وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی لە ڕێی توێژەرانی دەروونی و كۆمەڵایەتی لەگەڵ قایمقامییەتی شارەكان، بەشداری لە هەڵمەتی بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا دەکات.
لە رووی دەروونی و كۆمەڵایەتییەوە، دەتوانێ كار لەسەر ئەم بابەتە بكات
ئەمڕۆ شەموو 29ـی شوبات، یوسف چاوشین بەڕێوەبەری گشتی چاودێری و گەشەپێدانی كۆمەڵایەتی هەولێر بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەڵمەتی كۆرۆنا و بۆ زیاتر خزمەتكردنی پرۆسەكە، وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی لە رووی دەروونی و كۆمەڵایەتییەوە، دەتوانێ كار لەسەر ئەم بابەتە بكات.
بەڕێوەبەری گشتی چاودێری و گەشەپێدانی كۆمەڵایەتی هەولێر گوتی، پێویستە توێژەرانی بەڕێوەبەرایەتی چاودێری و گەشەپێدانی كۆمەڵایەتی هەولێر، لەگەڵ قایمقامەكان و لیژنە پزیشكییەكان لە پێوەندیدا بن بۆ بەجێگەیاندنی ئەم ئەركە لە هەڵمەتەكانی بەرەنگاربوونەوە ئەوەیش بەپێدانی ڕێنوێنی بۆ دەروونی بۆ ئارام كردنەوەی هاووڵاتییان.
باسی لەوەش كرد، بەشداریكردن یان نەكردنی توێژەران لەم پرۆسەیە، لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتی لەبەرچاو دەگیرێت.
هەڵمەتی بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا لەلایەن وەزارەتی تەندروستی و وەزارەتی ناوخۆ دەستی پێ كردووە، وەزارەتی كاروباری كۆمەڵایەتیش بە بەشداریی توێژەرە دەروونی و كۆمەڵایەتییەكان، پاڵپشتی خۆی بۆ پرۆسەكە دەربڕیوە.