هێزەكانی فڕەنسا و چیك عێراقیان جێهێشت

:: PM:05:43:25/03/2020 ‌

نووسینگەی گوتەبێژی فەرمی فەرماندەی هێزە چەكدارەكانی عێراق رای گەیاند كە هێزە سەربازییەكانی فڕەنسا كە لە چوارچێوەی هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عێراق كاریان دەكرد، خاكی عێراقیان جێهێشتووە.
دۆخی عێراق بەرەو نادیار دەچێت
بەپێی ئاژانسی هەواڵی فەرمی عێراق، نووسینگەكە ئەمڕۆ چوارشەم رای گەیاندووە بەوەی هێزەكانی فڕەنسا خاكی عێراقیان جێهێشتووە و زیاتر گوتی، ئەوان ئەو بنەكە سەربازیەی لێی بوون چۆڵیان كردووە، ئەوەیش بە رێككەوتن لەگەڵ حكوومەتی عێراق.

هەر ئەمڕۆ وەزارەتی بەرگریی چیك رای گەیاند كە بەهۆی زیادبوونی هەڕەشە تەناهییەكان و بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، هێزە سەربازییەكانیان لە عێراق كشاندووەتەوە، وەزارەتەكە لە ماڵپەڕی ئەلیكترۆنی خۆی دووپاتی كردەوە، فڕۆكەیەكی سەربازی لە جۆری ئایرباس A-319 كە 30 ئەندامی فرقەی چوارەمی سوپای چیكی هەڵگرتبوو لە عێراق كاریان دەكرد، لە براغی پایەتەختی ئەو وڵاتە نیشتووەتەوە.

جەنەراڵ جۆزێف كۆبیكۆ، فەرماندەی ئۆپراسیۆنەكان لە سوپای چیك گوتی، كشاندنەوەی هێزەكانمان بە شێوەیەكی كاتییە و بەهۆكاری كەمبوونەوەی ئەركەكانیانە بەهۆی زیادبوونی هەڕەشەی تەناهی و بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا و دووبارە رێكخستنەوەی هێزەكانمان.




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل