هەولێر.. رێگەپێدان لە سەردەمی قەدەغەی هاتوچۆدا راگیرا

وێنەكە ئەمڕۆیە هاووڵاتییان دەیانەوێ‌ رێپێدان وەربگرن لە قایمقامییەتی هەولێر
:: PM:06:58:25/03/2020 ‌
دوای ئەوەی "وشە" بەیانیی ئەمڕۆ لە پەخشی راستەوخۆدا بەردەم قایمقامییەتی هەولێری پیشاندا كە خەڵك كۆبوونەتەوە بەمەبەستی وەرگرتنی رێگە پێدان تا لەكاتی قەدەغەی هاتوچۆ هاتوچۆی پێوە بكەن، قایمقامییەتی هەولێر بریارێكی دەركرد.

پێویستە هاووڵاتییان بەهیچ شێوەیەك سەردانی دیوانی قایمقامیەت نەكەن
ئەمڕۆ چوارشەم 25ی ئادار، قایمقامییەتی هەولێر ئاگادارییەكی بڵاوكردووتەوە و تیایدا هاتووە، پێویستە هاووڵاتییان بەهیچ شێوەیەك سەردانی دیوانی قایمقامیەت نەكەن.

لە ئاگادارییەكەی قایمقامییەت نووسراوە" داواكارین بەھیچ شێوەیەك سەردانی دیوانی قایمقامیەتەكەمان نەكەن بۆ مەبەستی داواكاری رێگاپێدان بۆ ھاتووچۆ كردن، لە بەرئەوەی سەرجەم ڕێگاپێدانەكان ڕاگیراون، و تەنھا ئەو كەسانە دەتوانن ھاتووچۆبكەن كە لە رێنماییەكانی (ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای ھەولێر) لە رێكەوتی (25-3-2020) رێگاپێدراون و پێویستیان بەھیچ ڕێگاپێدانێكی تر نیە".

پێشتر وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان چەند جۆرێك ئۆتۆمبێل و كاسبكاری دیاری كردبوو كە بەڕێگەپێدان هاتوچۆ بكەن، بەڵام قایمقامییەت لەمرۆوە ئەوەیشی راگرت.


وشە - سه‌رخێڵ هاشم