ئه‌مساڵ رێژه‌ی مردنی منداڵ له پارێزگای دهۆك به‌شێوه‌یه‌كی به‌رچاو كه‌میی كردووه، هاوكات ده‌ركه‌وتووه ساڵ له دوای ساڵ ژماره‌كه به‌ره‌و كه‌می ده‌ڕوات و كردنه‌وه‌ی نه‌خۆشخانه‌یه‌كی پێشكه‌وتوو له دهۆك، به گرنگترین هۆكار هه‌ژمار ده‌كرێت.
زۆربه‌ی ئه‌و منداڵانه‌ی ده‌مرن ئه‌وانه‌ن كه ته‌مه‌نیان له‌ژێر یه‌ك مانگدایه و ئه‌م منداڵانه به ناكام داده‌نرێن
منداڵ زیاتر له هه‌ر كه‌س پێویستی به چاودێریی پزیشكی هه‌یه، به‌تایبه‌تی دوای ئه‌وه‌ی له دایك ده‌بن. دكتۆر نزار عیسمه‌ت به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی ته‌ندروستی دهۆك، به"وشه" ده‌ڵێ، ئه‌مساڵ رێژه‌ی مردنی منداڵی یه‌ك رۆژ تا 12 ساڵ له پارێزگای دهۆك به رێژه‌ی 22% كه‌میی كردووه, ئه‌مه‌ش بۆ خه‌مخۆری (نه‌خۆشخانه‌ی هێڤی منداڵان) ده‌گه‌ڕێته‌وه.
نه‌خۆشخانه‌ی هێڤی به یه‌كێك له نه‌خۆشخانه هه‌ره باشه‌كان داده‌نرێت نه‌ك ته‌نیا له‌سه‌ر ئاستی كوردستان، به‌ڵكو له‌سه‌ر ئاستی عێراقیش.
له ساڵی 2015ـه‌وه پڕۆژه‌ی چاودێری چڕ بۆ منداڵانی تازه له دایكبوو و ئه‌و منداڵانه‌ی هه‌ناسه‌یان باش نییه، له نه‌خۆشخانه‌كه كراوه‌ته‌وه. له‌گه‌ڵ سێ هۆڵی نه‌شته‌رگه‌ری و هه‌موو ستافی نه‌خۆشخانه‌كه به‌شێوه‌یه‌كی نوێ و ئه‌كادیمی راهێنراون.
سه‌رچاوه‌ی داهاتی پڕۆژه‌كه به پاڵپشتی و هاوئاهه‌نگی حكوومه‌تی ئیتاڵیا و رێكخراوی ته‌ندروستی جیهانی و یه‌كێتی ئه‌وروپا و رێخكراوی GIZی ئه‌ڵمانیایه و بۆ به‌رده‌وامه.
دكتۆر نزار به‌كر پزیشكی پسپۆری منداڵ، باس له‌و ئه‌گه‌رانه ده‌كات كه ده‌بنه هۆی به‌رزبوونه‌وه‌ی رێژه‌ی مردنی منداڵ و بۆ "وشه" خستیه ڕوو، زۆربه‌ی ئه‌و منداڵانه‌ی ده‌مرن ئه‌وانه‌ن كه ته‌مه‌نیان له‌ژێر یه‌ك مانگدایه و ئه‌م منداڵانه به ناكام داده‌نرێن، واته پێش سی و حهوتهمین هه‌فته‌ی سكپڕیی له دایك ده‌بن، له‌به‌رئه‌وه‌ی كێشیان زۆر كه‌مه و زۆربه‌یان له نێوان 650 بۆ 700 گرامدان.
"ئه‌مانه كێشه‌ی هه‌ناسه‌یان ده‌بێت و به دروستی پێنه‌گه‌یشتوون، له‌به‌رئه‌وه زۆربه‌یان ده‌مرن مه‌گه‌ر چاودێریی چڕ و ئامێری پێشكه‌وتوو له نه‌خۆشخانه‌كه‌دا هه‌بێت، هه‌ر هۆكارێكی تری سیستمی هه‌ناسه‌دان لاواز بكات وه‌ك هه‌وكردنی به‌هێزی سنگ یان ئیفلیجبوونی كاتیی ماسولكه‌كانی سنگ، مردنی منداڵ زیاد ده‌كات" دكتۆر نزار وای گوت.
