داعشی مووسڵ بەرەو كوێ دەچن؟

:: AM:09:22:18/10/2016 ‌

ژمارەی داعشەكانی شاری مووسڵ بە بەراورد بەو هێزە گەورەیەی بۆیان ئامادە كراوە، زۆر كەمە، بۆیە هەوڵ دەدەن بەرەو سووریا ڕا بكەن.

كردەوەگەلەكە پێش ئەوەی بۆ ناو شاری مووسڵ بێت، ئامانج لێی خاوێنكردنەوەی هەموو پارێزگای مووسڵە، پاشان چوونە نێو شارەكەیە، بەپێی ئامارەكانیش، داعش لە نێو مووسڵ كە یەك ملیۆن و 500 هەزار كەسی لێ ماوە، بە پێنج هەزار سەربازەوە دەیەوێ بەرگری لە داگیركردنەكەی بكات، بەڵام دوای جێبەجێكردنی كردەوەگەلی ئازادكردنەوەی پارێزگاكە، داعش دەیانەوێ بە كەمترین زیان لە مووسڵ بچنە دەرەوە و لە شاری "ڕەقە"ی سووریا پێگەی خۆیان قایم بكەن، وەك "ڕوانگەی سووری" دوێنێ لە بەیاننامەیەكدا باسی كرد.

پسپۆڕێكی سەربازیی ئەمەریكیش ئاماژە بۆ ئەوە دەكات، داعش داهاتووی خۆی لە سووریا دەبینێتەوە، چونكە دەزانێ وەك چۆن لە عێراق هێزە كوردییەكان و حكوومەتی عێراق رێككەوتنیان كرد تا لەگەڵ هێزە هاوپەیمانەكان دژیان بوەستن، لە سووریا ئەو كۆدەنگییە دروست نابێت، ئۆپۆزسیۆن، پەیەدە، حكوومەتی سووریا بە ئاسانی رێك ناكەون، ئەوەش وا دەكات هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی نەتوانن هەماهەنگی گونجاویان لەگەڵدا بكەن.

لە بەیاننامەكەی ڕوانگەی سووریدا هاتووە، داعش لە شاری ڕەقە، پێداچوونەوە بە یەكە كاگێڕییەكانیان دەكەن، ئەمەش بە گۆڕینی بەرپرسی بەشەكان و جێگۆڕكێی هەندێكی تریان.

ئاماژە بەوەش كراوە ڕێكخراوەكە بە دەیان چەكداری خۆی كوشتووە، كاتێك زانیویانە دەیانەوێ بەرەو توركیا ڕا بكەن. 

سەرچاوە: جەزیرە، سۆمەرییە.


وشە - كوردۆ شابان