وەزیری تەندروستی زانیاری لەبارەی تووشبووانی كۆرۆنا لە دەربەندیخان رادەگەیەنێت

:: PM:08:33:25/03/2020 ‌
وەزیری تەندروستیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان رای گەیاند، رەوشی تەندروستی تووشبووانی كۆرۆنا لە دەربەندیخان باشە و هەندێكیان بەرەو قۆناغی چاكبوونەوە هەنگاو دەنێن.

ئەمڕۆ بە فەرمانی مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانی كوردستان، د.سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان سەردانی دەربەندیخانی كرد كە تا ئێستە 17 حاڵەتی تووشبوون بە كۆرۆنای لێ‌ تۆمار كراوە.

هەندێكیان بەرەو قۆناغی چاكبوونەوە هەنگاو دەنێن
لەبارەی سەردانەكەی و رەوشی تەندروستی تووشبووانی كۆرۆنا لەو ناوچەیە، د.سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ "وشە" گوتی، سەردانی دەبەندیخانمان كرد بۆ ئەوەی لە نزیكەوە ئاگاداری رێكارەكان بین بۆ ئەوناوچە كە رێژەیەكی زیاتری كۆرۆنای لێ‌ تۆمار كراوە.

دووپاتیشی كردەوە، رەوشی تووشبووانی كۆرۆنا لە دەربەندیخان باشە و هەندێكیان بەرەو قۆناغی چاكبوونەوە هەنگاو دەنێن.

هەروەك ئاماژەی بەوە كرد، كە لەم قۆناغەدا باشترین شت مانەوەیە لەماڵەوە و ئەمڕۆیش ژمارەیەك پشكنینی تر لە دەربەندیخان بۆ هاووڵاتییان ئەنجام دراوە.

جێی بیرهێنانەوەیە كە دوێنی مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانی كوردستان بودجەكی تایبەت بۆ تەندروستی دەربەندیخان تەرخان كرد.


وشە - سه‌رخێڵ هاشم