ئاسیاسێڵ هاووڵاتییانی سلێمانی بە ئۆفەرێکی ناڕاست چەواشە دەکات

:: PM:03:02:25/03/2020 ‌
کۆمپانیای ئاسیاسێڵ لە ڕێگەی ئۆفەر و نامەیەکەوە، بەشداربووانی لە سلێمانی چەواشە دەکات، هاووڵاتییان داوا دەکەن حکوومەت و لایەنی پێوەندیدار لێپێجینەوە لە کۆمپانیاکە بکەن.

کۆمپانیای ئاسیاسێڵ لە ڕێگەی ناردنی نامە و پێشکەشکردنی ئۆفەری نوێوە، بەشداربووانی چەواشە دەکات، تازەترین ئۆفەری ئەوەیە کە لەڕێگەی کۆدی (*299#) گوایە دەتوانیت ماوەی 14 ڕۆژ هێڵەکە درێژ بکەیتەوە، بەڵام ئەمەش بۆ چەواشەکردنە و ڕاست نییە.

داوا دەکەم حکوومەت لێپێچینەوە لە کۆمپانیای ئاسیاسێڵ بۆ ئەو ئۆفەر و نامە درۆیانەی بۆ هاووڵاتیانی دەنێرێت بکات

لەم بارەیەوە هادی ئەحمەد هاووڵاتییەکی شاری سلێمانی و بەکارهێنەری تۆڕۆ ئاسیاسێڵە، ئەمڕۆ چوارشەم 25ی ئادار، بە "وشە"ی گوت، داوا دەکەم حکوومەت لێپێچینەوە لە کۆمپانیای ئاسیاسێڵ بۆ ئەو ئۆفەر و نامە درۆیانەی بۆ هاووڵاتیانی دەنێرێت بکات.

هاووڵاتییەکی تر بەناوی ئەکرەم عەلی، دانیشتووی شاری سلێمانی کە شەوی ڕابردوو نامەکەی ئاسیاسێڵی بۆ هاتووە و بەشداری ئۆفەرەکەی کردووە، بۆ وشە گوتی: ئەمەی کۆمپانیای ئاسیاسێڵ دەیکات تەنیا چەواشەکردنی خەڵکە، چونکە من بەشداریی ئۆفەرەکەم کرد و دوای ئەوە پێوەندیم کرد باڵانسم لێ ڕۆی.

نەزاکەت سەعید، مامۆستای زانکۆی سلێمانی بە "وشە"ی ڕاگەیاند: لە جیهاندا یاسای مافی بەکاربەر هەیە کە هەرکاتێک بەشداربووانی کۆمپانیایەک جا پێوەندی بێت یان هەر خزمەتگوزارییەکی تر، فێڵی لە بەشداربووەکانی کرد، حکوومەت بەو یاسایە لێپێچینەوەی لەگەڵ بکات.

زیاتر گوتی: لە هەرێمی کوردستان تا ئێستە یاسای مافی بەکاربەر نییە، کۆمپانیاکان زۆر جار لەگەڵ بەکارهێنەران و بەشداربووانیان ڕاست ناکەن و چەواشەیان دەکەن.

ئەوەشی گوت: لەکاتێکدا دۆخی ئێستەی هاووڵاتییان زۆر نالەبارە کە بەهۆی ڤایرسی کۆرۆناوە مووچەیان وەرنەگرتووە و بەشێکی زۆریان سەرچاوەی کاریان لەدەست داوە، دەبوو ئەوان هاوکاری بەشداربووانیان بکردایە، چونکە ئێستە هاووڵاتییان هەموو پێوەندییە کۆمەڵایەتییەکانیان لە ڕێگەی ئۆنلاینەوەیە، بۆیە پێویستە بەخۆیاندا بچنەوە و هاوکاری هاووڵاتییان بکەن.

سلێمانی/ هەستیار عەبدوڵا




وشە - ڕێناس شابان