ماوه‌ی چه‌ند ساڵێكه له هه‌رێمی كوردستاندا، هه‌ندێك جار منداڵی تازه له دایكبوو له شوێنه قه‌ره‌باڵغ و گشتییه‌كانی وه‌ك نه‌خۆشخانه، مزگه‌وت، قوتابخانه و نزیك بازاڕه‌كان فڕێ ده‌درێن، ئه‌وه‌ش خه‌ریكه له حاڵه‌ته‌وه ده‌بێته دیارده، بۆیه داوای گرتنه‌به‌ری رێوشوێنی پێویست ده‌كرێ.
له نوێترین حاڵه‌تدا له سه‌نته‌ری شارۆكه‌ی سۆران، دوای ئه‌وه‌ی منداڵێكی ساوا له‌سه‌ر شه‌قامێكی دۆزرایه‌وه، ئێسته له نه‌خۆشخانه‌ی له‌دایكبوون و منداڵانی ناوچه‌كه چاودێری ده‌كرێت. به‌ڵام ئه‌وه یه‌كه‌م حاڵه‌ت نییه له‌م شارۆكه‌یه‌دا تۆمار ده‌كرێت، پێشترین چه‌ندان حاڵه‌تی فڕێدانی منداڵ رووی داوه.
ئه‌و منداڵانه‌ی له ساڵانی رابردوو له سۆران فڕێ درابوون، به بڕیاری دادگا به‌و خێزانانه دراون كه داواكارییان پێشكه‌ش به لایه‌نه پێوه‌ندیداره‌كان كردووه بۆ له‌خۆگرتنی منداڵ .
رێزان باڵه‌ك به‌رپرسی راگه‌یاندنی نه‌خۆشخانه‌ی له‌دایكبوون و منداڵانی سۆران، به"وشه"ی راگه‌یاند، "ئێواره‌ی رۆژی هه‌ینی، له گه‌ڕه‌كی ئازادی شاره‌دێی دیانای سه‌ربه سۆران، منداڵانی گه‌ڕه‌ك له كاتی یاریكردن گوێبیستی گریان و ده‌نگی منداڵێكی ساوا ده‌بن، له‌ناو زه‌رفی زبڵ و خاشاك له خانوویه‌كی كه‌لاوه‌دا ده‌یدۆزنه‌وه، دواتر تیمه‌كانی ئاسایش و پۆلیسی لێ ئاگادار ده‌كرێته‌وه و منداڵه‌كه بۆ نه‌خۆشخانه ده‌گوازرێته‌وه."
باڵه‌ك ئاشكرای ده‌كات، منداڵه‌كه كوڕه و هه‌مان رۆژی دۆزینه‌وه‌ی له دایك بووه، ئێسته ته‌ندروستی جێگیره و له‌ژێر چاودێری پزیشكدایه، دوای ئه‌نجامدانی پشكنینی پێویست، ده‌ركه‌وت ئه‌و منداڵه هیچ كێشه‌یه‌كی ته‌ندروستیشی نییه.
ئه‌و به‌رپرسه‌ی نه‌خۆشخانه‌ی منداڵانی سۆران زیاتر ده‌ڵێت، "جاری یه‌كه‌م نییه منداڵی فڕێدراو ده‌گه‌یه‌نرێته نه‌خۆشخانه‌كه‌مان، ساڵی رابردووش سێ حاڵه‌تی فڕێدانی منداڵ هه‌بوو، هه‌روه‌ها ساڵی 2018 منداڵی ساوا له‌سه‌ر شه‌قام فڕێ دراوه بێ ئه‌وه‌ی دایك و باوكی دیار بێت".
خه‌ڵكێكی زۆر بۆ وه‌رگرتنی منداڵی بێ دایك و باوك روو له‌م نه‌خۆشخانه‌یه ده‌كه‌ن، به‌ڵام به‌گوته‌ی به‌رپرسی راگه‌یاندنی نه‌خۆشخانه‌كه، بێ دادگا ده‌سه‌ڵاتیان نییه منداڵه‌كه به هیچ خێزانێك ببه‌خشن و پێویسته له رێی یاساوه داوای به‌خێوكردنی منداڵ بكرێت.
مه‌لا مزه‌فه‌ر سوورچی مامۆستای ئاینی و وتارخوێن، بۆ "وشه" ئه‌وه‌ی خسته‌ڕوو، فڕێدانی منداڵی ساوا له هه‌رێمی كوردستان، خه‌ریكه له حاڵه‌ته‌وه به‌ره‌و دیارده ده‌ڕوات، هه‌رچه‌نده له وڵاتان شتی وا بوونی هه‌یه و به ئاسایی ده‌زانن، به‌ڵام نابێ له‌ناو كۆمه‌ڵگه‌ی كوردستان بوونی هه‌بێت، چونكه ئه‌و كاره بۆ ئێمه نامۆیه.
ئه‌و مامۆستا ئاینییه زیاتر گوتی، فڕێدانی منداڵ له‌لایه‌ن هه‌ر كه‌سێكه‌وه بێ به تاوانی كوشتن هه‌ژمار ده‌كرێ، یه‌كێك له گرنگییه‌كانی ئیسلام بریتییه له پاراستنی نه‌فس و گیانی مرۆڤ. جگه له‌مه هه‌بوونی منداڵ به‌رپرسیارێتییه‌كی گرنگ ده‌خاته سه‌رشانی دایك و باوك، خوای گه‌وره ئاگاداری مرۆڤه‌كانیش ده‌كاته‌وه كه ناكرێ به‌هۆی هه‌ر هۆكارێكه‌وه بێت منداڵ له‌ناو ببرێت ته‌نانه‌ت پێش له‌دایكبوونیشی.
هیچ كه‌سێك له‌سه‌ر فڕێدانی منداڵه‌كه‌ی سۆران نه‌گیراوه
به‌گوته‌ی مامۆستا مزه‌فه‌ر، فڕێدانی منداڵ یه‌كێكه له تاوانه گه‌وره‌كان، بۆیه ده‌بێ سه‌ره‌تا رێگری بكه‌ن له‌م هۆكارانه‌ی كه ئه‌و حاڵه‌ته نامۆیانه دروست ده‌كات، به‌تایبه‌ت راگه‌یاندن رۆڵێكی خراپیان گێڕاوه له‌م جۆره بابه‌تانه، ئه‌ویش به‌هۆی دابه‌زاندنی زنجیره‌ی دۆبلاجكراوی خراپ.
لای خۆیه‌وه به‌ناز حه‌دێ پارێزه‌ر له شارۆكه‌ی سۆران، به"وشه"ی راگه‌یاند، "منداڵی فڕێدراو بریتییه له‌و منداڵه‌ی دایك و باوكی دیار نییه، به‌ڵام له‌و یاسایانه‌ی له په‌رله‌مانی كوردستان ده‌رچوون، باسی ئه‌و حاڵه‌ته نه‌كراوه".
له‌باره‌ی سزا بۆ ئه‌و كه‌سه‌ی منداڵه‌كه‌ی فڕێ ده‌دات، پارێزه‌ره‌كه پێی وایه ده‌بێ بگه‌ڕێینه‌وه سه‌ر بنه‌ڕه‌تی تاوانه‌كه، ئایا منداڵه‌كه له رێی زینا یان كرداری له‌شفرۆشی دروست بووه؟، ئه‌گه‌ر بكه‌ره‌كانی ئه‌م كاره دیار بوون، ئه‌وا به‌پێی یاسای تایبه‌تی خۆیان سزا ده‌درێن، به‌ڵام ده‌قێكی دیاریكراو نییه كه رێك باسی سزای ئه‌و كه‌سه بكات كه منداڵه‌كه فڕێ ده‌دات، بۆیه ده‌توانن به یاسای سزادانی عێراقی سزا بدرێن كه گرتن و سزای دارایی یه‌كێك له‌مانه دیاری كراوه.
"نه‌بوونی یاسایه‌كی گونجاو و شیاویش رێخۆشكه‌ر بووه بۆ زۆربوونی ئه‌م حاڵه‌ته، چونكه هیچ یاسایه‌كی تایبه‌تی نییه، زۆر گرنگه په‌رله‌مان یاسایه‌كی تایبه‌ت به‌م دیارده‌یه ده‌ربكات، له‌به‌رئه‌وه‌ی له‌م سه‌رده‌مه‌دا منداڵی له‌م جۆره زۆر بوون، بۆیه پێویسته باس بكرێت و گرنگی به داهاتووی بدرێت" پارێزه‌ره‌كه وای گوت.
له‌كاتی فڕێدانی منداڵ، به سه‌دان كه‌س ئاماده‌ن بۆ به‌خێوكردنی و هه‌ڵگرتنه‌وه‌ی، یاسا رێی دیاری كردووه به‌پێی ماده‌ی 39 كه ده‌بێ له پێشدا داوایه‌ك پێشكه‌ش به دادگا بكرێت كه ئه‌و منداڵه به‌خێو بكه‌ن، دواتر دادگا كه منداڵه‌كه ده‌دات به‌و كه‌سه‌ی كه داوای كردووه، بۆ ماوه‌یه‌ك ده‌یخاته ژێر چاودێریكردن كه شه‌ش مانگه، یان ده‌كرێ ماوه‌كه درێژ بكرێته‌وه، توێژه‌ری كومه‌ڵایه‌تی سه‌ردانیان ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی بزانرێ ئه‌و ژن و مێرده توانای ئه‌وه‌یان هه‌یه به‌خێوی بكه‌ن و گونجاون.
