"سەرەڕای دابەزینی نرخی نەوت مووچە بەردەوام دەبێت"

:: PM:05:26:15/03/2020 ‌

ئێستە جیا لە مەترسی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا و لێكەوتە تەندروستی و ئابوورییەكانی كە كاریكردووەتە سەر تەواوی وڵاتانی دنیا، ململانێی نێوان سعوودیە و رووسیایش وایان كردووە نرخی نەوت بەیەكجاری داببەزێت و ئەوەیش دەنگۆی وەستان و كەمكردنەوەی مووچەی فەرمانبەرانی دروست كردووە، فوئاد حوسێن وەزیری دارایی عێراق رای گەیاند كە مووچە بەردەوام دەبێت.
مووچە و خەرجی رووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنا دابین دەكرێت
بەپێی بەیاننامەیەكی وەزارەتی دارایی عێراق، بەیانی ئەمڕۆ یەكشەم فوئاد حوسێن، وەزیری دارایی و جێگری سەرۆك وەزیران بۆ كاروباری ئابووری سەرپەرشتی كۆبوونەوەیەكی فرەوانی لەگەڵ پارێزگاری بانكی ناوەندیی عێراق و بریكاری وەزارەتی دارایی و سەرۆكی دەستەی گشتیی خانەنشینی و بەڕێوەبەری گشتی فەمانگەی قەرزی گشتی و بەڕێوەبەرانی گشتی بانكەكانی رافیدێن و رەشید و بازرگانی عێراقی كرد بۆ تاوتوێكردن و هەڵسەنگاندنی دۆخی دارایی و چۆنیەتی بەڕێوەبردنی تەنگژەی دارایی ئێستە و پاڵپشتیی بانكەكان بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو تەنگژەی یاخەی عێراقی گرتووە.

بەشدارانی كۆبوونەوەكە دووپاتیان لە بەردەوامبوون و مسۆگەری دابینكردنی مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان كردەوە، جیا لە پاڵپشتیكردنی خەرجی رێوشوێنەكانی بۆ رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا وەرگیراوە و ئەوان گەیشتنە چەند بڕیارێك لەوانە، پاڵپشتیكردن و دابینكردنی خەرجی پێویست بۆ وەزارەتی تەندروستی. 




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل