له تازه‌ترین پڕۆژه‌ی ناوه‌ندی حه‌وت ڕه‌نگه كه ناوه‌ندێكی ھونه‌رییه، وێنه‌ی شێوه‌كاران له‌سه‌ر فه‌رش چاپ ده‌كات و مه‌به‌ست له‌م كاره‌یش ئاشناكردنی زیاتری چاوی هاووڵاتییانه به هونه‌ری شێوه‌كارانی كورد.
ئه‌مڕۆ شه‌موو 29ی شوبات، به‌ختیار سه‌عید سه‌رپه‌رشتیاری ناوه‌ندی حه‌وت ڕه‌نگه له‌باره‌ی پڕۆژه‌كه به "وشه"ی گوت، ناوه‌نده‌كه ھه‌میشه بیری له‌وه كردووه‌ته‌وه كه كاری ھونه‌رمه‌ندان و شێوه‌كارانی كورد بچێته ناو ماڵه‌كان و ھه‌موو ئه‌و شوێنانه‌ی كه تێیدا ده‌ژین.
له‌م پڕۆژه نوێیه‌دا مه‌به‌ستیانه كاره هونه‌رییه كوردییه‌كان جێی تابلۆ بیانییه‌كان بگرێته‌وه
روونی كرده‌وه كه له‌م پڕۆژه نوێیه‌دا مه‌به‌ستیانه كاره هونه‌رییه كوردییه‌كان جێی تابلۆ بیانییه‌كان بگرێته‌وه، ئێمه‌یش وه‌ك هه‌ر میله‌تێكی تر گرنگی به هونه‌رمه‌ندانی خۆماڵی بده‌ین.
ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌یش كرد، چاپكردنی وێنه و تابلۆكان له‌سه‌ر فه‌رش جوانی و گرنگی خۆی هه‌یه، له‌به‌رئه‌وه‌ی فه‌رش له مێژووی كولتووریماندا بایه‌خ و گرنگی خۆی ھه‌یه، بۆیه ئێمه‌یش چاپكردنی وێنه‌مان له‌سه‌ر فه‌رش ھه‌ڵبژارد.
" ماوه‌ی دوو مانگه بیرۆكه‌ی كاره‌كه‌مان داڕشتووه و جێبه‌جێمان كردووه، ژماره‌یه‌ك وێنه‌ی دیاریكراومان چاپ كردووه له‌سه‌ر فه‌رشه‌كان، به‌ڵام له داھاتوودا ھه‌ر شێوه‌كار و ھونه‌رمه‌ندێك خواستی له‌سه‌ر ئه‌م جۆره كاره ھه‌بێت، ده‌توانێ له‌گه‌ڵمان به‌شداری بكات" به‌ختیار سه‌عید وای گوت.
له كۆتاشدا گوتی، له چوارچێوه‌ی پڕۆژه‌كه‌ماندا سه‌ردانی ئه‌و دوكان و كۆمپانیانه ده‌كه‌ین كه فه‌رش ده‌فرۆشن و له ئێران و وڵاتانه‌وه ده‌یھێنن، ئه‌و جۆره فه‌رشانه بفرۆشن كه وێنه‌ی سروشت و كولتوور و شوێنه‌واری كوردستانی تێدایه، له‌به‌رئه‌وه‌ی خه‌ڵك ڕۆحیه‌تی له‌گه‌ڵ ئه‌و شتانه تێكه‌ڵ ده‌بێت كه مۆركی كوردی پێوه بێت.
د. ڕێبوار سه‌عید كه ماوه‌ی 25 ساڵه كاری ھونه‌ری شێوه‌كاری ده‌كات، یه‌كێكه له‌و ھونه‌رمه‌ندانه‌ی كه به‌شداری له پڕۆژه‌كه‌دا كردووه و 25 وێنه‌ی له‌سه‌ر فه‌رشه‌كان چاپ كراوه. له‌باره‌ی نمایشكردنی ھونه‌ر به‌شێوازی جیاواز بۆ "وشه" گوتی، ھه‌ر كارێكی ھونه‌ری كه بڵاو ده‌بێته‌وه و له سنووری گه‌له‌رییه‌كان تێده‌په‌ڕێت، به‌ھای خۆی ھه‌یه، له‌به‌رئه‌وه‌ی ڕێیه‌كه بۆ ڕۆشنبیركردنی كۆمه‌ڵگه.
سلێمانی/ لۆڤه محه‌مه‌د