له چوارچێوه‌ى رێكارییه‌كانى به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى ڤایرۆسى كۆرۆنا، پارتى ده‌سه‌ڵاتدار له توركیا ده‌یه‌وێ بڕیارى لێخۆشبوو‌ن بۆ گیراوه‌كان ده‌ربكات، ئه‌وه‌ى جێى سه‌رنجه ئه‌م بڕیاره ئه‌و كه‌سانه ده‌گرێته‌وه كه ده‌ستدرێژى سێكسیان كردووه، بۆیه ئه‌مه‌یش ناڕهزایییهكى توند له لایه‌ن رێكخراوه‌كانى مافى مرۆڤ و ژنان دروست ده‌كات.
رۆژنامه‌ى
"شه‌رق ئه‌وسه‌ت" ئه‌مڕۆ له راپۆرتێكدا باس له رێكارییه‌كى ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغانى سه‌رۆكى توركیا و پارته‌كه‌ى ده‌كات، كه به نیازن بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى كۆرۆنا ئه‌نجامى بده‌ن، ئه‌ویش بڕیارى لێخۆشبوونه له گیراوه‌كان، بۆئه‌وه‌ى كه‌مێك گوشار له‌سه‌ر گرتووخانه‌كان كه‌م ببێته‌وه، كه له‌ژێر هه‌ڕه‌شه‌ى ڤایرۆسى كۆرۆنان.
توركیا لێبوردن بۆ ئه‌و كه‌سانه ده‌رده‌كات كه ده‌ستدرێژى سێكسییان كردووه
له راپۆرته‌كه هاتووه، پرۆژه‌ى هه‌مواركردنه‌وه‌ى یاسایه كه حكوومه‌تى توركیا له په‌رله‌مان هه‌وڵى په‌سه‌ندكردنى ده‌دات، ناڕه‌زاییه‌كى توندى لێكه‌وتووه‌ته‌وه، چونكه بڕیارى لێبوردن بۆ هه‌موو تاوانباران له‌خۆ ده‌گرێت ته‌نیا ئه‌و كه‌سانه نه‌بێت كه تاوانى كوشتن و تیرۆرییان كردووه. به‌ر له هه‌موویان رێكخراوه‌كانى ژنان و چالاكان له بوارى مافه‌كانى ژنان له دژى هه‌مواركردنه‌وه‌كه ده‌وه‌ستنه‌وه، چونكه لێبوردنه‌كه ئه‌و كه‌سانه ده‌گرێته‌وه كه تاوانى ده‌ستدرێژى سێكسییان كردووه.
رۆژنامه‌ى شه‌رق ئه‌وسه‌ت باس له‌وه ده‌كات، بابه‌تى لێخۆشبوو‌ن له تاوانبارانى ده‌ستدرێژى ئه‌گه‌رچى له‌گه‌ڵ بڵاوبوونه‌وه‌ى په‌تاى كۆرۆنا هاوكات بووه، به‌ڵام دۆسیه‌یه‌كى جیا بووه پارتى ده‌سه‌ڵاتدار له توركیا ویستوویه‌تى له‌گه‌ڵ پارته‌كانى ئۆپۆزسیۆن تاوتوێى بكات، ناوه‌ڕۆكى هه‌مواركردنه‌وه‌ى ئه‌م یاسایه‌یش ئه‌وه‌یه لێبووردن به كه‌سى تاوانبارى ده‌ستدرێژى بدرێت، ئه‌گه‌رهاتوو هاوسه‌رگیرى له‌گه‌ڵ ئه‌و كچه كرد بوو كه ده‌ستدرێژى كردبووه سه‌رى.
كاتێكیش مه‌ترسى په‌تاى كۆرۆنا له توركیا بووه‌ته هه‌ڕه‌شه‌یه‌كى رژد، ئه‌وا پارتى داد و گه‌شه‌پێدانى ده‌سه‌ڵاتدار"ئاكپارتى"، ده‌یه‌وێ له‌گه‌ڵ پارتى بزووتنه‌وه‌ى نه‌ته‌وه‌یى "مه‌هه‌په"و پارتى گه‌لى كۆمارى"جه‌هه‌په" و پارتى چاكه "ئیى پارتى" تاوتوێى بابه‌تى لێبوردن له گرتووه‌كان بكات، بۆ ئه‌وه‌ى ژماره‌ى گرتووه‌كان كه‌م بكاته‌وه.
به‌گوێره‌ى ئه‌و ئاماره فه‌رمییانه‌ى هه‌ن، نزیكه‌ى 300 هه‌زار گیراو له گرتووخانه‌كانى توركیا هه‌ن، ژماره‌ى گرتووخانه‌كانیش له سه‌رانسه‌رى وڵاته‌كه 375 گرتووخانه‌یه. ئه‌وه‌ى جێى سه‌رنج بێت، ژماره‌ى گیراوه‌كان زۆر له تواناى گرتووخانه‌كان زیاتره، به تایبه‌تیش دواى هه‌وڵى كوده‌تاكه‌ى ته‌مووزى ساڵى 2016.
پارتى بزووتنه‌وه‌ى نه‌ته‌وه‌یى دوو ساڵ له‌مه‌وبه‌ر پێشنیازى پرۆژه ههمواركراوهكهى كردووه، پارتى ده‌سه‌ڵاتداریش پێداگریى ده‌كات یاساى سزادان هه‌موار بكاته‌وه، بۆ ئه‌وه‌ى ماوه‌ى گرتنى ئه‌و كه‌سانه كه‌م بكاته‌وه كه به "تاوانى ئاسایى" گیراون، مه‌به‌ست له تواناى ئاسایى ئه‌و كه‌سانه‌یه كه جگه له تیرۆر و كوشتن تاوانى تریان ئه‌نجام داوه.
به‌گوێره‌ى هه‌مواركردنه‌وه‌كه بێت نزیكه‌ى70 تا 100 كه‌س له تاوانباران به‌رده‌درێن، كه 60 هه‌زار كه‌س له‌وان به تۆمه‌تى پێوه‌ندیدار به ماده هۆشبه‌ره‌كانه‌وه گیراون. له بڕگه‌كانى هه‌مواركردنه‌وه‌كه هاتووه هه‌ر كه‌سێك نه‌خۆشى درێژخایه‌نى هه‌یه ئه‌وا ده‌توانێ ماوه‌ى گرتنه‌كه‌ى له ماڵه‌وه ته‌واو بكات، یان ئه‌وانه‌ى كه‌مئه‌ندامن به هه‌مان شێوه له ماڵه‌وه ماوه‌ى سزاكه‌یان ته‌واو ده‌كه‌ن، ئه‌گه‌رهاتوو ژنێك تازه منداڵى ببوو به هه‌مان شێوه له ماڵه‌وه ده‌گیرێت.
رێكخراوه‌كانى ژن: حكوومه‌تى توركیا ره‌وایه‌تى به ده‌ستدرێژى سێكسى ده‌دات
ئه‌وه‌ى ژنانى توڕه كردووه هیچ یه‌كێك له‌و بڕگانه نییه، به‌ڵكو ئه‌وه‌یانه كه به‌شێكى زۆر له‌و كه‌سانه‌ى ده‌ستدرێژى سێكسییان كردووه‌ته سه‌ر ژن و منداڵ به‌ر ئه‌م لێبوردنه ده‌كه‌ون، بۆیه رێكخراوه‌كانى ژنان به‌یاننامه‌یه‌كى هاوبه‌شیان له دژى پڕۆژه‌ى هه‌مواركردنه‌وه‌كه بڵاو كردووه‌ته‌وه.
رۆژنامه‌ى "شه‌رق ئه‌وسه‌ت" ئاماژه‌ى بۆ ناوه‌ڕۆكى به‌یاننامه كردووه كه تێیدا هاتووه "سووككردنى سزاى ئه‌و كه‌سانه‌ى ئه‌م جۆره تاوانانه‌یان كردووه، ئه‌وا هانده‌ر ده‌بێت بۆ ئه‌وه‌ى تاوان ده‌رهه‌ق به ژنان زیاتر بێت".
هه‌روه‌ها رێكخراوه‌كانى ژنان ده‌ڵێن "ئه‌م هه‌مواركردنه‌وه‌یه بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى ڤایرۆسى كۆرۆنا نییه، به‌ڵكو به‌ردانى كۆمه‌ڵێك تاوانباره وهێشتنه‌وه‌ى ده‌یان هه‌زارى تره له گرتووخانه‌كان. ئه‌و هه‌مواركردنه‌وه‌یه هیچ ئامانجێكى نییه بۆ پاراستنى ته‌ندروستى گشتى به‌ڵكو ئامانجى سه‌ره‌كى ئه‌وه‌یه ژماره‌ى گیراوه‌كان كه‌م بكرێته‌وه، زۆر ڕوونه كه حكوومه‌ت كار بۆ ئه‌م ئامانجه ده‌كات".
مافپهروهرى تورك ئۆگور بویراز به رۆژنامه‌ى" شه‌رق ئه‌وسه‌ت" ده‌ڵێ مه‌به‌ستى ئه‌م هه‌مواركردنه‌وه‌یه بۆ ئه‌وه نییه دادپه‌روه‌رى له‌گه‌ڵ ئه‌و كه‌سانه بكرێت كه سته‌میان لێكراوه، به‌ڵكو مه‌به‌ست ئه‌وه‌یه كۆمه‌ڵێك تاوانبار ئازاد بكرێن، كه سه‌ر به ده‌سه‌ڵاتن. ئه‌و مافپه‌روه‌ره ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌كات له‌م رۆژانه‌ى دواییدا زۆر گوێبیستى ئه‌وه ده‌بن كه‌سانى نزیك له ئه‌ردۆغان به تۆمه‌تى نه‌دانى باج گیراون، ئه‌و كه‌سانه‌یش به لێبوردنه‌كه سوودمه‌ند ده‌بن.
