ئێران زانیارییەكان دەشارێتەوە.. سەدان كەس بە كۆرۆنا مردوون

:: PM:01:28:29/02/2020 ‌

ئێران بە شاردنەوەی زانیارییەكانی پێوەندیدار بە قوربانیانی كۆرۆنا، زیانیكی گەورەی بە خۆی و تەنانەت وڵاتانی تری دنیا گەیاندووە و ئەو شاردنەوەیە وای كردووە ئێران ببێتە سەرچاوەی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەكە لە زۆر وڵاتی دنیا. دەگوترێ تەنیا لە تاران 15 هەزار كەس تووشی كۆرۆنا بوون و بەگشتی سەرووی 200 كەسیش مردوون.

هەفتەی رابردوو كۆرۆنا خێراتر لە هەفتەكانی پێشتر بە وڵاتانی دنیادا بڵاو بووەوە و زۆر لە وڵاتانی ئەوروپا، ئەمەریكا و ئاسیای گرتەوە. زۆر لەو وڵاتانەی بۆ یەكەم جار حاڵەتی تووشبوون بە ڤایرۆسەكەیان تێدا تۆمار كرا سەرچاوەكەی حالەتەكانیان ئێران بوو. لە عێراق هەشت حاڵەتی تووشبوون بە كۆرۆنا راگەیەنراوە كە سەرجەمیان لە ئێران گەڕابوونەوە.

ئامارە فەرمییەكانی ئێران لەگەڵ ئەو ئامارانەی لە سەرچاوەی جیاواز بڵاو دەكرێنەوە جیاوازییەكی زۆری هەیە و ئێران هاوشێوەی رووداوە سیاسی  و سەربازییەكان، زانیارییە تەندروستییەكانیش لە خەڵكی خۆی و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەشارێتەوە. بە پێی ئامارە فەرمییەكان لە ئێران 388 كەس تووشی كۆرۆنا بوون كە لەو ژمارەیە 34 كەس گیانیان لەدەست داوە و 73 كەسیش چاك بوونەتەوە.

تەنیا لە تاران 100 كەس بەهۆی كۆرۆنا مردوون
بەڵام "بی بی سی" بڵاوی كردەوە تەنیا لە تاران 100 كەس بەهۆی كۆرۆنا مردوون و لە قومیش سەرووی 80 كەس مردوون و لە پارێزگاكانی تریش حاڵەتی مردن تۆمار كراون و ژمارەی حاڵەتەكانی مردن دەگاتە سەرووی 200 كەس.

كاتێك ئێران بۆ یەكەم جار ددانی بەوە نا ڤایرۆسی كۆرۆنا لە وڵاتەكەی هەیە ئەوكاتە بوو مردنی دوو كەس بە كۆرۆنا لە قومی راگەیاند و هەر دوو رۆژ دواتر نوێنەری قوم لە پەرلەمانی ئێران گوتی ئامارە فەرمییەكە هەڵەیە و 50 كەس لە قوم مردوون. ئەو بۆ میدیاكان گوتبووی رۆژ نییە ژمارەیەك هاووڵاتی لە قوم بە كۆرۆنا نەمرن.

ناهید خوداكەرەمی سەرۆكی كۆمیتەی تەندروستی ئەنجوومەنی شارەوانی تاران، گریمانەی ئەوەی كردووە لە تاران 10 تا 15 هەزار حاڵەتی تووشبوون بە كۆرۆنا تۆمار كرابێت.

لەلایەكی ترەوە غولامعەلی جەعفەرزادە نوێنەری رەشت لە پەرلەمانی ئێرانیش ئاماژەی بەوە كردووە ئامارەكان زۆر لەوە زیاترن كە حكوومەت بە فەرمی رایان دەگەیەنێت.

بەڵام كیانووش جەهانپوور گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی ئێران راپۆرتەكەی "بی بی سی" رەت كردووەتەوە و گوتوویەتی ئامارەكە هەر ئەوەیە رایان گەیاندووە و پرسی كۆرۆنا پرسێكی تەندروستییە و جیاوازە لە سیاسەت.

لەوانەیە مەبەستی ئەم بەرپرسەی ئێران ئەوە بێ بڵێ، "راستە لە رابردوودا درۆی زۆرمان كردووە كە بەرژەوەندی سیاسی خواستوویەتی ئەم درۆیانە بكرێن، بەڵام لەوەدا درۆ ناكەن."

رۆژی چوارشەم  19ی شوباتی 2020 ماڵپەڕی فەرمی حكوومەتی ئێران "ئیرنا" بۆ یەكەم جار ئاشكرای كرد، لە قوم دوو كەس بەهۆی كۆرۆنا گیانیان لە دەست داوە.  هەر ئەوكات گومان لەوە كرا ئەگەر لە وڵاتێك دوو كەس بەهۆی كۆرۆنا مردبن، دەبێت چ ژمارەیەكی تر هەڵگری ئەم ڤایرۆسە بن كە یان نازانرێ چەندە یان حكوومەت دەیەوێت ژمارەكە بشارێتەوە.

ئەمەریكا چەند جارێك ئێرانی لەوە ئاگادار كردووەتەوە زانیارییەكانی پێوەندیدار بە كۆرۆنا نەیشارێتەوە، بەڵام ئێران رەتی كردووەتەوە زانیارییەكان بشارێتەوە.

لە رابردوودا ئێران پێشتر هۆكاری كەوتنەخوارەوەی فڕۆكەیەكی ئۆكراینی شاردەوە كە بە هۆیەوە 176 كەس گیانیان لە دەست دا. هەروەها دەگوترێ لە خۆپێشاندانەكانی پایزی رابردوو لە ئێران لانی كەم 700 كەس كوژراون، بەڵام تا ئێستە ئێران هیچ ئامارێكی لەم رووەوە نەخستووەتەڕوو.

بەگوێرەی دواین ئاماری gisanddata كۆی ژمارەی تووشبووانی كۆرۆنا لە دنیادا گەیشتووەتە 85 هەزار و 406 كەس، كە لەو ژمارەیە دوو هەزار و 924 كەس مردوون و 39 هەزار و 561 كەس چاك بوونەتەوە.

ئێران لەبەر كۆمەڵێك هۆكار حەزی نەكردووە حاڵەتەكانی تووشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا ئاشكرا بكات. یەكەم بۆ ئەوە بووە پارێزگاری لە زیاتر داڕمانی ئابووریی وڵاتەكەی بكات و بە تایبەت وڵاتانی دراوسێ لە كڕینی بەرهەمەكانی بەردەوام بن. چونكە تەنیا ئەو سەرچاوەیەی بەدەستەوە مابوو. لەلایەكی ترەوە رۆژانە بە هەزاران كەس لە گەشتیار بە تایبەتی لە وڵاتانی دراوسێ سەردانی ئێرانیان دەكرد كە سەرچاوەی داهاتن بۆ ئەو وڵاتە، بەڵام ئەو گەشتیارانە چیتر سەردانی ئێران ناكەن و ئەوەی لەوێش بوون بەپەلە گەڕانەوە وڵاتەكانی خۆیان. 
لەو كاتەوە ڤایرۆسی كۆرۆنا لە ئێران بڵاو بووەتەوە، نرخی هەر دۆلارێك لە 13 هەزار تمەنەوە بۆ نزیكەی 16 هەزار تمەن بەرز بووەتەوە. چەندان وڵات پێوەندییەكانیان لەگەڵ ئێراندا پچڕاندووە.



وشە - سلێمان تاشان