وه‌زاره‌تی به‌رگری ڕووسیا بڵاوی كرده‌وه، كه دره‌نگانی شه‌و فڕۆكه‌یه‌كی جه‌نگی هێزی ئاسمانی وڵاته‌كه له‌كاتی فڕینی به‌سه‌ر ده‌ریای ڕه‌ش كه‌وتووه‌ته خواره‌وه و به ته‌واوی تێكشكاوه و شوێن‌بزر بووه.
له ڕاگه‌یه‌نراوه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی به‌رگری
ڕووسیا هاتووه، كه فڕۆكه‌كه به دیارییكراوی له سه‌عات هه‌شت و 10 خوله‌كی ئێواره‌ی دوێنێ چوارشه‌م به‌كاتی مۆسكۆ تێكشكاوه و پێوه‌ندی به‌و بنكه سه‌ربازییه پچڕاوه كه لێوه‌ی هه‌ستاوه.
گه‌ڕان به فره‌وانی بۆ دۆزینه‌وه‌ی چاره‌نووسی فڕۆكه‌وانه‌كان ده‌ستی پێكردووه
ئاماژه دراوه، كه فڕۆكه‌كه له جۆری سوخۆی 27 بووه و به ته‌واوی له ڕادار و چاودێریكردن بزر بووه و دواتر ڕوون بووه‌ته‌وه كه كه‌وتووه‌ته ناو ئاوی ده‌ریای ڕه‌ش، پاش گه‌ڕان بۆ ماوه‌یه‌ك توانرا شوێنی كه‌وتنه خواره‌وه‌ی دیاریی بكرێ، كه 50 كیلۆمه‌تر له كه‌ناراوه‌كانی شاری ڤیۆدۆسیای ڕووسیا دوور بووه.
له به‌شێكی تری ڕاگه‌یه‌نراوه‌كه هاتووه، كه تیمه‌كانی فریاگوزاری به په‌له ده‌ستیان به هه‌ڵمه‌تی گه‌ڕان و پشكنین كردووه، بۆ ئه‌وه‌ی فڕۆكه‌وانه‌كان و سندووقی ڕه‌شی فڕۆكه‌كه بدۆزنه‌وه، به‌ڵام تا ئێسته نه‌یانتوانیوه ئه‌وانه ده‌ست بخه‌ن و گه‌ڕان به‌شێوه‌یه‌كی فره‌وان و چڕ له‌و ناوچه‌یه به‌رده‌وامی هه‌یه.