وەزیری ناوخۆ بڕیاری نوێ لەسەر درێژکردنەوەی قەدەغەی هاتوچۆ دەدات

:: PM:02:14:15/03/2020 ‌
كەمێكی تر كۆبوونەوەی وەزیری ناوخۆ و هەر چوار پارێزگارەكانی هەرێمی كوردستان بە مەبەستی بڕیاردان لە درێژكردنەوەی قەدەغەی هاتوچۆ بەڕێوە دەچێت.

ئەمڕۆ یەكشەم 15ی ئادار، كۆبوونەوەی وەزیری ناوخۆ و هەر چوار پارێزگارەكانی هەولێر، سلێمانی، دهۆك و هەڵەبجە كەمێكی تر دەست پێ دەكات، بەمەبەستی تاوتوێكردنی درێژكردنەوەی قەدەغەی هاتوچۆ و چەند ڕێنوێنییەكی تر بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا.

قەدەغەی هاتوچۆ لەمڕۆوە تا 72 سه‌عات درێژ دەکرێتەوە

بەپێی زانیارییەكانی "وشە"، بڕیار وایە قەدەغەی هاتوچۆ درێژ بكرێتەوە، بەڵام بەشێوەیەك ئاسانكاری بۆ هاووڵاتییان بكرێت.

لە زانیارییەكانی "وشە" هێما بۆ ئەوە كراوە، چەند شوێنێك كراوە دەبن لەوانە نانەواخانەكان، ماركێتەكان و میوەفرۆشەكانی گەڕەكەكان. بۆ ئەوەی هاووڵاتییان بتوان شتە پێویستییەكانی رۆژانەی خۆیان دابین بكەن.

ئەوە لە كاتێكدایە زیاتر لە 10 سەعات ماوە بۆ ئەوەی كۆتایی بە قەدەغەی هاتوچۆ بێت كە وەزارەتی ناوخۆ بۆ ماوەی 48 سەعات رای گەیاندبوو لەناو هەولێر و سلێمانی.

بەپێی زانیارییەکانی "وشە"، بە مەبەستی بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، قەدەغەی هاتوچۆ لەمڕۆوە تا 72 سەعات درێژ دەکرێتەوە.



وشە - زریان تەها