سبەی پارەکەی بەغدا دەگات و مووچە دابەش دەکرێ

:: AM:09:12:29/02/2020 ‌
ئەو پارەیەی بەغدا بەپێی ڕێككەوتن بۆ هەرێمی كوردستان مانگانە دەینێرێت، بەهۆی چەند كێشەیەك ماوەی 12 ڕۆژە نەهاتووە و ڕۆژی یەكشەم پارەكە دەگاتە بانكەكانی هەرێمی كوردستان.

بەپێی زانیارییەكانی "وشە" كێشەی نەناردنی پارەكەی بەغدا بۆ هەرێمی كوردستان چارەسەر بووە و رۆژی یەكشەم پارەكە بۆ هەرێمی كوردستان دەگات.

لە زانیارییەكاندا ئاشكرا كراوە، ئێستە هیچ كێشەیەك لە ناردنی پارەكە نییە، ڕۆژی دووشەم و سێشەم مووچەی سەرجەم ئەو وەزارەتانە دابەش دەكرێ كە مووچەیان وەرنەگرتووە.

عێراق بڕی 452 ملیار دینار بۆ هەرێمی كوردستان دەنێرێت
شەوی ڕابردوو، رێبوار كەریم ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە لاپەڕەی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك نووسیویەتی، پارەی ئەم مانگە لە بەغداوە هاتووە و رۆژی یەكشەم یەكی ئادار لەژێر دەستی هەرێمدا دەبێت.

هەرێمی كوردستان بۆ دابەشكردنی مووچەی فەرمانبەران، دوای تەنگژەی دارایی پشت بە فرۆشتنی نەوت و ئەو بڕە پارەیەی لە بەغداوە بەپێی ڕێككەوتنێك بۆ هەرێمی كوردستان دێتە ناردن، دەبەستێت.

بەپێی ڕێككەوتنی نێوان هەرێمی كوردستان و عێراق، لە ناوەڕاستی هەر مانگێك عێراق بڕی 452 ملیار دینار بۆ هەرێمی كوردستان دەنێرێت و بە داهاتی ناوخۆیی و پارەی هاوپەیمانان بۆ پێشمەرگە و فرۆشتنی نەوت مووچەی فەرمانبەران دەدرێت.

لە سەرەتای ئەمساڵ پاشەكەوتی مووچە لەسەر فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان هەڵگیرا و پێدانی مووچە ئاسایی بووەتەوە. لە پێنجی سەرەتای هەر مانگێك لە هەرێمی كوردستان مووچە دابەش دەكرێت.



وشە - رامیار جەواد