكوومه‌تى دۆناڵد تره‌مپ داواى له كۆنگرێس كرد ره‌زامه‌ندى بدات له‌سه‌ر ته‌رخانكردنى دوو ملیار و 500 ملیۆن دۆلار بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى په‌تاى ڤایرۆسى كۆرۆنا. وه‌ك به‌رپرسانى حكوومه‌تى تره‌مپ ئاشكرایان كرد، له‌م پاره‌یه ملیارێك دۆلار بۆ دابینكردنى ده‌رمان ده‌بێت.
ڤایرۆسى كۆرۆنا بۆ یه‌كه‌م جار له مانگى رابردوو له شارى وهانى چین بڵاو بووه‌وه، دواتریش چه‌ندان وڵاتى گرته‌وه، تا ئێسته نزیكه‌ى 40 وڵات حاڵه‌تى تووشبوونى تێدا دۆزراوه‌ته‌وه، به‌ڵام تا ئێسته له ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانى ئه‌مه‌ریكا حاڵه‌تێكى تووشبوون تۆمار نه‌كراوه.