كهمێك پێش ئێسته، بەڕێوەبەری تەندروستیی چەمچەماڵ ڕای گەیاند، "ئەمڕۆ ئەنجامی پشكینینی كۆمەڵێك گومانلێكراوی توشبو بە كۆرۆنا گەڕایەوە و دەركەوت كەسێكی تر تووشی كۆرۆنا بووە".
كەسێكی تر توشی كۆرۆنا بووە
دكتۆر فەرهاد محەمەد، بەڕێوەبەری تەندروستیی چەمچەماڵ له پێگهى تایبهتیى خۆى له تۆڕى كۆمهڵایهتى فهیسبووك ئاشكراى كردووه، "ئەمڕۆ ئەنجامی پشكینینی كۆمەڵێك گومانلێكراوی توشبو بە كۆرۆنا گەڕایەوە و دەركەوت كەسێكی تر توشی كۆرۆنا بووە".
ئهمهیش له كاتێكدایه ئێوارهى ئەمڕۆ دووشەم 23ی ئادار، وەزارەتی تەندروستی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕای گەیاند لە بەردەوامی پشكنینەكان و گەڕان بەدوای گومانلێكراوان، تووشبووێكی ڤایرۆسی كۆڕۆنای نوێ COVID-19 ژنێكی تەمەن 20 ساڵ لە شاری دهۆك دەستنیشان كرا.
ئێستە تووشبووانی كۆرۆنا لە كوردستان 78 كەسە و 22 كەس چاكبوونەتەوە و یەكێك مردووە.
ڤایرۆسی كۆرۆنا یەكەمجار لە ساڵی 1960 بڵاوبوویەوە و حەوت جۆری هەیە. چوار جۆری ڤایرۆسی كۆرۆنا بەئاسانی چارەسەردەكرێن، بەڵام جۆرەكانی تری مەترسیدارن و دەبنە هۆی مردن./ ڤایرۆسی كۆرۆنا كۆڤید-19 ئەم جۆرەیان لە كۆتاییەكانی ساڵی 2019 لەڕێی خواردنە دەریاییەكانەوە لە چین بڵاوبووەوە و لە نۆی كانوونی دووەمی ساڵی 2020 لەلایەن ڕێكخراوی تەندروستیی جیهانی بە جۆرێكی نوێی كۆرۆنا ناسێندرا. تاوەكو ئێستە هیچ جۆرە چارەسەر و پێكوتەیەك نەدۆزراوەتەوە بۆ ئەم نەخۆشییە و لە دنیادا بووەتە هۆی مردنی 13.671 كەس و 318.228 حاڵەت تۆماركراون.
كۆرۆنا ڤایرۆسێكی گوازراوەیە واتە لە كەسێكەوە بۆ كەسێكی تر و لەنێوان ئاژەڵەكانەوە بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە، تووشی كۆئەندامی هەناسە دەبێت. كۆكەی قورس، تای بەرز و هەناسە تووند لە نیشانە سەرەكییەكانی نەخۆشییەكەن.