هێرشێكی گەورەی داعش لە نێوان مەخموور-گەیارە تێك شكێنرا

:: AM:08:39:18/10/2016 ‌


داعش لە چەند قۆڵێكەوە هێرشێكی بەرفرەوانی بۆ سەر هێزەكانی سوپای عێراق لە نزیك گەیارە ئەنجامدا، بەڵام پاش دوو سەعات لە شەڕ و پێكدادان، هێرشەكە تێك شكێنرا و كۆمەڵێك تەرمی چەكدارانی داعش لە گۆڕەپانی شەڕەكەدا بەجێما.

سەعات 6:00ی بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەم 18ی تشرینی یەكەمی 2016 چەكدارانی داعش لە قۆڵەكانی سوڵتان عەبدوڵا، سەلاحیە و زەناویر هێرشێكی بەرفرەوانیان كردە سەر هێزەكانی لیوای 91ی سوپای عێراق لە گوندی نەسر.

رائید ئەمین شێخانی یاریدەدەری فەوج و گوتەبێژی لیوای 91ی سوپای عێراق بە "وشە"ی راگەیاند، هێرشەكەی داعش لە هەر سێ‌ قۆڵەوە بە رێگەی چەندین خۆكوژ و ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژ كراو ئەنجام درا، بەڵام هێزەكانی سوپای عێراق بە توندی وەڵامیان دانەوە.

شێخانی زیاتر دەڵێ‌، "ئەفسەر و سەربازانی لیوای 91ی سوپای عێراق زۆر بە توندی بەرپەچی هێرشەكانی داعشیان دایەوە و ئۆتۆمبێلە بۆمبڕێژكراوەكانیان تەقاندنەوە و توانیان پاشەكشە بە چەكدارانی داعش بكەن و كۆمەڵێك تەرمی چەكدارانی داعش لە گۆڕەپانی شەڕەكەدا بەجێماون".

لەبارەی زیانەكانی سوپای عێراق ئەو بەرپرسەی لیوای 91ی سوپا دەڵێ‌، "بەداخەوە تەنیا سەربازێكمان شەهید بوو".


شێخانی ئاماژەی بەوەش كرد، هەر ئێوارەی دوێنێ‌ دووشەم 17ی تشرینی یەكەم، پاڵپشت بە زانیارییە هەواڵگرییەكانی لیوای 91ی سوپا، كۆبوونەوەیەكی گەورەی چەكدارانی داعش لە گوندی ماكوك سەر بە شارەدێی گەیارە، كرایە ئامانجی فڕۆكە جەنگییەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش و لە ئەنجامی بۆردمانەكەدا 42 چەكداری داعش كوژران.

بەرەبەیانی دوێنێ‌ دووشەم 17ی تشرینی یەكەم، یەكەم هەنگاوی ئۆپەراسیۆنی ئازادكردنی مووسڵ بە پێشڕەوی هێزەكانی پێشمەرگە و پشتیوانی فڕۆكە جەنگییەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش لە میحوەری خازر دەستی پێكرد. هێزەكانی پێشمەرگە توانیان لە ماوەی دیاریكراودا نۆ گوندی ژێر دەستی داعش ئازاد بكەن و گورزێكی گەورەش لە چەكدارانی داعش بدەن.


وشە/رێبین فەتاح



وشە - ڕێبین فه‌تاح