بەرپرسێكی عێراق: بۆ ڕووبەرووبوونەوەی كۆرۆنا پێویستمان بە پلانەكانی مەسروور بارزانییە

:: PM:05:22:22/03/2020 ‌
بەرپرسێك لە وەزارەتی تەندروستیی عێراق، ستایشی هەنگاوە رژدەكانی سەرۆك وەزیرانی كوردستان دەكات بە بەراورد بە هەنگاوە سادە و سەرەتاییەكانی حكوومەتی عێراق و خەمنەخواردنی بەرپرسانی عێراق لە ناوەڕاست و خوارووی عێراق.

"بۆ رووبەرووبوونەوەی كۆرۆنا پێویستمان بە پلانی مەسروور بارزانی هەیە"
ئەمڕۆ یەكشەم 22ی‌ ئادار، د. نایف هاشم لە تاقیگەكانی فەرمانگەی تەندروستیی گشتیی سەر بە وەزارەتی تەندروستیی عێراق بە "وشە"ی‌ ڕاگەیاند، حكوومەتی هەرێم بۆ ڕووبەرڕووبونەوەی هەڕەشەكانی سەر ئاسایشی تەندروستی لە تواناكانی گەورەتر هەنگاوی ناوە و لە پێشی وڵاتە پێشكەوتووەكانە، ئەوەی پشتی پێ دەبەسترێت، بوونی هەندێك توانای كەسی و پسپۆڕی دەگمەنە لە هەرێمی كوردستان، ئەمەیش بۆ تیمە تۆكمەكەی سەرۆك وەزیرانی كوردستان مەسروور بارزانی دەگەرێتەوە".

هەروەك دووپاتی كردەوە كە بۆ رووبەرووبوونەوەی كۆرۆنا پێویستمان بە پلانی مەسروور بارزانی هەیە تا لە شارەكانی عێراق بەتەواوی جێبەجێ‌ بكرێ‌.
زیاتر گوتی، لە خواروو و ناوەڕاستی عێراق بەهۆی جیاوازی تائیفی و زۆری لایەنە سیاسیەكان و دەست تێكەڵكردنی میلشیاكان لە بڕیاری تەندروستی وای كردووە هیچ ڕێكارێك تا ئێستە وەك خۆی جێبەجێ نەكرێت و هیچ هاووڵاتییەك بەگوێی بڕیارەكان ناكات ئەمەیش كارەساتی گەروە دەقەومێنێت".

ڕوونی كردەوە، "بەهۆی پلانە سەرتایی وبەردەوامەكانی مەسروور بارزانی وەك سەرۆك وەزیرانی كوردستان، تا‌ ئێستە ژینگەی كوردستان بە بەراورد بە ژینگەی عێراق و وڵاتانی ­تر پاكژتر ماوەتەوە، ئێمە جگە لەوەی پێش ڕووداوەكان چاكسازی لە داخستنی چەندان كارگەی پیشەسازی و پاڵاوگەی نەوتی كرا، بۆیە كەشوهەوای زۆر پاك بووەتەوە".

ئاشكرای كرد، "لە سەرەتای نزیكبوونەوەی هەڕەشەی ڤایرۆسەكەدا وەزارەتی تەندروستی هەرێم زوو ڕێكارەكانی خۆپارێزی گرتەبەر، بۆیە ئێستە دەركەوت هەرێم لەخۆپارێزیدا دەتوانێت كاراتر بێت تا چارەسەر دەگات، پێم وایە عێراقیش پێویستی بە مەسروور بارزانییەكی ترە بۆ ئەوەی قوربانییەكان لە عێراق بەو دۆخی كارەسات نەچن".

نەیشاردەوە، "كە دوا ئاماری دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ یەكشەم، 19 كەسی تر لەسەرتاسەری عێراقدا توشی كۆرۆنا بوونە، بەوەش كۆی ژمارەی توشبون بۆ 233 حاڵەت بەرزدەبێتەوە".

ڤایرۆسی كۆرۆنا یەكەمجار لە ساڵی 1960 بڵاوبوویەوە و حەوت جۆری هەیە. چوار جۆری ڤایرۆسی كۆرۆنا بەئاسانی چارەسەردەكرێن، بەڵام جۆرەكانی تری مەترسیدارن و دەبنە هۆی مردن./ ڤایرۆسی كۆرۆنا كۆڤید-19 ئەم جۆرەیان لە كۆتاییەكانی ساڵی 2019 لەڕێی خواردنە دەریاییەكانەوە لە چین بڵاوبووەوە و لە نۆی كانوونی دووەمی ساڵی 2020 لەلایەن ڕێكخراوی تەندروستیی جیهانی بە جۆرێكی نوێی كۆرۆنا ناسێندرا. تاوەكو ئێستە هیچ جۆرە چارەسەر و پێكوتەیەك نەدۆزراوەتەوە بۆ ئەم نەخۆشییە و  لە دنیادا بووەتە هۆی مردنی 13.671 كەس و 318.228 حاڵەت تۆماركراون.
 
كۆرۆنا ڤایرۆسێكی گوازراوەیە واتە لە كەسێكەوە بۆ كەسێكی تر و لەنێوان ئاژەڵەكانەوە بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە، تووشی كۆئەندامی هەناسە دەبێت.  كۆكەی قورس، تای بەرز و هەناسە تووند لە نیشانە سەرەكییەكانی نەخۆشییەكەن.


وشە - محەمەد میران