دووگیانی ئافرەتان لە 40 هەفتەدا (هەفتەی 22)

:: PM:02:56:01/02/2017 ‌

لە هەفتەی بیست و دوودا ئەم پزیشكە پسپۆڕە باس لە كێشی كۆرپەڵە دەكات، هەروەها باس لە پشت ئێشەی دایكی دووگیان دەكات و چارەسەری دەخاتە ڕوو، لەو هەفتەیە ئەگەر كۆرپەڵەكەت كوڕ بێت، ئەوا ئەندامی نێرینەی دەست دەكات بە دروستبوونی.

دكتۆر گوڵاڵە محەمەد پسپۆڕی نەزۆكی و منداڵان لە ڕێگەی "وشە"ەوە هەفتەی بیست و دووی  دووگیانی ڕوون دەكاتەوە دەڵێ، كۆرپەڵە بە نزیكەیی نیو كیلۆگرام دەبێت، لەو هەفتەیە برۆ و برژانگی چاوەكان دەست بە دروستبوون دەكەن، مێشك زۆر بە خێرایی گەشە دەكات. 

ئەم پزیشكە پسپۆڕە دەڵێت، ئەگەر كۆرپەڵەكەت كوڕ بێت، ئەوا گونەكانی دەست بە دروست بوون و بە هاتنە خوارەوە دەكەن لە ناو حەوز بۆ ناو توورەگەی گون "لە سەرەتا كە گونەكان دەست بە دروستبوون دەكەن لە شوێنی تایبەتی خۆیان نین كە توورەگەی گونە".

دكتۆر گوڵاڵە دەڵێت، لەم هەفتەیەدا بەرزیی منداڵدانت بە نزیكەی یەك سانتیمەتر لەسەر ئاستی ناوكتە، كێشت بەردەوام لە زیادبوون دەبێت، ئەم كێش زیادبوونە كار دەكاتە سەر پشتت، بۆ كەمكردنەوەی كاریگەرییەكان، پێڵاوی من فلات لە پێ بكە، بۆ ماوەیەكی زۆر دامەنیشە یان ڕامەوەستە، كە دانیشتیت هەوڵ بدە لە كاتی هەستانەوە بەهۆی شتێك خۆت هەڵبستێنەوە.

ئەو پزیشكە پسپۆڕە لە ڕێی "وشە"ەوە بەردەوام دەبێ لە خستنەڕووی زنجیرە ئامۆژگارییەكانی بۆ ئافرەتان لە پرۆسەی سكپڕیدا و لە ئامۆژگارییەكانی داهاتوویدا باس لە چەند نیشانەیەك دەكات كە وا دەكات بەر لە تەواوبوونی 40 هەفتە منداڵ لە دایك دەبێت، واتا بە حەوت مانگی.




وشە - رامیار جەواد