لالۆ ڕه‌نجده‌ر وێڕای ئه‌وه‌ی هونه‌رمه‌ندێكی دیاری كورده و خاوه‌نی ده‌یان سروودی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتماییه، هاوكات له بواری نووسینی شیعریشدا به‌هره‌یه‌كی جوانی هه‌یه، له‌م دیمانه‌یه‌ی "وشه"دا ئه‌و هونه‌رمه‌ند و شاعیره، وه‌ڵامی چه‌ندان پرسیار ده‌داته‌وه.
ده‌ستپێكی ژیانی ئه‌ده‌بیت كه‌ی و له كوێوه بوو؟
پێش ئه‌وه‌ی باس له ژیانی ئه‌ده‌بیم بكه‌م، پێمخۆشه ئاماژه به‌وه بكه‌م كه له ساڵی ١٩٥٦ له كه‌ركووك هاتوومه‌ته دنیاوه و هه‌ر له كه‌ركووك تا ناوه‌ندیم خوێندووه، به‌ڵام به‌هۆی باری سیاسی و ڕاكه‌ڕاكه و شانه نهێنییه‌كانی ناوشار، نه‌متوانیوه له خوێندن زیاتر به‌رده‌وام بم.
ساڵی ١٩٧٧ ڕووم له شاخ كرد و پێوه‌ندیم به ڕیزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ی "كۆمه‌ڵه‌ی ڕه‌نجده‌رانی كوردستان"ـه‌وه كرد، له‌ناو كۆمه‌ڵه‌دا به كه‌سێكی ئارامی ناسرابووم، به‌تایبه‌تی له‌ناو ئه‌وانه‌ی زیاتر هۆگری نووسینه‌كانی شه‌هید ئارام بوون. هه‌ر له پێشمه‌رگایه‌تیدا ده‌ستم به نووسین و سروودگوتن و گۆرانیی سیاسی كرد.
به‌ر له‌وه‌ی پێوه‌ندی به شاخه‌وه بكه‌یت، هیچ شیعرێكی سیاسی یان نه‌ته‌وه‌ییت هه‌بوو؟
بێگومان پێش ئه‌وه‌ی پێوه‌ندی به شاخه‌وه بكه‌م، له گرتووخانه‌ی هه‌یئه‌ی به‌عس له كه‌ركووك گیرام و ماوه‌یه‌ك له گرتووخانه مامه‌وه، هه‌ر له‌وێ شیعری سروودی "ئه‌ی به‌ندیخانه"ـم نووسیوه، تێكسته‌كه ده‌ڵێت "بێ شك بزانه ئه‌ی به‌ندیخانه، ده‌تكه‌ین به جێگه‌ی گوڵ و ڕه‌یحانه"، ئه‌وكاته‌ی ئه‌و تێكسته‌م نووسی، ته‌نانه‌ت گیراوه‌كانیش باوه‌ڕیان به‌وه نه‌ده‌كرد ڕۆژێك بێت گرتووخانه ته‌خت بكرێت و شوێنه‌كه‌ی بكرێ به باغ و گوڵ، به‌ڵام هه‌ر وابوو دوای ڕووخانی به‌عس، شوێنی گرتووخانه‌كه بوو به باغ و گوڵ.
دوای ئازادبوونم و چوونم بۆ شاخ، ئه‌و تێكسته‌م كرد به سروودی "ئه‌ی به‌ندیخانه" كه به شێوه‌یه‌كی زۆر فراوان ده‌نگی دایه‌وه، ئیتر ژیانی هونه‌ری و ئه‌ده‌بیم له‌و كاته‌وه ده‌ستی پێ كرد.
دوای ڕاپه‌ڕینی خه‌ڵكی كوردستانیش به‌رده‌وام بوویت له گوتنه‌وه‌ی سروود و گۆرانی سیاسی؟
دوای ئه‌وه‌ی له 1991 ڕاپه‌ڕینی خه‌ڵكی كوردستان دروست بوو، له‌گه‌ڵ خه‌ڵكه‌كه هاتمه ناوشار، ئیتر ژماره‌یه‌ك له كه‌سوكارم شه‌هید بوون، تاقانه كوڕێكم بۆ ده‌رچوو به‌ناوی "ئارام"، بۆیه دوای ڕاپه‌ڕینیش له سروودگوتنه‌وه نه‌وه‌ستام و زۆربه‌ی ئه‌و سروودانه‌ی گوتوومه هاتوونه‌ته دی، جگه له‌و سرووده‌ی كه به‌ناوی چوار پارچه‌ی كوردستانه، به‌ڵام هیوام ئه‌وه‌نده گه‌وره‌یه كه ڕۆژێك هه‌ر دێ ئه‌م خه‌ونه‌یشم بێته دی و چوار پارچه‌ی كوردستان یه‌ك بگرێته‌وه و ببێت به یه‌ك ده‌وڵه‌تی گه‌وره.
