ڕێگە بە کەس نادرێت مێژووی لەدایکبوونی ئەمڕۆ دەستکاری بکات

:: PM:12:05:29/02/2020 ‌
بەرپرسێكی نەخۆشخانەی لەدایكبوون و منداڵانی هەولێر ئاشكرای دەكات، لە ڕۆژانی ئاسایی چەندان منداڵ لەدایك دەبن و ئەمڕۆش هەر منداڵێك لەدایك بێت، ناتوانرێ دەستكاری ڕۆژی لە دایكبوونی بكرێت.

ئەمڕۆ شەموو 29ـی شوبات، شوان تەحسین بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی نەخۆشخانەی لە دایكبوون و منداڵانی هەولێر بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، هەر منداڵێك لە چ ڕۆژێك لەدایك بێت، ئەو ڕۆژە لە فایلی لەدایكبوونەكەی تۆمار دەكرێت.

بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی لەدایكبوونی هەولێر گوتی، بەپێی یاسا ناكرێت دەستكاری ڕۆژی لەدایكبوونی هیچ منداڵێك بكرێت، بەڵێ‌ ژمارەیەك دایك هەن داوا دەكەن لە ڕۆژانی ڕێكەوتی تایبەت تۆمار بۆ منداڵەكانیان بكرێت، بەڵام ئەوەیش ناكرێ و ڕێپێدراو نییە، بۆیە ئەمڕۆ هەر منداڵێك لەدایك بێت بە ڕێكەوتی 29ـی شوبات تۆمار دەكرێت.

ئەمڕۆ هەر منداڵێك لەدایك بێت بە ڕێكەوتی 29ـی شوبات تۆمار دەكرێت 
ئاشكرای كرد، ڕۆژانە نزیكەی 50 منداڵ لە نەخۆشخانەی لە دایكبوونی هەولێر لەدایك دەبن، هەر دایكێكیش بەپێی پشكنینەكان پێویستی بە لەدایكبوونی ئەمڕۆ نەبێت، یان پێویستی بە نەشتەرگەری نەبێت، بۆی ناكرێت.

29ـی شوبات لە چوار ساڵ جارێك دووبارە دەبێتەوە، ئەوەیش وای كردووە ئەو كەسانەی لەو ڕۆژە لەدایك دەبن، چوار ساڵ جارێک یادی ڕۆژی لەدایكبوونیان بكەنەوە.



وشە - رامیار جەواد