زیانی کێڵگە پەلەوەرییەکان زیاتر لە پێنج ملیار دینارە

:: PM:10:44:25/03/2020 ‌

کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەرییەکان ڕایان گەیاند، لەم مانگەدا زیانی زۆر بەخاوەن پرۆژەکان گەشتووە کە بە بڕی زیاتر لە پێنج ملیار دینارە.

نازم عەبدوڵا جاف جێگری سەرۆکی کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەرییەکان بە "وشە"ی ڕاگەیاند، لەماوەی ئەم مانگەدا لە تەواوی هەرێمی کوردستان ئەو زیانانەی بەر کەرتی پەلەوەر کەوتووە خۆی دەبینێتەوە لە پێنج ملیار دیناری عێراقیی.

زیاتر گوتی، ئەگەر بە تێکڕا لە هەرێمی کوردستان هەزار هۆڵی بەخێوکردنی مریشک وەربگرین هەر هۆڵێک زیانی بە بڕی پێنج ملیۆن دینار بەرکەوتووە ئەوا بەتێکڕا هۆڵەکانی بەخێوکردنی مریشک لەم ماوەیەدا بڕی پێنج ملیار دینار زیانیان پێگەشتووە.

زیاتر لە دوو مليۆن و 500 هەزار مریشک لەناو هۆڵەکاندا هەیە

ئاماژەی بەوەیش داوە، زیاتر لە دوو مليۆن و 500 هەزار مریشک لەناو هۆڵەکاندا هەیە و هیچ بازاڕێک نییە بۆ ساغکردنەوەی ئەم مریشکانە، چونکە هەموو دووکانەکانی فرۆشتنی مریشک داخراون، هیچ سەربڕخانەیەکی گەورەشمان نییە کە ڕۆژانە فریای سەربڕینی مریشکی زۆر بکەوێت، بۆیە مریشکەکان دەمێننەوە.

روونیشی کردەوە، پێویستە عەلەف و خۆراکی زیاتری بدەینی کە ئەمەیش پارەی زۆری دەوێت لە کاتێکدا نرخی هەر تەنێک عەلەف 100 دۆلاری ئەمەریکیی لەسەرمان گرانبووە، نەبوونی بازاڕیش وای کردووە نرخ هەرزان بێت و زیانەکان زۆرتر بێت لەسەرمان.

جێگری سەرۆکی کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەریەکان داوادەکات پارێزگاری سلێمانی و قایمقامییه‌ت کاربکەن بۆ کردنەوەی دووکانەکانی مریشک بەپێی ڕێنماییە تەندروستیەکان لە بازاڕەکاندا تاکێشەی کۆمەڵایەتیش دروست نەبێت لە نێوان دووکاندارەکان و جووملە فرۆشەکان و خاوەن کێڵگەکان، چونکە ئەو پارانەی لایانە نایگەڕێننەوە.

سلێمانی/ لۆڤە محەمەد


وشە - ڕۆزی عه‌بدولره‌حمان