تا ئێسته چه‌ند سروودی نه‌ته‌وه‌ییت هه‌یه و شیعره‌كانت سه‌ربه چ قوتابخانه‌یه‌كی ئه‌ده‌بین؟
زۆربه‌ی شیعره‌كانم بۆ سروود ده‌شێن، زیاتر له ٧٠ سروودم هه‌یه كه سێ به‌شی شیعره‌كانم نه‌ته‌وه‌یین و گوزارشت له كوردستان و شه‌هید و نه‌ته‌وه‌كه‌م ده‌كه‌ن، به‌ڵام دوای ئه‌وه وه‌ك یار خودایی، واته ته‌سه‌وف چوومه ناو دنیای سۆفیگه‌رییه‌وه، چوارینه‌كانیشم له رۆژانی چوارشه‌مان بڵاویان ده‌كه‌مه‌وه، زۆربه‌یان گوزارشت له عه‌شقێكی پاكی خودایی ده‌كه‌ن، واته سۆفیگه‌ری، به‌ڵام من به كوردییه‌كه‌ی ناوم ناوه یارخودایی. هه‌روه‌ها شیعره‌كانم سه‌ربه قوتابخانه‌ی ڕیالیزمن.
ئه‌و چوارینانه‌ی بڵاویان ده‌كه‌یه‌وه مه‌به‌ستت لێیان چییه و چ جیاوازییه‌كیان هه‌یه له‌گه‌ڵ شیعری تر؟
چوارینه خۆی به‌شێكه له شیعر، سیستمی چوارینه له بابه‌تاهیری هه‌مه‌دانییه‌وه هه‌ر هه‌بووه، واته ئه‌م چوارینانه‌ی من شتێكی تازه نین دامهێنابێ. جگه له چوارینه، شیعری درێژیشم هه‌یه، چوارینه وه‌ك شێواز چوار دێڕه، یه‌كه‌م و دووه‌م سه‌رواكانیان یه‌كه، به‌ڵام دێری سێیه‌م و چواره‌م جیاوازن.
چ شتێك مرۆڤ ده‌كات به شاعیر؟
سێ شت هه‌ن مرۆڤ ده‌كه‌ن به شاعیر یان داهێنه‌ر، ئه‌وانیش یه‌كه‌م ده‌بێت كه‌سه‌كه به‌هره‌ی شیعری تێدا هه‌بێت، دووه‌م ده‌بێت كۆژانی هه‌بێت، سێیه‌میشیان ده‌بێت كه‌سه‌كه ڕۆشنبیر بێت.
له نووسینه‌كانتدا تا چه‌ند "عه‌شق" ڕه‌نگدانه‌وه‌ی به‌سه‌رته‌وه هه‌بووه و چ شتێك تۆی كردووه به پاڵه‌وان؟
هیچ ناودارێك نییه له دنیادا به‌ناوبانگ بووبێت و به‌بێ عه‌شق گه‌یشتبێت به‌و ناوبانگه، عه‌شق ڕوو بكاته هه‌ر كه‌سێك، كه‌سه‌كه یان هه‌ره‌س ده‌هێنێت، یان ده‌یكات به كه‌س. هه‌یه له نیوه‌ی ڕێدا كۆڵ ده‌دات، به‌ڵام هه‌یشه به‌رده‌وام ده‌بێت تا ده‌یكات به سوارچاك و ده‌یگه‌یه‌نێته ترۆپك، له "ماركس و ئه‌نگڵس و لینین و مه‌لا مسته‌فا و مام جه‌لال و شێخ ڕه‌زا و شێخ سه‌عیدی پیران و نێلسن ماندێلا"ـوه تا دوایی، بگره هه‌مووان عه‌شق وای لێ كردوون ئه‌سپی خۆیان تاو بده‌ن، كه‌واته لای منیش عه‌شق و خۆشه‌ویستی ڕه‌نگدانه‌وه‌ی هه‌بووه و هه‌ر ئه‌وه وای كردووه ببم به پاڵه‌وانی نووسینه‌كانم.