خه‌ڵك له رێی دادگادا داوای به‌خێوكردنی منداڵ ده‌كه‌ن، له رووی یاساییه‌وه كه دادگا منداڵه‌كه ده‌دات به خێزانێك، له ناسنامه‌كه‌ی ناوێكی وه‌همی بۆ داده‌نێت و له تۆماری ناسنامه‌ی ئه‌و خێزانه تۆمار ده‌كرێت و ده‌بێته منداڵی ئه‌وان، ئه‌و لایه‌نه‌ی داوای به‌خێوكردنی منداڵه‌كه‌ی كردووه، پێویسته له‌سه‌ری مافه‌كانیشی بدات، وه‌ك به‌خێوكردن و چاودێری و خه‌رجی، به‌ڵام میرات وه‌رناگرێت ته‌نیا له رێی وه‌سیه‌ت نه‌بێ، چونكه منداڵی راسته‌قینه‌ی ئه‌وان نییه، به‌ڵكو دادگا ته‌نیا وه‌ك ئه‌مانه‌تێك به‌وانی داوه تا به‌خێوی بكه‌ن.
هاوكات زیبا ته‌ها توێژه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی و چالاكی مه‌ده‌نی، بۆ "وشه" روونی كرده‌وه، فڕێدانی منداڵی ساوا له هه‌رێمی كوردستان خه‌ریكه ده‌بێته دیارده و ساڵانه چه‌ندان حاڵه‌تی وا ده‌بینن، ئه‌مه‌ش كاریگه‌ری خراپی له‌سه‌ر تاك و كۆمه‌ڵگه هه‌یه، به‌تایبه‌ت كاریگه‌ریی نه‌رێنی له‌سه‌ر داهاتووی منداڵه‌كه ده‌بێت، چونكه دوور له هه‌ست و سۆزی دایك و باوكی و كه‌سوكاری گه‌وره ده‌بێت".
ئه‌و توێژه‌ره‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی ئاماژه‌ی دا، مه‌رج نییه منداڵێك وه‌ك ئه‌وه‌ی به‌شی زۆری خه‌ڵك بیری لێ ده‌كه‌نه‌وه، به شێوازی ناشه‌رعی له‌دایك بووبێت بۆیه فڕێ درابێت، نه‌خێر به پێچه‌وانه‌وه، ره‌نگه به بار و دۆخی ئابووری و هه‌ندێ هۆكاری تر فڕێ درابێت، له‌هه‌ر حاڵه‌تێكیشدا ئه‌وه تاوان و كاره‌سات و كارێكی دوور له مرۆڤایه‌تییه.
موقه‌ده‌م شه‌ماڵ دێواری گوته‌بێژی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی پۆلیسی سۆران به "وشه"ی راگه‌یاند، دوای هه‌بوونی رووداوی له‌و شێوه‌یه، ده‌ستبه‌جێ ده‌نێردرێته نه‌خۆشخانه‌ی له‌دایكبوون و دادوه‌ری لێ ئاگادار ده‌كه‌نه‌وه، دواتر له‌لایه‌ن دادوه‌ره‌وه كه‌یسی بۆ ده‌كرێته‌وه، ئه‌گه‌ر تۆمه‌تباره‌كه دیار بوو، راسته‌وخۆ فه‌رمانی گرتنی بۆ ده‌رده‌كرێت. ئه‌گه‌ر تۆمه‌تباره‌كه دیار نه‌بوو، كه‌یسه‌كه ده‌نێردرێته دادگای نه‌وجه‌وانانی هه‌ولێر، له‌وێ بڕیار له‌سه‌ر ئه‌و منداڵه ده‌درێت كه بدرێت به چ خێزانێك له‌و خێزانانه‌ی كه داوایان كردووه منداڵه‌كه له‌خۆ بگرن.
زیاتر گوتی هه‌رچه‌نده پێشتریش حاڵه‌تی فڕێدانی منداڵ له سۆران هه‌بووه، به‌ڵام به‌هۆی نه‌دۆزینه‌وه‌ی تۆمه‌تباران، هیچ كه‌س سزا نه‌دراوه. نازانن ئه‌و منداڵه هی سۆرانه یان له ده‌ره‌وه‌ی سۆرانه. ئه‌نجامده‌رانی ئه‌و تاوانه‌ش فه‌رمانی گرتنیان بۆ ده‌رچووه.