هەواڵ عوسمان به‌هۆی‌ قه‌ده‌غه‌ی‌ هاتوچۆوه‌ كاتی‌ بۆ منداڵه‌كانی‌ زیاتره‌ ‌

:: PM:08:27:18/03/2020 ‌

لەگەڵ قەدەغەکردنی هاتوچۆ، هونەرمەندانیش وەک هاووڵاتییان لە ماڵەکانی خۆیان دەمێننەوە و سەرقاڵی کاری جیاوازن، هەواڵ عوسمان خانمە ئەکتەری دیاری سلێمانی لەم ماوەیەدا سەرقاڵی کاروباری ماڵەوەیە و دەشڵێ، ئێستە لەگەڵ کچەکانمم و پێکەوە کۆ دەبینەوە کە زۆر دەمێک بوو کۆ نەبووبووینەوە.

هەواڵ عوسمان لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ "وشە" گوتی، ئێستە ئەم بارودۆخە زۆر ناخۆشە و ھەموو دنیا گرتووەتەوە لەم کاتەدا ئێمەی ھونەرمەندان دەبێت ھۆشیاری بڵاو بکەینەوە بە ھەوادارەکانمان بڵێین کە پابەندی ڕێنوێنییه‌كانی‌ وەزارەتی تەندروستی و حکوومەت ببن و لە ماڵەكانیان خۆیان سەرقاڵ بکەن بە ئیشی ماڵ و خوێندنەوەی كتێب و دانیشتنی خێزانی و تەماشاکردنی تەلەفزیۆن و بەکارھێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە.

زیاتر گوتی، منیش ڕۆژانە کاتەکانم وا بەسەر دەبەم و قسە لەگەڵ ئەو ھاوڕێ و کەسانەم دەکەم کە ڕۆژانی پێشتر بەھۆی سەرقاڵیم بە کارەکانم نەمتوانیوە قسەیان لەگەڵ بکەم و لەگەڵ کچەکانم دادەنیشم و ڕێنوێنیان دەکەم.

ڕۆژانە کاتەکانم بە قسە لەگەڵ ھاوڕێ و کەسووکارم بەڕێ دەکەم و سەیری تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیش دەکەم

ئەم بارودۆخە پَیوەندیە کۆمەڵایەتیەکانی توندوتۆڵ کردووەتەوە و ئێستە خێزانەکان لەکاتی ژەمە خواردنەکاندا پێکەوە لەسەر یەک سفرە کۆ دەبنەوە، بەڵام پێشتر ھەریەک سەرقاڵی کاری خۆی دەبوو کەمتر کۆ بوونەوەی خێزانی دەبوو، بۆیە ئەو خانمە هونەرمەندە داواکارە لە ھاووڵاتییان کە پابەندی رێنوێنییه‌كان بن.

ئاماژەی بەوەیشدا، وەک چۆن تا ئێستە پابەند بوون ڕاستە سەختە بۆ ئەو کەسانەی بە چوونەدەرەوە ڕاھاتوون، بەڵام لەم کاتەدا مانەوەیان لە ماڵەوە گرنگترینە ھەم بۆ پشوودان و ھەم بۆ خۆپارێزی لە ڕێگای پابەندبوون بە ڕێنمایی پزیشکەکان و لە ماڵەوە بمێننەوە و ھاوکاری خێزانەکانیان بکەن و ئامۆژگاری مناڵەکانیان بکەن و قسەی خۆشیان بۆ بکەن.

سلێمانی/ لۆڤە محەمەد


وشە - ڕۆزی عه‌بدولره‌حمان