مسته‌فا بارزانی، سه‌ركرده‌ی شۆڕشی باشووری كوردستان و جه‌نه‌ڕاڵی كۆماری كوردستان له مهاباد، له ڕۆژێكی وه‌ك ئه‌مڕۆ له‌دایك بووه و تا ئێسته ئه‌و سیسته‌مه ناسیۆنالیستییه‌ی دایمه‌زراندووه، له‌سه‌ر ئاستی هه‌ر چوار پارچه‌ی كوردستان پێڕه‌و ده‌كرێ و حزبه‌كه‌ی پڕ جهماوهرترینه له باشوور.
به‌بۆنه‌ی ساڵیادی لهدایكبوونهكهیهوه، جیا له ئه‌ندامان و لایه‌نگرانی پارتی كه ساڵانه دروشم بڵاو ده‌كه‌نه‌وه، زۆرێك له سیاسیی لایه‌نه‌كانی تر و ڕۆشنبیرانی بێلایه‌نیش له‌و یاده‌دا گرنگی پێ ده‌ده‌ن و خوێندنه‌وه‌ی جیا بۆ كار و خه‌باتی مسته‌فا بارزانی ده‌كه‌ن و ئه‌و وه‌ك قۆناغێك له مێژووی كورد ته‌ماشا ده‌كرێ و هه‌ڵسه‌نگاندن و به‌راورد له نێوان قۆناغی پێش بارزانی و دواتر ده‌كرێت.
شێركۆ هه‌ژار نووسه‌ر و ڕووناكبیری ناسراوی كورد و كوڕی هه‌ژار موكریانی، له‌م ساڵیاده‌دا له لاپه‌ڕه‌ی تایبه‌تیی خۆی نووسیوه‌تی:
"سه‌رۆك بارزانی، نه‌ته‌وه‌یه‌كی كه له‌سه‌ر لێواری مه‌رگ بوو زیندوو كرده‌وه و هێنایه‌وه سه‌ر شانۆ . ئه‌گه‌ر " ڤرجیل"ێكی كورد "ئاینێیس"ێكی كوردی بنووسیایه مه‌گه‌ر هه‌ر ناوی بنایه "مسته‌فا بارزانی"، چونكه ئه‌وه مسته‌فا بارزانی بوو كه به كاره باشه‌كانی و كاره خراپه‌كانی، نه‌ته‌وایه‌تیی كوردی له وێرانه‌ی "ترۆی"ـهكهوه كه ناوی"كوردستان"ـه ده‌رهێنا و به دهریایانیدا په‌ڕانده‌وه و گه‌یانده سه‌ر رێگای ژیانه‌وه، ژیانی باش و ژیانی خراپ وێكڕا، بـه‌ڵام ژیان (كه به بێ مسته‌فا بارزانی له‌سه‌ر لێواری كۆتایی بوو).
مسته‌فا بارزانی مه‌ركه‌زی گه‌ردوونی كورد و قیبله‌نمای بوو
هه‌روه‌ها نووسیویه‌تی: "مسته‌فا بارزانی، به‌ته‌نیا موعجیزه‌ی پێك ده‌هێنا، به‌ڵام به‌ته‌نیا، خودایه‌كی ته‌نیا بوو، له‌وه باشتری بۆ هه‌ڵنه‌ده‌سووڕا. كوردایه‌تی و مسته‌فا بارزانی ئیتر یه‌ك بوون، هیچ كامیان به بێ ئه‌وه‌كه‌ی تر نه‌ده‌بوو . به هه‌ر تووڕه‌بوونێك له مسته‌فا بارزانی، ده‌كرا بزووتنه‌وه‌یه‌كی نوێ له نه‌ته‌وه‌كه‌یدا سه‌ر هه‌ڵبهێنێت، به هه‌ر چهكدانانێكی ئه‌و ده‌كرا چهكههڵگرتنێكی نوێ ده‌ست پێبكات.
شێركۆ هه‌ژار پێی وایه: "مسته‌فا بارزانی مه‌ركه‌زی گه‌ردوونی كورد و قیبله‌نمای بوو، ئیتر هه‌ر ئه‌و بڕیاری ده‌دا به لهگهڵبوونیدا یا لهدژبوونیدا بتوانیت هه‌بیت، شتێك له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و دوو بڕگه‌یه له ناو كورددا نه‌ما، وێده‌چێت ئیتر تا رۆژگارێكی زۆر دووریش هه‌ر وه‌ها بمێنێته‌وه.
ڕامیار مه‌حموود شاعیر و نووسه‌ر له لاپه‌ڕه‌ی تایبه‌تیی خۆی له فه‌یسبووك نووسیویه‌تی، مسته‌فا بارزانی تاكه سه‌ركرده‌ی كورده، له‌سه‌ر ئاستێكی فراوان و باڵا و گشتگیر، بۆ هه‌موو كوردستان بووه و سه‌ركرده‌ی هه‌موو لایه‌ك بووه بێ جیاوازی.
محه‌مه‌د بابان نووسه‌ر و مامۆستای زانكۆ به‌راوردێكی له نێوان مسته‌فا بارزانی و لینین كردووه كه هه‌ردوو سه‌ركرده ناچار كراون وڵاته‌كه‌یان به‌جێ بهێڵن به‌ڵام : "جیا له كاریزماكهیان به گه‌وره‌یی و شكۆوه گه‌ڕانه‌وه نیشتمانه‌كه‌یان. لینین له ساڵی 1917 و مسته‌فا بارزانی له ساڵی 1958.
كورته‌یه‌ك له ژیانی مسته‌فا بارزانی
مه‌لا مسته‌فای بارزانی ناوی ته‌واوی (مسته‌فا كوڕی شێخ محه‌مه‌د بارزانی)ـیه، له 14ی ئاداری 1903 له گوندی بارزان، له‌دایكبووه، له ته‌مه‌نی سێ ساڵاندا، كاتێك مه‌لا مسته‌فا به‌ر هه‌ڵمه‌تێكی عوسمانییه‌كان ده‌كه‌وێت و دوای به‌دیلگرتنی شێخ عه‌بدولسه‌لام كه برای گه‌وره‌یه‌تی، له‌گه‌ڵ دایكی‌دا بۆ ماوه‌ی ٩ مانگ، زیندانی ده‌كرێت.
له ساڵی 1919 به‌شداریی شۆڕشی شێخ مه‌حموودی حه‌فید ده‌كات و سه‌ركردایه‌تیی ھێزێكی 300 كه‌سی پێ ده‌سپێردرێت، دواتر له ساڵی 1920 له‌لایه‌ن شێخ ئه‌حمه‌د بارزانیی برایه‌وه ده‌نێردرێت بۆ لای شێخ سه‌عیدی پیران له كوردستانی باكوور به مه‌به‌ستی ھه‌ماھه‌نگیكردن له‌گه‌ڵ شۆڕشه‌كه‌یدا.
له شۆڕشه‌كانی ساڵی 1931- 1932 بۆ به‌رگریكردن له میحوه‌ره‌كانی (مێرگه‌سوور و شێروان)، فه‌رمانده‌یی ھێزێكی گه‌وره‌ی ده‌كرد كه به‌رامبه‌ر ھێزه‌كانی ئینگلیز ده‌جه‌نگان، له‌وێشه‌وه ناوبانگی وه‌ك سه‌ركرده‌یه‌كی سه‌ربازیی به‌توانا و شاره‌زا، ده‌ركرد.
له ساڵی 1932 ، حكوومه‌تی عێراقیی سه‌رده‌می پاشایه‌تی، به پشتیوانیی به‌ریتانیاییه‌كان، ھێرشیان كرده سه‌ر ھێزه‌كانی كورد كه له‌لایه‌ن شێخ ئه‌حمه‌د بارزانیی برایه‌وه سه‌ركردایه‌تی ده‌كرا، دوای به‌دیلگرتنی شێخ ئه‌حمه‌د، مه‌لا مسته‌فای بارزانی، ده‌ستی كرد به سه‌ركردایه‌تیكردنی ھێزه‌كان و ڕێكخستنه‌وه‌یان.
دوای ساڵێك، حكوومه‌تی عێراق لێبووردنی گشتی بۆ ھێزه‌كانی پێشمه‌رگه و بنه‌ماڵه‌ی بارزانییه‌كان ده‌ركرد، بۆیه له ماوه‌ی ساڵانی 1936 تا 1943، چالاكیی سه‌ربازی له‌لایه‌ن ھێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌وه ڕاگیرا، تا له ساڵی 1943 دووباره بزووتنه‌وه‌ی كوردی و خه‌باتی پێشمه‌رگایه‌تی، به‌سه‌ركردایه‌تیی مه‌لا مسته‌فای بارزانی، ده‌ستی پێ كرده‌وه.
له 15ی ئابی 1945 له ئێرانه‌وه دامه‌زراندنی پارتی دیموكراتیی كوردستان ڕاگه‌یه‌ندرا، دوای ماوه‌یه‌كی كه‌م، سه‌دای پارتی گه‌یشته ناوچه‌كانی كوردستان و توانرا چه‌ندین بڵاوكراوه به خه‌ڵكی كوردستان بگه‌یه‌نرێت، بۆیه حكوومه‌تی عێراق ده‌ستی كرد به‌ده‌ستگیركردنی ئه‌ندامانی پارتی.
