نرخی نەوت لە بازاڕەكانی جیهانیی لە دابەزین بەردەوامە و نزمترین نرخی لە سێ ساڵ رابردوو تۆمار كردووە. هۆكاری سەرەكیی ئەم دابەزینە بۆ بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا دەگەڕێتەوە.
هەفتەیەكی تر لە بازاڕی بۆرسە داخرا و بە پێچەوانەی دوو هەفتە پێشتر كە كەمێك نرخی نەوت هەڵكشابوو، ئەم هەفتەیە زۆرترین دابەزینی تۆمار كرد.
لە هەفتەیەکدا سەرووی 13% لە نرخی نەوت دابەزی.
بەگوێرەی
livechart نرخی هەر بەرمیلێك لە نەوتی برێنت لە سەرەتای هەفتەكە بریتی بوو لە 58 دۆلار و 40 سەنت، بەڵام دواجار نرخەكەی بە 50 دۆلار و 49 سەنت داخرا و سەرووی 13% لە نرخەكەی دابەزی.
نرخی نەوت لەمە زیاتریش دابەزیبوو و بۆ چەند سەعاتێك خوارووی 49 دۆلار و 50 سەنتی تۆمار كردبوو، ئەمەش نزمترین نرخە لەوەتەی تەمووزی 2017ەوە تۆمار كراوە.
هۆكاری سەرەكی دابەزینی نرخی نەوت لە بازاڕەكانی دنیا بۆ بڵاوبوونەوە و تەشەنەكردنی زیاتری ڤایرۆسەكە لە ئاستی كیشوەرەكان دەگەڕێتەوە.
لە چەند رۆژی رابردوودا ڤایرۆسەكە بە خێرایی لە ئەوروپا و ئەمەریكا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بڵاو بووەتەوە و تەنانەت گەیشتووەتە كیشوەری ئەفریقاش، ئەمەش نیگەرانیی بازاڕەكانی لێ كەوتووەتەوە.