ڕاگەیەنراوێك لە وەزارەتی تەندروستییەوە

:: AM:10:59:26/03/2020 ‌
 وەزارەتی تەندروستی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئاشكرای دەكات، لە ماوەی 48 سەعاتی ڕابردوو 18 هاووڵاتی تووشی كۆرۆنا بوونە.

ئەمڕۆ پێنجشەم 26ـی ئادار، لە ڕاگەیەنراوێكی وەزارەتی تەندروستی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئاشكرا كراوە، لەبارەی نەخۆشی ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ COVID-19 لە هەرێمی كوردستان، تیمەكانی تەندروستی بۆ دۆزینەوە و پشكنینی گومان لێكراوانی هەڵگری ئەم ڤایرۆسە، رۆژانە بەردەوامن.

پشكنینی گومان لێكراوانی هەڵگری ئەم ڤایرۆسە، رۆژانە بەردەوامن
باس لەوەش كراوە، ژمارەی هاووڵاتییان لە كەرەنتینەكان پێنج هەزار و 50 كەس بوون لە 34 شوێنی جیاواز، ئێستە تەنیا هەزار و 726 هاووڵاتی لە كەرەنتین ماونەتەوە، 789 لە هەولێر، 308 لە سلێمانی، 524 لە دهۆك، 35 لە هەڵەبجە، 12 لە گەرمیان، 38 لە راپەڕین، 20 لە كۆیە. سێ هەزار و 324 هاووڵاتی لە كەرەنتین دەرچوونە و گەڕانەوە ناو خێزانەكانیان دوای تەواوبوونی ماوەی دوو هەفتە، لەگەڵ كەرەنتینكردنی ژمارەیەكی تری 48 سەعاتی كەرەنتینكراو كە كۆی گشتی بریتی بوو 379 هاووڵاتی.

باس لەوەش كراوە، لە ماوەی 48 سەعاتی رابردوودا 929 پشكنین كراوە، 648 لە شاری هەولێر، 198 لە شاری سلێمانی، 83 لە شاری دهۆك.

لە بارەی دەرئەنجامەكان وەزارەتی تەندروستی ڕوونی كردووەتەوە، دەرەنجام 18 تووشبووی نوێ تۆمار كران، لە پارێزگای هەولێر 11 نەخۆش پۆزەتیڤ هەبوو، چوار ژن و پێنج پیاو و دوو منداڵ. لە  پارێزگای سلێمانی حەوت پۆزەتیڤ كە سێ‌ ژن و دوو پیاو و دوو منداڵن.

ئاشكرا كراوە، كۆی گشتی هەڵگرانی ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ COVID-19 لە هەرێمی كوردستان 103 تووش بوون،  لە ناویاندا دوو مردن هەیە و 27 نەخۆش بەتەواوی چاك بوونەتەوە، ئەوانی تر هەموویان لەژێر چاودێریی پزیشكیدان.




وشە - رامیار جەواد