هۆكاری بەشداری نەكردنی كورد لە دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراق

:: PM:05:40:27/02/2020 ‌

ئەمڕۆ دانیشتنی نائاسایی پەرلەمانی عێراق بۆ دەنگدان بە كابینە و بەرنامەی حكوومەتی محەمەد عەلاوی راسپێردراو بۆ پێكهێنانی حكوومەتی نوێی عێراق دەستی پێ كرد، بەڵام بەهۆی ناتەواوی نیسابی یاسایی دانیشتنەكە بۆ شەمووی داهاتوو دواخرا، پەرلەمانتارێكی فراكسیۆنی پارتی هۆكاری بەشداری نەكردنی فراكسیۆنە كوردییەكان لەو دانیشتنە روون دەكاتەوە.
شیعە لە رێگەی عەلاوییەوە رێككەوتنەكانی عەبدولمەهدی لەگەڵ كورد وەلا دەنێن
ئیخڵاس دلێمی لە فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق گوتی، رەتكردنەوەی فراكسیۆنە كوردییەكان بۆ دەنگدان بە كابینەی حكوومەتەكەی عەلاوی بۆ چەند هۆكارێك دەگەڕێتەوە لەوانە لاوازیی بەرنامەی حكوومەتەكەی و شێوازی مامەڵەكردنی خۆبەزلزانین لەگەڵ پێكهاتەكانی تری عێراق و كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان هەرێم و بەغدا. 

زیاتر گوتی، محەمەد عەلاوی وەزارەتی بە كورد دابوو، بەڵام ئەو لە بەرنامەی حكوومەتەكەی مافی كورد و پێكهاتەكانی تری فەرامۆش كردبوو، جیا لە فەرامۆشكردنی خواستی شەقامی عێراقی، عەلاوی وەك هەر پارێزگایەكی تری عێراق مامەڵەی لەگەڵ هەرێم كردووە و رەچاوی فیدرالیەت و تایبەتمەندیی ئەوانی نەكردووە و لەگەڵیان رێك نەكەوت. 

لای خۆیەوە ئەحمەد سەفار پەرلەمانتارێكی تری كورد ئاماژەی كرد كە سێ خاڵی ناكۆكی لەنێوان هێزە كوردییەكان و محەمەد عەلاوی هەن رێگری لە رێككەوتنیان دەكات، ئەوانیش پشكی هەرێمە لە بودجەی عێراق و شایستە داراییەكانی پێشمەرگە و میكانیزمی دیاریكردنی وەزیرەكانی كوردە لە كابینەكەی.




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل