سەرچاوەیەك: هادی عامری و فالح فەیاز لەگەڵ سەرۆك بارزانی كۆ دەبنەوە

:: PM:08:11:27/02/2020 ‌

ئەمڕۆ پێنجشەم بڕیاربوو كابینەی حكوومەتی محەمەد عەلاوی لە پەرلەمانی عێراق دەنگی پێ درێت، بەڵام بەهۆی ناتەواوی نیسابی یاسایی دانیشتنەكە بۆ شەمووی داهاتوو هاتە دواخستن، سەرچاوەیەكی سیاسی ئاشكرای دەكات كە هەریەك لە هادی عامری سەرۆكی هاوپەیمانی "فەتح" و فالح فەیاز سەرۆكی بزووتنەوەی عەتا داوای بینینی سەرۆك بارزانیان كردووە بۆ رازیكردنی كورد بە دەنگدان بە عەلاوی.
حكوومەتی عەلاوی پێویستی بە پاڵپشتیی نیشتمانییە و دەبێت لەگەڵ كورد پێكبێت
ئەمڕۆ پێنجشەم زیا پوترس ئەندامی شاندی سیاسیی هەرێم كە گفتوگۆ لەگەڵ عەلاوی دەكات گوتی، لەبارەی مامەڵەكردن لەگەڵ هەرێمی كوردستان عەلاوی لەسەر پێڕەوكردنی هەمان میكانیزم بۆ دیاریكردنی وەزیرەكانی سوورە، و ئەوەیش پرسەكە ئاڵۆز دەكات، بۆیە پێویستە تا 48 سەعاتی داهاتوو نەرمی لەبەرانبەر كورد بنوێنێت تا پرۆسەی دەنگدان بە كابینەی حكوومەتەكەی بەڕێوە بچێت و كێشەكان نەمێنن.

سەرچاوەكە ئەمڕۆ پێنجشەم بە ماڵپەڕی "مەوقف عێراقی"ی راگەیاند، عامری و فەیاز داوای دیداری سەرۆك بارزانیان كردووە بەمەبەستی هاندانی هێزە سیاسییە كوردییەكان بۆ دەنگدان بە حكوومەتی محەمەد عەلاوی لە دانیشتنی شەمووی داهاتوو، روونی كردەوە، چاوەڕوان دەكرێت لە چەند سەعاتی داهاتوو دیدارێكی سێقۆڵی لەنێوانیان ساز بكرێت بەمەبەستی گەیشتن بە رێككەوتن لەسەر پێدانی متمانە بە حكوومەتی عەلاوی لە دانیشتنی شەموو.

لای خۆیەوە عزەت شابەندەر سیاسەتوانی شیعە دووپات لەو هەواڵە دەكاتەوە و لە تویتێك نووسیویەتی، داوا لە عامری و فەیاز دەكەم لە دیداری چاوەڕوانكراویان لەگەڵ سەرۆك بارزانی سووربن لەسەر نەهێشتنی بەربەستەكانی بەردەم پێكهێنانی حكوومەتی كاتی و سەربەخۆ و پاك و دوور لە رێنوێنیی دەرەكی و ناوخۆیی و هەمووان پاڵپشتی بكەن و یەكپارچەیی كۆمەڵگەیی و نیشتمانی عێراق بپارێزێت.

لای خۆیەوە یونادەم كنا پەرلەمانتاری عێراق دووپاتی كردەوە كە بەدەستهێنانی محەمەد عەلاوی بۆ دەنگی 170 پەرلەمانتار مانای ئەوە نییە پاڵپشتی و كۆدەنگی نیشتمانی بەدەست هێناوە، بەڵكو پاڵپشتی ژمارەیەییە و ناكرێت پێكهاتەیەكی رەسەنی وەك كورد لە پێكهێنانی حكوومەت فەرامۆش بكرێت.

زیاتر گوتی، پێویستە محەمەد عەلاوی روو لە كورد بكات و لەگەڵیان بگاتە رێككەوتن بۆ تێپەڕاندنی كابینەكەی، چونكە سازكردنی دانیشتنی دەنگدان بە حكوومەت بێ كورد ناكرێت، وەك چۆن دانیشتنی دەركردنی هێزەكانی ئەمەریكا ئەوان ئامادەی نەبوون.  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل