هاووڵاتییانی سلێمانی كێشەی كارەبایان زۆرە و تیمەكان فریا ناكەون

:: AM:08:57:13/03/2020 ‌
لە وەزری زستاندا بەهۆی دابەزینی پلەكانی گەرما و زۆری خواست لەسەر كارەبا لەلایەك و رەشەبا و باران لەلایەكی تر، بەشێك لە هاوبەشەكانی كارەبا لە گەڕەكەكان تووشی پچڕانی كارەبا دەبن. لەو كاتەدا دەبێ پێوەندی بە بنكەی كارەبای ناوچەكەی خۆیان بكەن تا تیمی چاككردن بنێرن، بەڵام زۆریی پچڕانی كارەباكەیان لە ستوونەكانەوە وایكردووە، تیمەكانی كارەبا نەتوانن بە سەرجەم كێشەكان رابگەن.

لە پارێزگای سلێمانی زیاتر لە 540 هەزار هاوبەشی كارەبا هەن، نیوەی ئەو هاوبەشانە دەكەونە ناو شاری سلێمانی، 17 بنكەی چاككردنی كارەبای گەڕەكەكانیش هەیە، هەر بنكەیەك 13 بۆ 15 فیدەری كارەبای لایە كە هەر كێشەیەك لەو فیدەرانە دروست بێت، ئەو بنكەیە چارەسەری دەكەن، ئەو بنكانەیش چەند تیمێكی چاككردنەوەیان هەیە، بەڵامزۆریی كێشە و پچڕانی كارەبای هاووڵاتییان وایكردووە، تیمەكان نەتوانن لە كاتێكی خێرا بگەنە شوێنی كێشەكە.

"كێشەكان زۆرن، بەڵام هیچ گەڕەكێك بەهۆی محاویلەوە تووشی بێ كارەبایی نەبووە"

یەكێك لەو بنكانەی چاككردنی كارەبا كە زیاتر لە 50 هەزار هاوبەشی كارەبا و ژمارەیەكی زۆری فیدەری لەسەرە، بنكەی مامەیارەیە لە سلێمانی كە دەكەوێتە نزیك عەلوەی نوێی سلێمانی، ئەو بنكەیە زۆرترین كێشەی بچڕانی كارەبای بۆ دەچێت لەلایەن هاووڵاتییانەوە.

هاووڵاتییەك كە كێشەی كارەبای لە ستوونی كۆڵانەكەیانەوە هەبووە، سەردانی بنكەكەی كردووە بۆ چاككردنەوە، تیمەكان بەشێوازێكی باش مامەڵەیان لەگەڵدا كردووە و پێیان گوتووە ژمارەیەكی زۆر هاووڵاتی لە پێشیەوەن، كێشەیەكی زۆری كارەبا لە بنكەكەیان هەیە، لە محاویلە و فیدەرەكان و لە ناویشیاندا كارەبای ماڵان، بۆیە پێ دەچێت بۆ ماوەی چەند رۆژێك ئەوجا كێشەكەت بۆ چارەسەر بكرێت.

كارمەندی یەكێك لە تیمەكانی چاككردنی كارەبا لە بنكەی مامەیارە، بە"وشە"ی گوت، تیمەكان بەبێ وەستان لە بەیانییەوە دابەش دەبەن بەسەر گەڕەك و كۆڵانەكانی سەربە بنكەكەمان و خەریكی چاككردنی كارەبای محاویلە و فیدەر و كێشەی هاووڵاتییان دەبن، داواكارییەكی زۆریان لەسەرە بۆ چارەسەركردنی كارەبا.

كێشەكان جیاوازن، تیمەكان سەرەتا گرنگی بەو كێشانە دەدەن كە لە محاویلەكانەوە دروست دەبن، دواتر فیدەرەكان، چونكە ئەو دووانە ئەگەر كێشەیان تێدا بێت، بە سەدان ماڵ بێ كارەبا دەبن، بۆیە سەرەتا كێشەی محاویلە و فیدەرەكان چارەسەر دەكەن، دواتر دەچن بەدەم كێشەی پچڕانی كارەبای هاووڵاتییان و ئەوەش وا دەكات چەند ڕۆژێكی پێ بچێت.

بەشێك لە هاووڵاتییان ناتوانن ئەو چەند رۆژە چاوەڕێی تیمی چاككردنی كارەبا بكەن تا سەردانیان بكەن، بۆیە بە ناچار بە كارەباچییە گەڕۆكەكان دەڵێن، ئەوان چونكە پارە وەردەگرن، لە ماوەی كەمتر لە 30 خولەك دەگەنە لای ماڵی هاووڵاتییەكە و بە خۆیان و پەیژەكەیانەوە كێشەكەیان بۆ چارەسەر دەكەن، بەڵام بۆ هەر پچڕانێك 20 هەزار دینار لە هاووڵاتی وەردەگرن.

سیروان محەمەد بەڕێوەبەری راگەیاندنی كارەبای سلێمانی، بە"وشە"ی راگەیاند، تیمەكانی چاككردنی كارەبا بەبێ گوێدانە كاتی دەوام، لە شەو و ڕۆژ و لە دوای سەعات 12ی شەو تا بەرەبەیان هەركات كێشەیەكی كارەبا یان پچڕان یان داوایان لێ بكرێت لەلایەن هاووڵاتییانەوە، بەخێرایی دەچنە شوێنی كێشەكە و كارەبای هاووڵاتییان چاك دەكەن.

ئەو بەرپرسەی كارەبای سلێمانی ئەوەیشی خستەڕوو، بنكەكان كێشەی كەمی ئۆتۆمبێل و تیمی چاككردنیان هەیە، بەدڵنیاییەوە پاڵەپەستۆیەكی زۆریان لەسەرە، بەڵام ئەمساڵ جیاواز لە ساڵانی رابردوو هیچ گەڕەكێك بەهۆی محاویلەوە تووشی بێ كارەبایی نەبووە، ساڵانی رابردوو كێشەی محاویلەمان هەبوو، گەڕەك و كۆڵان هەبوو بە دوو هەفتە كارەبایان نەبوو، بەڵام ئەمساڵ ئەو كێشەیە چارەسەر كراوە.
سلێمانی /هۆشیار عەلی



وشە - تایبه‌ت