له 22ی كانوونی دووه‌می 1946، له مه‌راسیمی ڕاگه‌یاندنی كۆماری كوردستان له مه‌ھابات، مه‌لا مسته‌فا له لای ده‌سته ڕاستی قازی محه‌مه‌د وه‌ستابوو، له‌وێدا به فه‌رمانده‌ی سوپای كۆماری كوردستان ده‌ستنیشان كرا و پله‌ی "جه‌نه‌ڕاڵ"ی پێ به‌خشرا.
له ساڵی 1945 و دوای كۆتایی هاتنی جه‌نگی دووه‌می جیهان و كشانه‌وه‌ی ڕووسیا له ئێران و كۆتاییهاتنی كۆماری كوردستان، هێزه‌كه‌ی مه‌لا مسته‌فا و هێزه‌كانی ئێران پێكدائاڵان و شه‌ڕ درووست بوو، له‌وێ هێزه‌كانی كوردستان دوای به‌رگرییه‌كی توند، توانییان خۆیان بگه‌یه‌ننه ناوچه‌كانی سنووری یه‌كێتیی سۆڤیه‌تیی جاران، ماوه‌ی 12 ساڵ له‌و وڵاته‌دا مانه‌وه.
له 26ی تشرینی یه‌كه‌می 1958دا گه‌ڕایه‌وه عێراق و باشووری كوردستان. ئه‌ویش پاش شۆڕشی 14ی تهمووز بوو كه عه‌بدولكه‌ریم قاسم ده‌سه‌ڵاتی له عێراقدا گرتبووه ده‌ست و سیسته‌می كۆماری ڕاگه‌یاندبوو.
له ئه‌یلوولی 1961دا مه‌لا مسته‌فا بارزانی شۆڕشی دژی ده‌سه‌ڵاتدارانی به‌غدا ڕاگه‌یاند، له به‌گژداچوونی دژی ده‌سه‌ڵاتداران عێراق هه‌تا 11ی ئازاری ساڵی 1970 به‌رده‌وام بوو.
له ساڵی 1968، گۆڕانكاری به‌سه‌ر سه‌ركردایه‌تیی عێراقدا هات و كۆده‌تای دووه‌می به‌عسییه‌كان ئه‌نجام درا، مه‌لا مسته‌فای بارزانی و حكوومه‌ت ده‌ستیان به گفتوگۆ كرد، به‌رهه‌می گفتوگۆكان ڕێككه‌وتنی ئاداری 1970ی لێكهوتهوه كه به‌پێی بڕگه و مادده‌كانی ئه‌و ڕێككه‌وتنه، كورد هاوبه‌ش ده‌بێت له حوكمڕانیی عێراق و زمانی كوردیش له داموده‌زگاكانی فێركردن، ده‌بێته زمانی فه‌رمی، جگه له‌وه‌ی سیسته‌می حوكمی زاتی له كوردستاندا جێبه‌جێ ده‌كرێت و كورد له ناوچه‌كه‌ی خۆیدا حوكمی خۆی ده‌كات، به‌ڵام دواتر حكوومه‌تی عێراق خۆی له ڕێككه‌وتنه‌كه دزییه‌وه و پاشان له‌گه‌ڵ ئێران له‌سه‌ر دژایه‌تیكردنی كورد ڕێككه‌وتن و له ساڵی 1975 ڕێككه‌وتننامه‌ی جه‌زائیریان واژۆ كرد.
له ڕۆژی چوارشه‌ممه ڕێككهوتی 29ی ئه‌یلوولی 1971 ، هه‌وڵی تیرۆركردنی مه‌لا مسته‌فای بارزانی ده‌درێت. دوای ساڵ و نیوێك له واژۆكردنی به‌یاننامه‌ی ئاداری ٧٠ له نێوان كورد و حكوومه‌تی ئه‌وكاتی به‌غدا، نازم گزاز، به‌رپرسی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی ته‌ناهیی گشتیی عێراق هه‌وڵی تیرۆركردنی مه‌لا مسته‌فای بارزانی، سه‌ركرده‌ی كوردی دا و هه‌وڵه‌كه‌ی شكستی هێنا.
له دوای ساڵی 1975، تووشی نه‌خۆشی ده‌بێت، بۆیه به مه‌به‌ستی چاره‌سه‌ركردنی، ده‌چێته ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا، به‌ڵام له ساڵی 1979 كۆچی دوایی ده‌كات، دواتر ته‌رمه‌كه‌ی بۆ ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستانی ده‌گه‌ڕێننه‌وه و له ناوچه‌ی شنۆ به شێوه‌یه‌كی كاتی به‌خاك ده‌سپێردرێت، دوای ڕاپه‌ڕین، له مه‌راسیمێكی گه‌وره‌دا، ڕووفاته‌كه‌ی بۆ ناوچه‌ی بارزان ده‌گه‌ڕێندرێته‌وه.