دوای ئەوەی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە ڤیدیۆیەك بڵاو بووەوە كە نووسرا بوو مامۆستا ئەرجومەن ڕیشە گورچیلەی خۆی بەخشیووە بەنەخۆشێك "وشە" پێوەندی كرد بە ئەرجومەنە ڕیشەوە، ئەو لە نەخۆشحانە بوو، بەڵام بە ڕێزێكی زۆرەوە ئامادەی وەڵامدانەوەی پرسیارەكان بوو.
چۆن بڕیارت دا كە گورچیلەی خۆت ببەخشی؟
لەبەر ئەوەی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و بەهۆی ئەوەی گۆرانی ئەڵێم، بۆیە ناسراوم و ڕۆژێك لە ماڵ دانیشتبووم كەسێك پێوەندی پێوە كردم و گوتی، كچێك نەخۆشە و هەردوو گورچیلەی لەدەست داوە، لە خێزانەكەی خۆی كەسیان جۆری خوێنی ناگونجێت لەگەل نەخۆشەكە تا گورچیلەیەك ببەخشن بەكچەكەیان، لە هەمان كاتدا هەژارن تۆ كەسێك دەناسیت كە گورچیلە ببەخشێت؟.
منیش گوتم بۆچی بەدوای كەسێك بپرسم یا كەسی تر بڵێم، ئەوە خۆم ئامادەم گەر لەلایەنی تەندروستییەوە بگونجێت، بۆیە خۆم پێوەندیم بە ماڵی نەخۆشەكەوە كرد و ئامادەیم دەربڕی و دواتر كەوتینە شیكاری نەخۆشی و ئامادەكاری بۆ نەشتەرگەری، تا ئەم خولەكەی كە قسەش بۆ ئێوە دەكەم زیاد لە 110 پشكنین و شیكاریم بۆ كراوە و سوپاس بۆ خوا كێشە نییە لە بەخشینی گورچیلەم بەو نەخۆشە.
زیاتر گوتی، مرۆڤ ئەگەر لە ژیانی نەتوانێت سوودی بۆ كەسێك هەبێت، چۆن دەتوانێت سوودی بۆ كۆمەڵگە و نەتەوە و نیشتیمان هەبێت، منیش بە بەخشینی گورچیلەیەكم ویستم سوودێكم بۆ كوردێك هەبێت و ژیان بۆ بگێرمەوە بەرەزامەندی خودا وە دڵی خێزانێك خۆش بكەم.
كەسوكاری ئەو كچە تا چەند رازین بەو كارەت؟
بێگومان لە سەرەتادا دایك و باوك و برا و كەسوكار لە بڕیارێكی وا ناڕازی دەبن و پێیان ناخۆشە، بەڵام دواتر تێگەشتن لە پیرۆزی ئەركەكەی من، بۆیە باوكم هات و لەبەردەم لیژنەی دادوەری و پزیشگی ڕەزامەندی دەربڕی و كاری یاساییمان ئەنجام دا.
تا چەند ئاگەداری كۆمەڵەی جەستەبەخشانی؟
ئەرجومەن ڕیشە گوتی، ئاگادار نیم لەوان، بەڵام من هەر بۆ خۆم هەموو مانگێك بتڵێك یان زیاتر خوێن دەبەخشم بە بانكی خوێن و ئەو كارەش لەپێناو ڕەزامەندی خودا و ئەركی كورد بوونم دەكەم بۆ هاونیشتیمانیانم.
تا چەند زانیاریت لەسەر بازرگانیكردن بە جەستەوە هەیە؟
لە ڕووی یاساییەوە بازرگانی بە جەستەوە نایاساییە و قەدەغەیە، بەڵام لە بارەی منەوە وەك كوردێك كە میلەتی كورد سوپاس بۆ خوا وا ناسراوین كە خۆنەویستین لە بەرامبەر هاوكاری دەورووبەر و مرۆڤایەتیدا، بۆیە منیش بە كارێكی پیرۆزم زانی لە پێناو خودا و لە پێناو مرۆڤایەتی دا بەبێ هیچ بەرامبەرێك جەستەی خۆم ببەخشم بەو كەسەی پێوییستی بە بەشێك لە جەستەیە بۆ بەردەوامی ژیان.
پیشەی ئەو گەنجە چییە؟
ئەرجومەنی جەستە بەخش گوتی، كرێكاری دەكەم و لە خانوی كرێشدام، بەڵام سەربەرزم بەم كارە خۆبەخشیەم، لەبارەی داهاتووی كار و ژیانەوە كە مەترسی بۆ داهاتووی كاركردنی نابێت؟ گوتی بەڵێ بیرم لەوە كردووەتەوە كە لە داهاتوو گەر تەمەن بكەم ناتوانم كار بكەم وە تا حەوت مانگ دوای نەشتەرگەری ناتوانم هیچ قورسایی و شتێك هەڵبگرم و هیچ كارێك بكەم، بەڵام مادام ژیانی ئەو كچە گەنجە ڕزگار دەكەم زۆر ئاسوودە و بەختەوەرم بە داهاتووم دڵنیام خودای گەورە خۆی ئاگەدارە و خۆیشی ژیانمان فەراهەم دەكات.
لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان چۆن باست دەكرێت؟
تا ئەم ساتەی قسە بۆ ئێوە دەكەم ئەوەندەی من ئاگەدار بم 75 ئەكاونت و 23 پەیج لە تۆڕی فەیس بووك بەناوی منەوە دانراوە، تەنیا دوو دانە هی خۆمە و بەرپرسم لێیان، من چاوی هەموو كوردێكم خۆش دەوێت لە دوای بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆ ڕاستەخۆی گورچیلە بەخشینەكەشم زۆر دووعای خێر و دەست خۆشیم لێ دەكەن هەموو ئەوانە ماچ دەكەم هەواداری منن.
ئەو ئاماژەی بەوەدا كە بەناوی ئەوە شت دەگوترێ و قسە بڵاو دەكرێتەوە، گوتیشی تەنانەت لە بازاڕدا تەماتە دەكڕم لە پشتمەوە وێنەم گیراوە دواتر بڵاو كراوەتەوە و قسەی لەسەر دانراوە یا لە شوێنی تر بە نهێنی وێنەم گیراوە و بڵاو كراوەتە جنێوی لەسەر دانراوە، من هەموو كەسێكم خۆش دەوێت و چاویان ماچ دەكەم، بەڵام بەرپرس نیم لە هەموو ئەو قسانەی بەناوی منەوە دەكرێت.
لەبارەی بەخشینی گورچیلەك بە "هاوژین عوسمان" كە پزیشك جوابی كردووە بە دڵخۆشەوە گوتی، زۆر سوپاسی خودا و پاشان كاك ئەرجومەن دەكەم كە هیوایان گەڕاندەوە بۆ ژیانم، حەوت مانگ پێش ئێستە كتوپڕ نەخۆش كەوتم و دوای سەردانی دكتۆر و شیكاری نەخۆشی پزیشكەكان ڕایان گەیاند كە هەردوو گورچیلەم لە كار كەوتوون پێویستە بە زووترین كات بۆ ڕزگار بوون لە مردن گورچیلەیەك بخەمە شوێنی گورچیلەكانم، بۆیە دوای هەوڵێكی زۆر بێ سوودبوو، بەڵام كاك ئەرجومەن هات و ئامادەی دەربڕی بۆ ئەو كارە ئێستە لە چاوەڕوانی وەڵامی دكتۆرداین بۆ نەشتەرگەری هەستێكی خۆشم هەیە پشتیوان بەخوا هەردووكمان تەندروستی باشمان دەبێت سوپاسی كاك ئەرجومەن دەكەم كە نە دەمناسێت نە پارە وەردەگرێت گورچیلەیەكی دەبەخشێتە من، ئەو پەرۆشترە لە من بۆ پشكنین و نەشتەرگەری ئەوە ستایشێكی زۆری دەوێ نازانم بە چ زمانێك سوپاسی بكەم.
ئەو كچە گوتیشی لە ئێستەدا ژوورێكمان گرتووە لە سلێمانی بۆ ئەوەی دوای نەشتەرگەری تا ماوەی شەش مانگ تێیدا بم و دوور بم لە هەموو ڤایرۆس و نەخۆشییەك، بۆ ئەوەی نەشتەرگەرییەكە ئەنجامی باش بێت و كاك ئەرجومەنیش رەنجی بە فیڕۆ نەچێ.
لەبارەی ئەو نەشتەرگەرییەوە دكتۆر شێروان عومەر كە پزیشكی پسپۆڕی ئەو نەخۆشەیە گوتی، لە ئێستەدا ئامادەكاری یاسایی و پزیشكییەكان تەواو كراون بۆ نەشتەرگەرییەكە و لەبارەی ئەنجامدانی ئەو كارەی ئەو گەنجەوە كە گورچیلەی خۆی دەبەخشێت بەو ئافرەتە ئەو پزیشكە گوتی، ئەو حاڵەتە زۆر ڕووی داوە نەشتەرگەری گورچیلە ئەوەی دێتە لای ئێمە لیژنەی یاسایی و پزیشكی هەمووی بە شێوەی خۆبەخشانە دەكرێت ڕێكاری یاسایی وەك پەنجە مۆر و ئیمزا و بەڵێن نامەی پڕ دەكرێتەوە، بەڵام بۆ دەرەوەی نەخۆشخانە ئاگەدار نیم.
ئەرجومەن دارا حوسێن ناسراو بە ئەرجومەن ریشە لە بنەڕەتدا خەڵكی هەڵەبجەیە و ئێستە دانیشتووی شارەدێی سیدسادقە و دوو منداڵی هەیە ماوەی چەند مانگێكە لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیس بووك و ئیسنتاگرام هەوادارێكی زۆری هەیە بەهۆی بڵاوبوونەوەی چەند تۆمارێكی دەنگی كە قسەی كۆمیدی جیاواز دەكات لە گرووپە گفتووگاكانی فەیس بووك لە هەمان كاتدا گۆرانیبێژێكی میللییە و لەگەڵ زۆرێك لە هونەرمەندە میللییەكانی هەڵەبجە و سلێمانی و ڕۆژهەڵات دانیشتن و گۆرانی هەیە، لە ئێستەدا گورچیلەییەكی خۆی بەخشیوەتە كچێكی تەمەن 18 ساڵ بەناوی هاوژین عوسمان، خەڵكی نەسر پارێزگای سلێمانییە لە كاتێكدا بە گوتەی ئەرجومەنە ڕیشە و ئەو كچە هیچ جۆرە پێوەندییەك لە نێوانیان نییە ڕیشە خۆی دەڵێت تەنیا لە ڕێی خودا جەستەم دەبەخشم.
شەفیق بانی شاری