لە سلێمانییەوە بە قاچاخ دەرمان هاوردە دەكرێت

:: AM:09:34:13/03/2020 ‌
ماوەیەكە هێنانی دەرمان بە قاچاخ لە ناوچە سنوورییەكانی پارێزگای سلێمانی زیاتر بووە، وەزارەتی تەندروستی وێڕای هۆشداری، باس لە گرنگیی دامەزراوەی خۆراك و دەرمان دەكات و نایشارێتەوە، "تا ئەو دەزگایە دانەمەزرێ كۆنترۆڵی دەرمانیان پێ ناكرێت".

بەپێی ئەو زانیارییانەی لە پاسەوانی سنووری پارێزگای سلێمانی دەستی "وشە" كەوتوون، ئەو دەرمانانەی بەشێوەی قاچاخ لە ئێرانەوە هاوردەی سلێمانی دەكرێن، زۆرینە بریتین لە جۆری شرووب و دەرزیی وزەبەخش، هەروەها بەشێك لە دەرمانەكانی تریش كە وزەبەخشن و بۆ ماسولكە بەكار دەهێنرێن.

فەخرەدین قادر فەرماندەی لیوای سێی پاسەوانی سنوور، بە"وشە"ی راگەیاند، مەفرەزەكانی پاسەوانی سنوور لە ماوەی چەند رۆژی ڕابردوودا، توانیویانە لە ناوچە سنوورییەكانی هەورامان دەست بەسەر بڕێكی زۆر لە دەرمانی قاچاخدا بگرن كە بەشێوەی نایاسایی هاتبووە ناوەوە، ئەوانەیشی ئەو كارە قاچاخەیان كردبوو، گیراون و رووبەڕووی یاسا كراونەتەوە.

لە ناوچە سنوورییەكانی هەورامان دەست بەسەر بڕێكی زۆر لە دەرمانی قاچاخدا بگرن

فەرماندە ئەوەیشی خستەڕوو، بەشی زۆری ئەو دەرمانە قاچاخانەی لە ئێرانەوە هاوردە دەكرێن، دەرمان و كەرەستەی پزیشكین و دەیانەوێ لەناو خاكی هەرێم ساغی بكەنەوە، دەرمانەكانیش زیاتر جۆری وزەبەخشن لە شرووب و دەرزی، هەروەها بەشێكی تر لەو دەرمانانە تایبەتن بە كشتوكاڵ.

"ئەو دەرمانانەی هاوردە كراون لە رابردوودا دەستیان بەسەردا گیراوە، بە سەدان كارتۆن دەبن و دەیان هەزار شرووب و دەرزین، دوای ئەوەی دەستیان بەسەردا گیراوە، رەوانەی لایەنی پێوەندیدار كراون بۆ ئەوەی بەپێی یاسا لێكۆڵینەوەیان لەگەڵ بكرێت" فەرماندەی لیوای سێی پاسەوانی سنوور.

پارێزگای سلێمانی بە درێژایی سەدان كیلۆمەتر هاوسنوورە لەگەڵ ئێران، چەندان مەرزی فەرمی و نافەرمی لە سنوورەكەدا هەن، سەرەڕای ئەوەی هاوردەكردن بەشێوەی قاچاخ بەردەوامە، لە رابردووشدا كەلوپەل و خواردنی خراپ و نەشیاو هاوردەی سنوورەكە كراون، تا گازی هەژراویش لە رێی بەنزینەوە.

باریف زاهیر سەرۆكی سەندیكای كارمەندانی تەندروستی، بۆ "وشە" نەیشاردەوە كە دەزانن كە دەرمان لە ناوچە سنوورییەكانەوە بەشێوەی قاچاخ هاوردەی كوردستان دەكرێت. بەڵام دەڵێ "ئەو دەرمانانە لە دەرمانخانەی مۆڵەتدار ساغ ناكرێنەوە و سەرجەمیان بۆ دەرمانخانە لاكۆڵانەكان دەچن".

باریف گوتی، "لە ماوەی رابردوو چەندان كەس گیراون و سزا دراون لەسەر فرۆشتن و ساغكردنەوەی دەرمانی نایاسایی و قاچاخ".
"بەشی زۆری دەرمانە مۆڵەتدارەكان لەلایەن وەزارەتی تەندروستییەوە ستیكەریان بەسەرەوەیە و ئەوەی تا ئێستە ستیكەری لێ نەدراوە، لەلایەن وەزارەتی تەندروستییەوە بە لیست دراوەتە سەندیكای دەرمانسازان و دەرمانخانەكان كە رێپێدانیان هەیە" زاهیر وای گوت.

بەپێی ئەو زانیارییانەی "وشە" دەستی خستوون، هەمیشە لە كاتی تەنگژە و بڵاوبوونەوەی نەخۆشی و پەتا وەرزییەكاندا، هێنانی دەرمانی قاچاخ زیاد دەبێت، بۆ نموونە ئێستە كە نەخۆشیی كۆرۆنا باوە، زۆرترین دەرمان كە خواستی لەسەرە دەرمانی تا و هەڵامەتە، بۆیە ئەوانەی كاری قاچاخی دەكەن و بازرگانی چاوبرسی، دۆخەكە دەقۆزنەوە، چونكە بەخێرایی ساغ دەكرێنەوە.

بەڵام محەمەد قادر گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی كوردستان، بە"وشە"ی راگەیاند، دەرمانی قاچاخ بە بەردەوامی هەبووە، تا ئاستێكی باش توانراوە كۆنترۆڵ بكرێت، بەڵام هاوردەكردنی لەسەر ئاستی دنیاش قورسە كۆنترۆڵ بكرێت.

گوتەبێژ نایشارێتەوە كە دەرمانی قاچاخ مەترسیدارە بۆ بەكارهێنان، چونكە دەرمانەكە بە كوالێتی كۆنترۆڵدا تێنەپەڕیوە و چاودێری بەسەرەوە نییە، هیچ فایل و مۆڵەت و دۆكیۆمێنتێك نییە لەسەریان، بەشێك لەو دەرمانانەی بەناوی گیاییش دەفرۆشرێن، هیچ رەزامەندییەكی نێودەوڵەتییان نییە.

"هەموو ئەو دەرمانانەی بە كوالێتی كۆنترۆڵدا دەڕۆن ستیكەریان پێوەیە، بەشێوەیەكی گشتی ئەو دەرمانەی ستیكەری كوالێتی پێوە بێت، هیچ گرفتی نییە" محەمەد قادر گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی وای گوت. 

ئەوەیشی خستە ڕوو كە پرسی فرۆشتنی دەرمان بەبێ لۆگۆی وەزارەتی تەندروستی، پێوەستە بە تەواوبوونی دامەزراوەی خۆراك و دەرمان (ئێف دی ئەی) كوردستان، ئەویش لە پەرلەمان دەردەچێت، بۆ رێكخستنەوەی نرخی دەرمان و كوالێتی و چۆنیەتی هاوردەكردن و فرۆشتن و هەڵگرتنی. 

وشە/راپۆرتی هۆشیار عەلی





وشە - تایبه‌ت