سبەی دوایین وادەی پێكهێنانی كابینەی نوێی عێراقە، ئەندامێكی پەرلەمانی عێراق لە فراكیسۆنی پارتی رای دەگەیەنێت، ئەگەر گۆڕانكاری بەسەر هەڵوێستەكانی عەلاوی بێت، متمانەی پێ دەدەین.
ئەمڕۆ شەموو 29ی شوبات، دانا جەزا ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە "وشە" ی راگەیاند، محەمەد تۆفیق عەلاوی کاندیدی هەڵبژێردراو بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی عێراق، بۆ چارسەركردنی كێشەی پێكهێنانی كابینەكەی و پشكی هەرێمی كوردستان، دوور لە چاوی كامێراكان پێوەندیی بە سەرۆك بارزانی كردووە.
ئەگەر عەلاوی گۆڕانكاری بەسەر هەڵوێستەكانی بەرانبەر كورد بکات
روونی كردەوە، دواخستنی دانیشتنی پەرلەمان بۆ سبەی، مانای وایە سەرۆكی راسپێراو بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێ حكوومەت، دەیەوێت گۆڕانكاری لە كارنامەی حكووومەتەكەی بكات.
ئەوەی خستەڕوو، بەشداری فراكسیۆنە كوردستانییەكان لە دانیشتنی سبەی، پێوەندە بە كارنامەی حكوومەت، چونكە بەلای كورد كارنامە و تێگەیشتنی عەلاوی بۆ پرسەكانی كورد گرنگە.
دانا جەزا گوتی، ئەگەر عەلاوی گۆڕانكاری بەسەر هەڵوێستەكانی بەرانبەر كورد بکات، ئەوا ئێمە بەشداری دانیشتنی سبەی دەكەین و متمانەی پێ دەدەین، بەڵام ئەگەر وا بەردەوام بێت بایكۆتی دانیشتنەكان دەكەین .
محەمەد تۆفیق عەلاوی یەكی شوبات، لەلایەن سەرۆك كۆماری عێراق بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێ حكوومەتی عێراق هاتە راسپاردن، ماوەی 30 رۆژی بۆ پێكهێنانی كابینەكەی لەبەردەست بوو.