له به‌شێكى تر‌ى راپۆرته‌كه رۆژنامه‌ى شه‌رق ئه‌وسه‌ت باس له‌وه ده‌كات، پارتى ده‌سه‌ڵاتدار چه‌ند ساڵێكه پرۆژه یاسایه‌كى هه‌یه، ئێسته هه‌وڵى زیندووكردنه‌وه‌ى ده‌دات، ئه‌ویش پڕۆژه‌ى "هاوسه‌رگیرى له‌گه‌ڵ ژنى لاقهكراوه" واته لێبوردن بۆ ئه‌و پیاوه تاوانباره ده‌ربچێت كاتێك ئاماده‌یه هاوسه‌رگیرى له‌گه‌ڵ ئه‌و ژنه بكات كه لاقه‌ى كردووه و ده‌ستدرێژى سێكسى كردووه‌ته سه‌رى.
راپۆرته‌كه ده‌ڵێ چه‌ندان جار پارتى ده‌سه‌ڵاتدار هه‌وڵى تێپه‌ڕاندنى ئه‌و یاسایه‌ى داوه، به‌ڵام شكستى هێناوه، چونكه چین وتوێژێكى زۆرى كۆمه‌ڵگه له دژى یاساكه ده‌وه‌ستنه‌وه. رێكخراوه‌كان دووپاتى ده‌كه‌نه‌وه، لێبوردن له‌م جۆره واتاى ئه‌وه‌یه ره‌وایه‌تى به ده‌ستدرێژى سێكسى ده‌درێت و رێگه به هاوسه‌رگیرى ئه‌و كچانه ده‌درێت كه ته‌مه‌نیان له ژێر 18 ساڵى دایه.
سه‌باره‌ت به ده‌ستدرێژى سێكسى بۆ سه‌ر منداڵانیش به‌گوێره‌ى ئامارێكى وه‌زاره‌تى دادى توركیا ئه‌م تاوانه له ساڵانى ده‌سه‌ڵاتى ئاكپارتى زیادى كردووه، پێشتر له ساڵى 2006 سێ هه‌زار و 778 حاڵه‌تى ده‌ستدرێژى سێكسى بۆ سه‌ر منداڵان تۆمار كرا بوو، كه‌چى له 2016 ئه‌م ژماره‌یه به‌رز بووه‌وه بۆ 21 هه‌زار 189 حاڵه‌ت.
له توركیا تاوانه سێكسییه‌كان له یاسادا بۆ چه‌ندان جۆر پۆلین ده‌كرێن، له‌وانه گێچه‌ڵى سێكسى سزاكه‌ى له نێوان گرتنى دوو مانگ تا دوو ساڵه، به‌ڵام سزاى ده‌ستدرێژى له نێوان گرتنى پێنج ساڵ تا 10 ساڵه، له حاڵه‌تێكدا ئه‌و كه‌سانه‌ى ده‌ستدرێژى سێكسیان كراوه‌ته سه‌ر نه‌توانن به‌رگرى له خۆیان بكه‌ن ئه‌وا سزاى تاوانبار دوو هێنده ده‌بێت.
ئه‌وه‌ى جێى سه‌رنج بێت، لێبوردنه‌كه ئه‌و كه‌سانه ناگرێته‌وه كه به تۆمه‌تى سیاسى گیراون، چونكه له هه‌مواركردنه‌وه‌كه باس له‌وه كراوه، ئه‌و كه‌سانه ناگرێته‌وه كه به تۆمه‌تى تیرۆر گیراون، دیاره توركیایش له ماوه‌ى چوار ساڵى رابردوودا ده‌یان هه‌زار كه‌س له كورد و لایه‌نگرانى فه‌تحوڵا گوله‌نى خستووه‌ته گرتووخانه‌كانه‌وه، هه‌ڵبه‌ته ده‌سه‌ڵاتدارانى توركیا نكۆڵى له‌وه ده‌كه‌ن ئه‌وانه به تۆمه‌تى سیاسى گیرا بن، به‌ڵكو به تۆمه‌تى تیرۆر ده‌خرێنه گرتووخانه‌كانه‌وه، ئه‌مه‌یش ناره‌زایى له‌لاى یه‌كێتى ئه‌وروپا و رێكخراو مرۆییه نێوده‌وڵه‌تیه‌كان دروست كردووه.