چیا نه‌واس منداڵێكی حه‌وت ساڵان، تووشی نه‌خۆشییه‌كی ترسناك بوو و ماوه‌ی پێنچ مانگ هه‌ناسه‌ی به‌ته‌واوی پچڕا و ژیانی له‌سه‌ر ئامێره‌كان مابوو به هه‌ناسه‌ی ده‌ستكرد، به‌ڵام له‌لایه‌ن پزیشكانی نه‌خۆشخانه‌كه‌وه رزگار كرا.
دایكی چیا به چاوی پڕ گریانه‌وه باسی حاڵه‌تی كوڕه‌كه‌ی ده‌كات و بۆ "وشه" روونی كرده‌وه، "به ته‌واوی له ژیانی كوڕه‌كه‌م بێ هیوا بووم و قه‌ت بڕوام نه‌ده‌كرد جارێكی تر له ئامێزی بگرم، سوپاس بۆ خوا ئێسته ته‌ندروستی زۆر باشه."
دۆخی ژیان و گوزه‌رانی منداڵ له هه‌رێمی كوردستان له‌چاو پارێزگاكانی تری عێراق و هه‌ندێ وڵاتی تری رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، به‌شێوه‌یه‌كی گشتی له ئاستێكی باشدایه.
لێكۆڵینه‌وه و ئاماره‌كانی رێكخراوی ته‌ندروستی جیهانی، ده‌ریده‌خه‌ن كه ساڵانه نزیكه‌ی ملیۆنێك و 700 هه‌زار منداڵ له سه‌رانسه‌ری دنیا به‌هۆی جیاجیاوه ده‌مرن. ئه‌و وڵاتانه‌ی رێژه‌ی مردنی منداڵ تێیاندا به‌رزه، وڵاته هه‌ژار و دواكه‌وتووه‌كانن، پیسبوونی ژینگه و خراپی جۆری ژیان و خواردن و نه‌بوونی ده‌رمان و بنكه‌ی ته‌ندروستی پێشكه‌وتوو و سه‌رهه‌ڵدانی هه‌ندی نه‌خۆشیی كوشنده و هه‌ژاری، هۆی به‌هێز و پاڵنه‌رن بۆ به‌رزبوونه‌وه‌ی رێژه‌ی مردنی منداڵ.
به‌پێی ئه‌و راپۆرتانه‌ی رێكخراوی ته‌ندروستی جیهانی كاری له‌سه‌ر ده‌كات, ده‌رده‌كه‌وێت پێنچ هۆكاری سه‌ره‌كی له پشت گیان له‌ده‌ستدانی ساڵانه‌ی ملیۆنێك و 700 هه‌زار منداڵن له‌سه‌ر ئاستی دنیا، له‌وانه:
570 هه‌زار منداڵ له ئه‌نجامی هه‌وكردنی سییه‌كان و پیسبوونی ئاو و هه‌واوه ده‌مرن، له‌گه‌ڵ مردنی 361 هه‌زار منداڵ به‌هۆی سكچوون و هه‌مان هۆكار و ساڵانه 270 هه‌زار منداڵی ناكام له سه‌رانسه‌ری دنیادا ده‌مرن, 200 هه‌زار منداڵی تریش به‌هۆی نه‌خۆشیی مه‌لاریا و 200 هه‌زار منداڵی تریش به‌هۆی ناله‌باری ژیانیان و گرنگی پێنه‌دانیان به هۆی جیاجیای وه‌ك كه‌وتن و خنكان و ژه‌هراویبوونه‌وه، ده‌مرن.
بە پیێ ئەو ئامارانەی کە لە ژووری ئامارەکانی نەخوشخانەی هیڤی فێرکاری منداڵان بە "وشە" گەیشتوون رێژەی مردنی منداڵە ناکامەکان کە گەیەنرانەتە بەشی چاودێری "خودەج" دابەزیوە. رێژەی مردنی ئەو منداڵانە لە ساڵی 2017 بریتی بووە لە 42.9% لە ساڵی 2018بۆ26.6% و لە سالی 2019 بۆ 22.5% دابەزیوە. لە هەمان نەخۆشخانە رێژەی مردنی ئەو منداڵانەش دابەزیوە کە بە هۆکاری جیاواز پێویستییان بە چاودێری چڕ بووە. رێژەی مردن لەم حاڵەتەدا لە ساڵی 2016 دا 36.4% بووە لە ساڵانی 2017 و 2018 بە 30.4% و 30% دابەزیوە و رێژەکە لە ساڵی 2019 نزیکەی 31% بووە.
وشه/دیڤچوونی دێژین سدقی