هه‌موو كه‌سێك خۆشه‌ویستی ده‌كات، به‌ڵام له هه‌زار كه‌سدا یه‌ك كه‌س عه‌شق ده‌كات
"عه‌شق و خۆشه‌ویستی" دوو شتی ته‌واو لێك جیاوازن، خۆشه‌ویستی هه‌موو كه‌س ده‌یكات، به‌ڵام عه‌شق له هه‌زار كه‌سدا یه‌ك كه‌س ده‌یكات، واته ئه‌وه‌ی عه‌شق بكات یان ده‌ڕووخێ و هه‌ره‌س ده‌هێنێ، یاخۆ ده‌یكات به كه‌س.
له شیعره‌كانتدا هه‌ست به شێوازێك ده‌كرێ وه‌ك دایكسالاری؟
هه‌میشه له شیعره‌كانمدا سه‌ربه دایكسالاری بوومه، واته هه‌میشه له‌گه‌ڵ ژن بوومه، به‌ڵام ئه‌و ژنه‌ی به پاكی باس له سته‌م و زۆردارییه‌كان ده‌كات كه له‌لایه‌ن پیاوه‌وه به‌سه‌ریدا دێت، له‌ناو چوارینه‌كانمدا له زۆر شوێن باسی مافی ژنانم كردووه و ڕه‌نگی داوه‌ته‌وه، ئیتر ژن هه‌رچی بڵێت ئه‌و مافه‌ی هه‌یه، چونكه پێنج هه‌زار ساڵه ژن ژێرده‌سته‌ی پیاوه، واته له سه‌رده‌می گلكامێشه‌وه بووه‌ته ژێرده‌سته‌ی پیاو، بۆ نموونه له سه‌رده‌می سۆمه‌رییه‌كانه‌وه یه‌كه‌م خواوه‌ند له‌سه‌ر ڕووی زه‌وین به‌ناوی "ئینانا" ژن بووه، واته ئه‌وكاته حوكم له ده‌ستی ژن‌دا بوو، له سه‌رده‌می ئه‌ودا هیچ زۆرداری و جیاوازییه‌ك به‌رچاو ناكه‌وێت، به‌ڵام دوای ئه‌وه گلكامێش هات و كوده‌تای كرد، ئیتر ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی له ژن سه‌نده‌وه و هه‌موو هێماكانیشی گۆڕی، واته هێمای مانگی گۆڕی بۆ هێمای ڕۆژ، له هه‌مانكاتدا ده‌سه‌ڵاتی له ژن وه‌رگرته‌وه و كردی به كۆیله.
تا چه‌ند ئاشنایه‌تیتان له‌گه‌ڵ ڕۆمان هه‌یه؟
ڕۆمان زۆر ده‌خوێنمه‌وه، به‌تایبه‌تی ڕۆمانه‌كانی یه‌شار كه‌مال كه كراونه‌ته كوردی، هۆكاره‌كه‌ش ئه‌وه‌یه من شه‌یدای وشه‌م، بۆیه له‌ناو ڕۆمانه‌كاندا وشه‌ی جیاواز ده‌دۆزمه‌وه، به‌ڵام تا ئێسته ڕۆمانم نه‌نووسیوه، چونكه نووسینی رۆمان ئاسان نییه كه هه‌ر كه‌سێك ده‌ستی بۆ ببات، به‌ڵام له‌به‌رئه‌وه‌ی ژیانی من هه‌مووی به‌رز و نزمی تێدایه، بۆ نموونه پێشمه‌رگایه‌تی و فیراری و گرتن و له‌ده‌ستدانی كه‌سوكار و برینداربوونی خۆم، هه‌روه‌ها دڵداری من له‌گه‌ڵ دایكی ئارام كه دواتر هاوسه‌رگیریمان كرد، به‌ڵام دوای ئه‌وه دایكی ئارام و خوشكم و دایكم و باوكم و برام و خوشكه‌زام، هه‌ر هه‌موویان شه‌هید بوون، جگه له‌وه‌ی كه سێ جار له‌لایه‌ن جاش و جه‌یشه‌وه ماڵم وێران بووه، ئه‌مانه هه‌مووی چیڕۆكی ژیانی منن كه هه‌موو ئه‌و پارچه چیڕۆكانه بده‌ینه پاڵ یه‌كه‌وه، ڕۆمانێكی زۆر جوانی لێ ده‌رده‌چێت.
وشه/دیمانه‌ی محه‌مه‌د جه‌مال