عێراق.. 11 حاڵە‌تی نوێی تووشبوون هاتە راگەیاندن

:: PM:06:46:25/03/2020 ‌

عێراق بەهۆی نزیكی لە ئێرانەوە و زۆری هاتوچۆی نێوانیان، ژمارەیەكی زۆری حاڵەتی تووشبوونی بە ڤایرۆسی كۆرۆنا تیادایە كە رۆژانە دەیان حاڵەت لێرە و لەوێ تۆمار دەكرێت، ئەمڕۆ هەریەك لە نەجەف و بەغدا و زیقاڕ تۆماركردنی 11 حاڵەتی نوێیان بەو ڤایرۆسە راگەیاند.
ژمارەكە تەنیا لەو گومانلێكراوانەن كە پشكنینیان بۆ دەكرێت
فەرمانگەی تەندروستیی نەجەف لە بەیاننامەیەكدا ئەمڕۆ چوارشەم رای گەیاند كە دوای پشكنینی تاقیگەیی بۆ ژمارەیەك گومانلێكراو، چوار حاڵەتی تووشبوون دووپاتی لێ كرایەوە، یەكێكیان منداڵێكی شیرەخۆرەی تەمەن چوار مانگییە و بەو شێوەیە تا ئێستە 45 حاڵەت لە نەجەف تۆمار كراون و هەشت حاڵەت چاكبوونەتەوە و یەكێكیش مردووە. 

لای خۆیەوە فەرمانگەی تەندروستی رەسافەی بەغدا لە بەیاننامەیەكی كورتدا رای گەیاند كە ئەمڕۆ چوارشەم شەش حاڵەتی تووشبوونیان بە ڤایرۆسی كۆرۆنا تۆمار كردووە و بەوەیش كۆی ژمارەی تووشبووان لە بەری رەسافەی بەغدا گەیشتووەتە 67 حاڵەت.

شایەنی باسە ئەمڕۆ چوارشەم وەزارەتی تەندروستیی عێراق لە بەیاننامەیەكدا دوایین ئاماری تووشبووانی بە ڤایرۆسی كۆرۆنا راگەیاند كە 30 حاڵەتی تووشبوون و دوو مردن و 14 حاڵەتی چاكبوونەوە تۆمار كراوە، بەوەیش كۆی ژمارەی تووشبوون بۆ 346 حاڵەتی تووشبوون و 29 حاڵەتی مردن بەرز بووەتەوە.





وشە - مه‌حموود ئیسماعیل